فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك رەتیدەكاتەوە پەیوەست بێت بە بڕیارێكی وەزارەتی دادی عیراق بۆ راگرتنی كاركردن بە گرێبەستە كشتوكاڵییەكانی پارێزگاكە و بە پاساوی ئەوەی ئەوان "فەرمان لە وەزارەتی كشتوكاڵ وەردەگرن".
وەزارەتی دادی عیراق، لە 23ی ئەیلول بڕیارێكی ئاراستەی حەوت پارێزگای عیراق كرد لەنێویاندا كەركوك، تیایدا جەختدەكاتەوە لە راگرتنی كاركردن بە گرێبەستە كستوكاڵییەكانی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حزبی بەعس.
زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکوک، لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "ئێمە هیچ مولزەم نین، بەو بڕیارەی وەزارەتی دادەوە، بڕیارەكە بۆ ئێمە نەهاتووە و هیچ لە دۆخەکەش ناگۆڕێت، چونکە چارەسەری كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكان ناكات".
زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك و چەند پارێزگایەكی تر، لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حزبی بەعس، بەشێوەی گرێبەست بەسەر عەرەبی خواروو و ناوەڕاستی عیراقدا دابەشكران، تا روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 مامەڵەیان پێوەدەكرا و دواتر بەجێیانهێشت.
دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، كاتێك دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند بۆ كەركوك گەڕایەوە و هێزە ەئمنییەكانی هەرێم لەناوچەكە كشانەوە، ناوبەناو ناكۆكی و كێشمەكێش لەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكان دروستدەبێتەوە.
ئێمە كار بە گرێبەستە كشتوكاڵییەكان دەكەین
زوهێر عەلی، جەختیكردەوە كە ئەوان تەنیا پابەندن بە بڕیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، نەك وەزارەتی داد، "ئێمە دەمانەوێت چارەسەری بنەڕەتیی و کۆتایی بۆ ئەو پرسە بدۆزینەوە، نەك خاوکردنەوەی هەنگاوەکان"، زیاتر وتی "ئێمە كار بە گرێبەستە كشتوكاڵییەكان دەكەین".
بەپێی ئامارێكی فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك، 300 هەزار دۆنم زەوی كە موڵكی كورد و توركمانن لە سەردەمی رژێمی بەعسدا بەشێوەی گرێبەست دراون بە جوتیارانی عەرەب.
لە دوو مانگی رابردودا چەند جارێك جوتیارانی عەرەب بۆ سەر زەوییەكان گەڕاونەتەوە و هەڕەشەی دەركردنیان لە خاوەنە رەسەنەكانیان كردووە.
حكومەتی عیراق بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو زەوییانە، لە ماوەكانی رابردودا، لیژنەیەكی بە سەرۆکایەتی تورهان موفتی، وەزیری هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان پێكهێنا بە ئەندامێتی ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی هەرسێ نەتەوە سەرەكییەكەی كەركوك، پارێزگار و بەڕێوەبەری كشتوكاڵ.
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركوك وتی "کۆمەڵێک راسپاردە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و پەرلەمان بەرزكرایەوە، ئێمە چاوەڕێی كارەكانی ئەو لیژنەیە دەكەین... هەر بڕیارێك دوای كارەكانی ئەو لیژنەیە دەربچێت پێوەی پابەند دەبین".
عەبدوناسر عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی جوتیارانی تورکمان، پێشوازی لە بڕیارەكەی وەزارەتی دادی عیراق دەكات و بە (کەرکوک ناو)ی وت "بەڵام ئایا تا چەند كاری پێدەكرێت، ئێمە و كورد هەمان كێشەمان هەیە... ئەگەر بێت و كار بەو بڕیارە نەكرێت، ئەوا هەڵوێستمان دەبێت".
سەرۆکی کۆمەڵەی جوتیارانی تورکمان دەڵێت "لەسەدا 90ی زەوییە كشتوكاڵییەكانمان لە ناوچەكانی ناحیەی یایچی، پردێ، تەڕگەلان و بەشیر لەلایەن جوتیارانی عەرەبەوە دەستی بەسەردا گیراوە".
لەسەدا 90ی زەوییە كشتوكاڵییەكانمان دەستی بەسەردا گیراوە
مەردان عەبدولڕحمان، سەرۆکی لقی کەرکوکی یەکێتی جوتیارانی کوردستان، داوای گرەنتی پاراستنیان دەكات لەڕوی ئەمنییەوە، تا بتوانن زەوییە كشتوكاڵییەكانیان بچێنن.
"بەداخەوە بەشێک لەهێزە ئەمنییەکان هاوکاری عەرەبەکانن بۆ داگیرکردنی زەوییەکانمان... ئێمە دوژمنی عەرەب نین هەمومان براین، بەڵام ناشکرێت لەسەر داگیرکردنی ماڵ وحاڵی خۆمان بێدەنگ بین".
چارەسەرنەكردنی ئەو كێشەیە لە دوای روخانی رژێمی بەعسەوە، ترسی پێكدادانی نێوان جوتیارانی لێدەكرێت، بەتایبەت وەك مەردان دەڵێت "ئەو عەرەبانە تفەنگیان هەیە و بەهێزەو توانیویانە هەندێك زەوییمان لە داقوق و پەڵکانە داگیربكەن و شوێنی نیشتەجێبونیان بۆ كراوەتەوە".