لەناو ئەو بێ ئومێدییەی بەرۆكی ئێزیدییەكانی گرتبوو بەهۆی پەلاماری دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)، عەبدوڵا شرێم، وەك فریادەڕەسێك دەركەوت، بۆ ئەو ژن و كچانەی لە زیندانی تاریكی داعشدا بەدوای روناكیدا دەگەڕان. عەبدوڵا كارەكەی بە باشی دەستپێكرد و تا ئێستا 399 ژن و كچ رزگارکردووە.
عهبدوڵا عهباس خهڵهف (عهبدوڵا شرێم، 55ساڵ)، ناوێكی دیاری ناو كەسوكاری رفێنراوانی ئێزیدییە، ئەو پێكهاتە ئایینەی لە ئابی 2014دا لەسەر دەستی داعش روبەڕوی كوشتن، رفاندن و ئاوارەیی بونەوە. خۆی یەكێكە لە قوربانیانی ئەو کارەساتە و هەر چوار براكەشی لەلایەن داعشەوە گولـلەبارانكران و شەش خوشكەكەشی رفێنراون.
داعش لە هێرشهكانیدا بۆ سەر شنگال، شەش هەزار و 417 ئێزیدی رفاند کە ژمارەیەکی زۆریان ژن و منداڵ بوون؛ لهو ژمارهیه تا ئێستا سێ ههزار و 530 كهسیان رزگاركراون - زیاتر له ههزار ئافرهت و نزیكهی دوو ههزار منداڵ له ههردوو رهگهزەکە-.
عەبدوڵا ژمارەیەکی گەورەی ناو ئاماری رزگارکراوانە؛ هەموو پەیوەندی و توانای خۆی بۆ رزگاركردنی رفێنراوان تەرخانكردووە، هەر لەوێشەوە دەرکەوت و ناسرا.
عەبدوڵا كێیە؟
عهبدوڵا عهباس، خهڵکی گوندی شرێمهیە لە شنگال، ئێزیدییە و بەهۆی هەژارییەوە نەیتوانیوە خوێندن تەواوبكات بۆیە تا شەشەمی سەرەتایی خوێندووە. "براکانم ههمویان سهربازی سوپای عیراق بوون؛ ناچاربوم واز له خوێندن بهێنم تا بژێوی خێزانەکەم پەیدابكەم"، عەبدوڵا زیاتر وتی "12 ساڵ بوم، دەستم بە كشتوكاڵ و بەخێوكردنی ئاژەڵ کرد".
لە ساڵی 1991دا، ژیانی هاوسەری پێكدەهێنێت و دوو كوڕ و دوو كچێكی هەیە. لە 2005 تا 2012 بازرگانی هەنگوینی کردووە لە سنوری شنگالەوە بۆ سوریا، بەوەش پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ بازرگانان و خەڵكی ناوچە سنورییەكان بۆ دروستدەبێت و دواتر ئەو پەیوەندییانە لەپرسی رزگاركردنی رفێنراوانی داعشدا بەكاردەهێنێت.
"هەر بەهۆی بازرگانییەوە دوو ساڵ لە سوریا ژیاوم، خەڵكێكی زۆرم ناسی، لەوانە بازرگانەكان؛ هەروەها شارەزاییەكی باشی ناوچەكە بوم"، عەبدوڵا وایوت.
كاتێک داعش، هێرشیكردە سەر شنگال – زێدی مێژویی ئێزیدییەكان-، دوو بۆچون لەناو بنەماڵەی عەبدوڵادا دروستدەبێت. چوار براكەی و خوشك و مامەكانی بڕیاردەدەن بچنە سوریا و لەوێوە بگەڕێنەوە پارێزگای دهۆك لە هەرێمی كوردستانی عیراق، بەڵام عەبدوڵا ئەو رێگایەی پێ باش نەبوو و دەیوت سەلامەت نییە و ژیانیان پارێزراو نابێت.
ئەو لەگەڵ هاوژین و منداڵەكانیی و دایكی دەچێتە چیای شنگال و دواتر گەیشتنە كەمپی ئاوارەكان لە دهۆك. بەڵام برا و خوشك و خزمەكانی لەڕێی سوریا كەوتنە دەستی داعش.
یەكەم هەنگاو
داعش لە سوریا هەر چوار براكەی عەبدوڵا گولـلەباران دەكات و خوشكەكانی دەڕفێنێت؛ ئەوە دەبێتە بێهیواییەکی گەورە و برینێکی قوڵ لە ناخی عەبدوڵادا دروستدەکات، هەمان ئەو دۆخە بۆ هەزاران خێزانی تری ئێزیدی دروستدەبێت. لەباتی بەلادا هاتن، ئەم ئێزیدییە چەلەنگە بڕیار دەدات هەموو توانا و پەیوەندییەكانی بەركاربهێنێت بۆ رزگارردنی ئەوانەی لەژیاندا ماون بەڵام دیلی داعشن.
