لە ماوەی كەمتر لە كاتژمێرێكدا بەردەم پەروەردەی كەركوك دوو خۆپیشاندانی جیاوازی دوو نەتەوەی بەخۆوەبینی، بەشێك لە مامۆستایانی خوێندنی كوردی داوای بینینی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە هاوڵاتیانی توركمانیش داوای پشكی دامەزراندنی زیاتریان كرد.
ئەو دوو خۆپیشاندانە ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئەیلول بەڕێوەچون، بەبێ ئەوەی هیچ كەسێك لە پەروەردە و لایەنی پەیوەندیدار بە تەنگ داواكارییەكانیانەوە بێن.
هاوڵاتیانی توركمان، لە خۆپیشاندانەكەدا جەختیانكردەوە لەوەی پشكی توركمان لە دامەزراندنەكەی پەروەردەی كەركوك كەمە و رەچاوی رێژەی توركمان لە پارێزگاكە نەكراوە. لەگەڵئەوەشدا داوایانكرد خانەوادەی كەسوكاری "شەهیدان"ی توركمان پشكیان هەبێت.
لە خۆپیشاندانی دووەمدا، بۆ جاری پێنجەم دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی سەر بە خوێندنی كوردی، داوایانكرد مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق ببینن، ئەوەش بۆ ئەوەی روبەڕو داواكارییەكانیان وەربگرێت.
داواكارییەكانیان جەختكردنەوەیە لە گواستنەوەی راژەكانیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ حكومەتی فیدراڵی.
سەلام عەزیز، سەرپەرشتیاری دەستەکە بۆ (کەرکوک ناو)، وتی "داوای بینی سەرۆک وەزیرانی عیراق دەکەین بۆ ئەوەی بە راستەوخۆ بڵێین ئێمە کەرکوکین و خزمەت بەم شارە دەکەین، بەڵام موچەكەمان لای هەرێمە و نەیدات". زیاتر وتی "دەمانەوێت وەكو بەشی توركمانی و عەرەبی مامەڵە لەگەڵ خوێندنی كوردی بكرێت".
زیاتر لە هەشت هەزار مامۆستای خوێندنی كوردی لە كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك، راژەكانیان لەسەر حكومەتی هەرێمە و لەو ناوچانە وانەدەڵێنەوە كە لەژێر دەستی حكومەتی عیراقدایە.
"ئێمە ئەگەر لەوە زیاتر پەراوێزبخرێن و وەڵامی داوکارییەکانمان نەدەنەوە، ئەوا دەچینە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە بەغدا خۆپیشاندان دەکەین"، سەلام عەزیز وایوت.
هەر لە گردبونەوەکەدا دلڤان ئەکرەم بە ناوی مامۆستایان ناڕازییەوە بەیاننامەیەکی خوێندەوە و تیایدا جەختیكردەوە "داوا لە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عیراق دەکەین بەدەم داواکارییەکانمانەوە بێن، ئێمە داوای مافی ئاسایی خۆمان دەکەین کە موچەیە".