رەفعەت عەبدوڵا، وەكو بڕیاردەری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دیاركرا. ئەو پۆستە بەپێی پلەبەندی حزب لە دوای هاوسەرۆكانی یەكێتییەوە بەرزترین دەسەڵاتی هەیە.
رەفعەت عەبدوڵا، كە چەند رۆژێكە ئەو پۆستەی وەرگرتووە، خەڵكی كەركوكە و لە كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەیدا لەسەر بازنەی كەركوك خۆی كاندید كردبوو.
سەرچاوەیەك لە مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "مەكتەبی سیاسی بڕیاریداوە رەفعەت عەبدوڵا، بكاتە بڕیاردەر، پێشتر یەكێتی پۆستی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی هەبوو، ئێستا ناوەكەی بۆ بڕیاردەر گۆڕدراوە".
لەبارەی دەسەڵاتەكانییەوە، سەرچاوەكە زانیاریی زیاتری نەدركاند، تەنیا جەختیكردەوە لەوەی بەپێی پلەبەندی حزب، لە دەسەڵاتدا هەمان دەسەڵاتی پێشوی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی هەیە و وەكو كەسی سێیەمی حزب وایە.
كەركوك لە كۆنگرەی یەكێتیدا كە زۆرترین چاوی لەسەر بوو بەهۆی بونی 124 ئەندامی كۆنگرە، چاوەڕواندەكرا، پۆستی زیاتریان پێبدرێت وەك ئەوەی ئێستا هەیە، لەوانە جێگری سەرۆكی حزب.
لە ریزبەندی ناوی كاندیدەكان لە كۆنفرانسی كەركوك، رەفعەت عەبدوڵا ژمارە یەك بوو، دوای ئەویش ئاسۆ مامەند، دواتر رزگار عەلی، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بون.
بەڵام لە كۆنگرەی حزبدا دەنگی یەكەم بۆ لاهور شێخ جەنگی بوو.