یەكەم وێستگە هەوڵدان دەبێت بۆ رزگاركردنی برازایەكی 22 ساڵەی بەناوی مەڕوا.
"رۆژێك تەلەفونێكم بۆ هات؛ ئەوە مەڕوایە و بە عەرەبی قسەدەكات"، عەبدوڵا زیاتر وتی "مەڕوا زۆر بێزار بوو و ویستبوی خۆی بكوژێت؛ چەكدارێكی داعش كە بە زۆر لەخۆی مارەی كردبوو، وتبوی چیت دەوێت، ئەویش وتبوی مامم ماوە و دەمەوێت لەگەڵیدا قسە بكەم".
مەڕوا زۆر بێزار بوو و ویستبوی خۆی بكوژێت؛ چەكدارێكی داعش كە بە زۆر لەخۆی مارەی كردبوو، وتبوی چیت دەوێت، ئەویش وتبوی مامم ماوە و دەمەوێت لەگەڵیدا قسە بكەم
مەڕوا ژمارە تەلەفونی مامی لەبەربووە، رێككەوتنی لەگەڵ چەكدارەكەی داعش ئەوە بوو بە ئاگاداری ئەو و بە عەرەبی قسە بكەن، تا لێیان تێبگات.
لەنێو قسەكانیدا، عەبدوڵا تەنیا یەك وشەی كوردی بەكاردەهێنێت "باز بدە"، عەبدوڵا وتی "دوای چەند رۆژێك مەڕوا خۆی گەیاندە لای خێزانێكی سوری و لەوێوە تەلەفونی بۆ كردمەوە و دەستمکرد بە هەوڵدان بۆ رزگاركردنی".
عەبدوڵا هەموو پەیوەندییەكانی بەكاردەهێنێت، بازرگانەكان، دراوسێیەكانی پێشوی لە سوریا و ئەوانەشی كەلوپەلی لێدەكڕین.
"یەكێك لە بازرگانەكانی هاوڕێم دوای چەند رۆژێك وتی تەنیا ئەو كەسانە دەتوانن هاوكاریتان بكەن كە ئیشی بازرگانی جگەرە دەكەن بۆ ناو سنورەكانی داعش، كەسێكیان پێناساندم و وتم: ئهگهر ههر بارێکی جگەرە 500 دۆلار قازانج بكەیت، من چوار ئهوەندەت پێدەدەم"، عەبدوڵا زیاتر وتی "قایل بوو و ناونیشان و ژمارەی ئەو خێزانەم پێدا كە مەڕوایان حەشاردابوو".
یەكێك لە بازرگانەكانی هاوڕێم دوای چەند رۆژێك وتی تەنیا ئەو كەسانە دەتوانن هاوكاریتان بكەن كە ئیشی بازرگانی جگەرە دەكەن بۆ ناو سنورەكانی داعش
خێزانەکە لە بەرامبەر ئەو كارەدا داوای حەوت هەزار و 500 دۆلاریان دەکرد، چونكە وەك عەبدوڵا دەڵێت وتبویان دراوسێكەیان چەكداری داعشە و ئەگەر ئاشكراببن ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە.
عەبدوڵا وتی "ئەوەم قبوڵكرد، مەڕوام گەیاندە ناوچە ئارامەكان و لەوێوە بۆ دهۆك لە ناو عیراق؛ بەگشتی هەوڵەکە نۆ هەزار و 500 دۆلاری تێچوو".
دوای رزگاركردنی مەڕوا، عەبدوڵا بڕیاردەدات بەردەوامبێت لە رزگاركردنی خوشكەكانی و ئەوانەشی كە لە توانایدایە رزگاریان بكات.
بەپێی ئامارەكانی نوسینگهی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی سهر به حكومهتی ههرێمی كوردستان، لەو كاتەی عەبدوڵا هەنگاوەكانی دەستپێكرد، شەش هەزار و 417 ئێزیدی رفێنرابون.
ئێزیدییەكان لە عیراق بە زۆری لە قەزای شنگال باكوری خۆرئاوای موسڵ و دەشتی نەینەوا نیشتەجێن، بهپێی ئامارهكانی حكومهتی ههرێم، ژمارەیان لە عیراق 550 هەزار كەس بووە، 360 هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە له دوای هێرشهكانی داعشهوه بۆ شنگال ئاوارە بون و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش كۆچیان كردووە.
