بەپێی "رێككەوتن"ی هەولێر و بەغدا؛ ئیدارەیەكی نوێ بۆ شنگال بەڕێوەیە

نه‌ینه‌وا، 2020، بازگه‌یه‌كی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ ناوه‌ندی ناحیه‌ی سنونێ له‌ قه‌زای شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز - نه‌ینه‌وا

عەلی عومەر، جێگری پارێزگاری نەینەوا، ئاشكرای دەكات كە هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان لەسەر ئیدارەیەكی نوێ بۆ شنگال رێككەوتون و جەختدەكاتەوە "لەم رۆژانەدا ئیدارە نوێیەكە دەستبەكار دەبێت".

لەو پێشهاتە نوێیەدا، لێپرسراوانی ئێستای شنگال كە ئەنجومەنێكی هەڵبژێردراویان بەدەنگی چین و توێژە جیاوازەكان هەیە، جەخدەكەنەوە لەوەی هیچ رێككەوتنێك قبوڵ ناكەن، ئەگەر رەزامەندی ئەوان وەرنەگیرێت.

عه‌لی عومه‌ر، جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا بۆ کاروباری ئاواره‌ و رێکخراوه‌کان، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "ماوه‌یه‌که‌ نه‌جم جبوری، پارێزگاری نه‌ینه‌وا، هه‌وڵی زۆر ده‌دات بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ی دۆخی و شنگال و ده‌ستبه‌کاربونی ئیداره‌یه‌کی تازه‌، چونكە ئیدارەكەی ئێستا شەرعییەتی نییە".

وتیشی "پێش چه‌ند رۆژێک پارێزگاری نه‌ینه‌وا له‌گەڵ هەریەكە لە سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و وه‌زیری ناوخۆ، هەروەها لێپرسراوانی به‌غدا کۆبۆتەوە‌ و رێككەوتون لەسەر دانانی ئیدارەیەكی نوێ بۆ قەزای شنگال و بەمنزیكانە ئیدارە نوێیەكە دەستبەكاردەبێت".

عەلی عومەر هیچ زانیارییەكی نەدا، لەسەر ئیدارە نوێیەكە، تەنیا وتی "قایمقامێكی نوێ بە رێككەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ شنگال دادەنرێت، ئەو كەسە خەڵكی قەزاش شنگالە و ده‌بێت قبوڵکراوبێت له‌لایه‌ن خه‌ڵکی ئەو قەزایەوە بۆ ئەوەی كێشە دروستنەبێت".

لە 27ی كانونی یەكەمی 2018، ئیداره‌یه‌كی نوێی بۆ شه‌نگال راگه‌یه‌نرا، كه‌ له‌ قایمقام، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و دوو جێگر و 21 ئه‌ندامی ئەنجومەن پێكهاتووە، ئه‌و ئیدارە نوێیە له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا هات كە  چین و توێژه‌كانی خه‌ڵكی قەزاكە تیایدا بەشداربون. لە سەرۆك عەشیرەت، نوێنەری خۆپیشاندەران و ژمارەیەك حزبی سیاسی لە نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان.

shngal-12

نه‌ینه‌وا/27ی كانونی یه‌كه‌می 2018/ هه‌ڵبژاردنی ئیداره‌یه‌كی نوێی كاتی له‌ شنگال له‌لایه‌ن چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان، له‌گه‌ڵ هۆز و عه‌شیره‌ت و حزبه‌ سیاسییه‌كان فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی 

ئەو ئیدارە نوێیە كە هیچ پاڵپشتییەكی حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستانی نەبوو، لە هەمان رۆژی راگەیاندنیدا، ئه‌نجامی كۆبونەوەكەیان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاراسته‌ی حكومه‌تی عیراق كرد و تیادا هاتبوو "بڕیارماندا به‌ هه‌ڵبژاردنی ئیداره‌ و ئه‌نجومه‌نێكی نوێی كاتی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی شنگال".

ئەم ئیدارە نوێییە بە سەرۆكایەتی فەهد حامد، قایمقامی ئێستای شنگال، دوای دوو ساڵ هێشتا لەلایەن حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دانیپێدانەنراوە و هەر زوو پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا زۆرترین دەنگی قەزاكەی بردەوە دژایەتیانكرد.

لەئیستادا مۆری قایمقامی شنگال لە دهۆكە و لای مەحما خەلیلە، كە پارتی دیموكرات وەكو قایمقامی شەرعی قەزاكە دەیناسێنێ، بەڵام مەحما خەلیل له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ له هه‌رێمی كوردستان و لە پارێزگای دهۆكە و نه‌گه‌ڕاوه‌وه‌ بۆ شنگال و لەلایەن ئیدارەی ئێستاش شنگالەوە وەكو قایمقام رەتدەكرێتەوە.

