دوای نزیكەی مانگێك لە رفاندنیان، چەكدارانی نەناسراو سێ گەنجەكەی قەرەتەپەیان لە بەرامبەر 150 هەزار دۆلار ئازادكرد.
دووان لەو گەنجانە لە بەرەبەیانی چوارشەممە كاتژمێر 5:30 بەپێی رێككەوتنی چەكدارەكان و خانەوادەكانیان ئازادكران، چەند رۆژێك لەمەوبەریش یەكێكی تریان. ئەوەش بەپێی وتەی كەسوكار و دەزگا ئەمنییەكانی قەرەتەپە بۆ (كەركوك ناو).
عەدنان عیسا بەیاتى، باوكی یەكێك لە رفێنراوەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "مانگێک پێش ئێستا ژمارەیەك چەكدار، کوڕەکەى من و دوو کوڕى ترى گوندەكەیان لە خانویەكی تەواونەكراودا لەنزیك گوندكەمان (سەفسەفە) رفاندن... روداوەكە زۆر دڵتەنگ و پەریشانی كردین".
دوای چەند رۆژێك چەكدارەكان لەڕێی مۆبایلەوە تەلەفونیان بۆ خانەوادەی گەنجەكان كردووە و لە بەرامبەر ئازادكردنیاندا داوای پارەیان كردووە. وەك كەسوكار دەڵێن.
عەدنان وتی "شەو و رۆژ خەومان نەبوو، نەماندەزانى چییان بەسەردەهێنن، بەڵام سێ رۆژ پێش ئێستا یەكێكیان ئازادكرا و وتیان دوانەكەی تریش ئازاد دەكەین".
شەو و رۆژ خەومان نەبوو، نەماندەزانى چییان بەسەردەهێنن
كاتژمێر 5:30 خولەكی بەیانی چوارشەممە 23ی ئەیلول، بەپێی رێككەوتنی چەكدارەكان و خانەوادەی رفێنراوەكان، دوو رفێنراوەكەی تریش ئازادكران.
"وادەزانم کوڕەکەم تازە لەدایکبووە، زۆر زۆر دڵخۆشین، خێزان و سێ منداڵەكەی زۆر پەرۆشبون بە بینینەوەی"، عەدنان وایوت.
ئەو سێ كەسە، لە كۆتایی ئابی رابردوو لە گوندی سەفسەفە سەر بە ناحیەی قەرەتەپە لە پارێزگای دیالە رفێنران كە یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك بەپێی دەستوری عیراق.
عەدنان چەكدارەكان بە "داعش" ناودەبات و جەختیكردەوە كە كوڕەكەی بە پارە ئازادكراوە، بەڵام پێی باش نەبوو بڕی ئەو پارەیە ئاشكرابكات.
گوندەكە دانیشتوانەكەی كوردن جگە لە ماڵی عەدنان نەبێت كە لە نەتەوەی عەرەبن.
سەرچاوەیەكی هەواڵگری لە ناحیەی قەرەتەپە كە ئامادەنەبوو ئاماژە بە ناوەكەی بكرێت لەبەرئەوەی مافی لێدوانی نییە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن. بۆ (كەركوك ناو) وتی "هەرسێكیان لە بەرامبەر پارەدا ئازادكراون و بۆ هەر یەكێكیان 50 هەزار دۆلار وەرگیراوە".
سەرچاوەكەش پێیوایە "ئەوە كاری چەكدارانی داعشە".
دۆخی ئەمنی گوندەكانی سنوری پارێزگاكانی سەڵاحەیدن و دیالە، ئارام نییەو ناوبەناو هێرشی چەكداریی دەكرێتە سەر گوندنشینان و هێزە ئەمنییەكان. بەهۆیەوە ژمارەیەك گوند بە بەتەواوی چۆڵكراون.
لە ماوەی ئەمساڵدا ژمارەیەك لە گوندنشینان دوای رفاندنیان كوژراون یان لە بەرامبەر بڕێك پارەدا ئازادكراون.