رزگاركردنی مەڕوا كە سەرەتاكانی دەستكردن بوو بە رزگاركردنی ژنان و كچانی ئێزیدی، بووە هۆی ئەوەی عەبدوڵا ناوبانگێك پەیدابكات و كەسوكاری رفێنراوان داوای هاوكاری لێبکەن و ماڵەكەی بەردەوام قەرەباڵغ بێت.
عەبدوڵای بازرگان باری دارایی باش و دەوڵەمەند بووە، بەتایبەت بەر لە هاتنی داعش كەلوپەلی كشتوكاڵی لە سوریاوە بۆ نەینەوا گواستۆتەوە و هەنگوینی هەناردەی سوریا دەكرد.
"من چاوم لە پارە نەبوو، تەنیا ئامانجم رزگاركردنی ئەو ئافرەت و كچانە بوو، پێمدەوتن بەوەندە رزگاری دەكەن و بەو شێوەیەیە ئێتر خۆیان پارەكەیان پەیدادەكرد".
پلانێکی سێ پلەیی
عەبدوڵا لە سێ لاوە كاریدەكرد بۆ رزگاركردنی رفێنراوان، کە سەرەتا بە كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ئە ناوچانەی داعش كۆنترۆڵیكردبوون دەستیپێدەکرد.
"سەرەتا پەیوەندیم لەگەڵ ئەو کەسانە دروستدەکرد كە قاچاغچێتی جگەرەیان دەكرد بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش، دواتر، بەخۆڕایی جلوبەرگی منداڵانم بە هەندێك بازرگاندا دەنارد و ئەوانیش دەیننابردن بۆ ماڵەكانی داعش تا زانیاری كۆبكەنەوە".
سێیەم رێگای عەبدوڵا، وەك خۆی دەڵێت، بۆ ماوهی شهش مانگ لەسهر حسابی خۆی کرێی دوکانێکی سهمونی دەدا، تا وەكو نوسینگەیەك لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش زانیاری لەسەر ژنان و كچانی داعش كۆبكاتەوە.
لێرەوە ماڵی عەبدوڵا لە دهۆك وەك نوسینگەیەكی رزگاركردنی ژنان و كچانی ئێزیدی لێهاتبوو و بەردەوام قەرەباڵغ بوو، هەرچەندە كارەكەی عەبدوڵا بێ مەترسی نەبوو.
"داعش دهیانجار بەنامە و تەلەفون ههڕهشهی کۆشتنیان لێدەكردم، ناو و وێنەی منیان لە هەموو شوێنێكی ناوچەكانی خۆیان لە سوریا بڵاوكردبۆوە و زانیارییان هەبوو".
ئەو وتی "به منیان دهوت دهبێت دەستبەرداری رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزیدی بیت، ئهگەرنا دهستگیرت دهکهین و دهتکوژین... ئهو قسانه بەلامەوە هیچ گرنگ نهبون، خهمی سهرهکی من تهنیا رزگارکردنی رفێنراوان بوو".
به منیان دهوت دهبێت دەستبەرداری رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزیدی بیت، ئهگەرنا دهستگیرت دهکهین و دهتکوژین
جگە لە گولـلەبارانكردنی چوار برای و رفاندنی شەش خوشكی و مامەڵەكردن لەگەڵیاندا وەك سەبایە، زیاتر لە 50 كەسی تر لە خزم و كەسوكاری كەوتبونە دەست داعش.
"بە هەوڵی خۆم، توانیم هەر شەش خوشكەكەم رزگاربكەم، ئێستا پێكەوە دەژین... هیچ جیاوازیم نەكرد لەنێوان خوشكەكانی خۆم و رفێنراوانی تردا".
ئەو وتی "ئهو کارهی من دەیکهم بۆ پاره نییه و یهک دیناریش قازانجم نهکردوه، بۆ من رزگارکردنی رفێنراوێکی ئێزیدی ههموو سهروهت و ماڵی دونیا دەهێنێت، 10 لەو رفێنراوانەم لەسەر خەرجی خۆم رزگاركردووە".
بەگشتی عەبدوڵا تائێستا 399 رفێنراوی رزگاركردووە، پەیوەندی لەگەڵ زۆرینەیان هەر ماوە و ئەوانیش وەك باوك سەیری دەكەن.
"تەنانەت ماوەیەك پێش ئێستا یەكێك لە كچە رزگاركراوەكان لە ئەڵمانیاوە بۆچونی وەرگرتم لەسەر ئەوەی پێم باشە هاوسەرگیری بكات"، عەبدوڵا وتی خۆشحاڵی ئەو کچە هەموو سامانی جیهان دەهێنێت.