خوێندنی كوردی لە قەزای دوخورماتوو دوو هەزار خوێندكاری لەدەستداوە و 100 مامۆستاش شارەكەیان بەجێهێشتووە و نەگەڕاونەتەوە.
كەمبونەوەی رێژەی خوێندكار لە خوێندنی كوردی لە كۆتایی ساڵی 2017ەوە دەستیپێكردووە، لەوكاتەی هێزە عیراقییەكان بۆ ناوچەكانی جێناكۆك لەنێویاندا قەزای دوزخورماتوو گەڕانەوە و هێزەكانی پێشمەرگە پاشەكشێیان كرد.
بەر لەو مێژووە، هەشت هەزار خوێندكار لە خوێندنی كوردی بون، ئێستا بۆ شەش هەزار كەمبۆتەوە، هەروەها لە 650 مامۆستای خوێندنی كوردی، ئێستا 550 مامۆستا ماونەتەوە.
تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەرى خوێندنی کوردى لە پەروەردەی دوزخورماتوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "هۆكارەكەی ئەوەیە لە دوای گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكانەوە، بەشێك لە خێزانەكان ئاوارەبون و بەرەو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كۆچییان كرد، تائێستا بەشێكی زۆری ئەو خێزانانە نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان".
"هۆكارێكی تر ئەوەیە بەشێكی تر لە خێزانەكان بەهۆى قەیرانی داراییەوە مناڵەکانیان ناگەڕێننەوە بۆ خوێندن... بەشێكی تریان منداڵەكانیان دەبەنە خوێندنی عەرەبی، ئەم هۆکارانەش وایکردووە ژمارەى خوێندکار لە خوێندنى کوردى زۆر کەمبێتەوە"، تاریق وایوت.
ئەو كێشانە لەبەرامبەر كەمی بینا و نۆژەننەكردنەوەی خوێندنگەكان بەرۆكی خوێندنی كوردی لەو قەزایەی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین گرتووە و لێپرسراوانی پەروەردە داوای هاوكاریی دەكەن.
تاریق وتی "پێویستە وەزارەتى پەروەردەى حكومەتی هەرێم و حکومەتى ناوەندى خەمێکى خوێندنى بەشى کوردى بخۆن و مامۆستاى گرێبەستمان بۆ دابینبکەن، چونکە بۆشاییمان هەیە و ساڵ بە ساڵ ژمارەی مامۆستامان كەمتر دەبێتەوە".
پێویستە وەزارەتى پەروەردەى هەرێم و حکومەتى ناوەندى خەمێکى خوێندنى بەشى کوردى بخۆن
لە قەزای دوزخورماتوو هەرسێ نەتەوە سەرەكییەكە، بە زمانی خۆیان دەخوێنن و پەروەردەی گشتی قەزاكە سەر بە حكومەتی فیدراڵە،
بەڵام كێشەیەك كە روبەڕوی خوێندنی كوردی بۆتەوە، ئەوەیە، بەپێی پڕۆگرامی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەخوێنن، بەڵام بڕیار لە حكومەتی فیدراڵ وەردەگرن.
تاریق ئەحمەد زیاتر وتی "نەبونى بیناو کەمى شوێن گەورەترین گرفتى بەردەم خوێندنی كوردییە، قوتابخانەمان هەیە سێ دەوامی تیادا دەكرێت".
بەتوڵ عەبدولسەلام، مامۆستا لە ناوەندی مەولەوی كچان لە دوزرخوماتوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە تەنیا 14 پۆلمان هەیە، بەڵام 650 خوێندكار لێرە دەخوێنن، كە 350 خوێندكاریان لە بەشی كوردین"، بەو پێیە بێت بۆ هەر پۆلێك 46 خوێندكاری تیایە.