عەلی عومەر، جێگری پارێزگاری نەینەوا، لەبارەی ئەو ئیدارەیەی ئێستا لە شنگالە، وتی "ئەوان شەرعیەتیان نییە و فەهد حامد قبوڵكراو نییە، هەرچی مەحما خەلیلە خەڵكی شنگال قبوڵیان نییە و ئێمەش نازانین لەو دوو قایمقامە مامەڵە لەگەل كامیان بكەین".

فەهد حامد شەرعیەتی نییە و مەحما خەلیلیش لەلایەن خەڵكی شنگالەوە قبوڵكراو نییە

"هەوڵی ئێمە بۆ ئەوەیە، که‌سێک دیاریبکرێت که‌ حکومه‌تی عیراق و حكومەتی هه‌رێمی كوردستانیش لەسه‌ری رێکبکه‌ون، تاوه‌کۆ ئێمه‌ش به‌ ڕه‌سمی مامه‌ڵه‌ی له‌گەڵدا بكەین و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانمان دەستپێبكەینەوە"، عەلی عومەر وایوت.

shngal-11-1
نه‌ینه‌وا، 2019، شه‌قامێكی سه‌ره‌كی له‌ ناوه‌ندی قه‌زای شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی 

بەڵام خودێدا چۆکی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ سەر بە قەزای شنگال، به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "ئێمە تەنیا لە راگەیاندنەكانەوە رێككەوتنی هەولێر و بەغدامان گوێ لێ بووە و ئاگاداری هیچ نین، رێزمان هه‌یه‌ بۆ پارێزگاری نه‌ینه‌وا و حکومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا بۆ ئه‌و لێکتێگه‌یشتنه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وان دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ هه‌ر رێککه‌وتنێک به‌بێ خه‌ڵکی شنگال بکرێت سه‌رکه‌وتوو نابێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک جێبه‌جێ ناکرێت و خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ش رە‌تیده‌که‌نه‌وه‌".

"لە 3ی ئابی 2014ەوە حکومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا ئێمه‌یان به‌جێهێشت كاتێك داعش هێرشی كرد،‌ ئێستا به‌بێ شنگالییه‌کان‌ رێککه‌وتن ده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ی‌ له‌ شنگال بۆ به‌رگری له‌ خاک مانەوە، تا ئێستا خزمه‌تی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ ده‌که‌ن و خاوه‌نی شنگالن، بۆیە دە‌بێت بۆ هه‌ر رێککه‌وتنێک پرس به ‌خه‌ڵکه‌که‌ بکرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌کرێت، به‌دڵنیاییەوە‌ له‌ جیاتی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان، شنگال توشی کێشه‌کی گه‌وره‌تر ده‌بێت که‌ ره‌نگه‌ ئه‌وکات به‌ هیچ که‌سێک چاره‌سه‌رنه‌کرێت"، خودێدا وای وت.

ئەگەر پرس بە خەڵكی شنگال نەكرێت، به‌دڵنیاییەوە‌ له‌ جیاتی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان، شنگال توشی کێشه‌کی گه‌وره‌تر ده‌بێت

خال عه‌لی، لێپرسراوی حه‌شدی شه‌عبی له‌ شنگال به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "پرس بە ئێمە كراوە و ئاگادارین، به‌دڵنیایه‌وه‌ به‌منزیکانه‌ که‌سێکی تازه‌ بۆ ئیداره‌ی شنگال داده‌نرێت... رای ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌سێکی تازه‌ دابنرێت که‌ سه‌ر به‌هیچ لایه‌نێک نه‌بێت و سه‌ربه‌خۆ بێت، تاوه‌کو هیچ هێز و حزبێک گله‌یی نه‌کات".

تائێستا چەندین جار حكومەتی هەرێم و بەغدا هەولیانداوە ئیدارەیەكی نوێ بۆ شنگال دابنێن، بەڵام لەلایەن خەڵكی قەزاكەوە رەتكراونەتەوە.

لە مانگی ئازاری 2019دا، فاڵح فه‌یاز، راوێژكاری پێشوی ئاسایشی نیشتیمانیی عیراق سەردانی شنگالی كرد و بۆ پۆستی قایمقام سێ كاندیدی دیاریكرد، بەڵام هەرسێكیان ره‌تكرانه‌وه‌ و فه‌هد حامد جارێكی تر له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی كاتی قه‌زای شنگال، حزب و سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانه‌وه‌ متمانه‌ی پێدرایه‌وه‌.

قه‌زای شنگال - به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای موسڵ -، له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زاكه‌ كه‌وتۆته‌ ده‌ست هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی دوای پاشه‌كشێی پێشمه‌رگه‌ به‌هۆی ئالۆزیه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا دوای ریفراندۆم.

لە ئێستادا یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌) كە بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) دادەنرێن، رۆڵی سەرەكییان هەیە لە پاراستنی ئەمنیەتی قەزاكە، ئەو هێزانە به‌شداربون له‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شنگال له‌ ده‌ستی داعش و له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ئه‌و سنوره‌دا باره‌گایان هه‌یه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT