پۆلیسی كەركوك دۆسیەیەكی دەستدرێژی سێكسی بۆ مێردمنداڵێكی 15 ساڵان كردۆتەوە، دوای ئەوەی "دەستدرێژی كردۆتە سەر كچێكی نۆ ساڵان"ی دراوسێیان.
ئەو كەیسە، پێنجشەممە 8ی تشرینی یەكەم لە بنكەی پۆلیسی دۆمیز كراوەتەوە و مێرمنداڵەكە لە ئێستادا دەستگیركراوە، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی ئاگادار لە لێكۆڵینەوەكان.
سەرچاوەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "دایكی كچەكە چۆتە ماڵی دراوسێیەكیان و لەوێ دادەنیشێت، بەڵام گوێبیستی هاوار و قیژەی كچەكەی دەبێت، كە دەگەڕێتەوە دەبینێت كچەكەی لەسەر دۆشەكێك كەوتووە و خوێنی پێوە بووە"، ئەوەش بەپێی لێكۆڵینەوەكان.
ئەو دایكە لەوكاتەدا هێزە ئەمنییەكان ئاگاداردەكاتەوە و لە لێكۆڵینەوەدا "دەردەكەوێت مێردمنداڵێكی 15 ساڵی دراوسێیان دەستدرێژی كردۆتە سەری، بۆیە دەستگیر دەكرێت". سەرچاوەكە وایوت.
زیاتر وتی "لەكاتی دەستگیركردنیدا مێردمنداڵەكە دانیبەوەداناوە كاتێك زانیویەتی دایكی كچەكە لەماڵ نییە، چۆتە ژورەوە بۆ ماڵی كچەكە و دەستدرێژی سێكسی كردۆتە سەری".
كاتێك زانیویەتی دایكی كچەكە لەماڵ نییە، چۆتە ژورەوە بۆ ماڵی كچەكە و دەستدرێژی سێكسی كردۆتە سەری
بەپێی راپۆرتی پزیشكی كە دراوە بە پۆلیس، ئەو كچەكە "كچێنی لەدەستداوە".
ماڵی كچەكە سكاڵایان لە دژی ئەو مێردمنداڵە تۆماركردووە و كەیسەكەیان رەوانەی دادگا كراوە.
لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولیش، پۆلیسی كەركوك دەستگیركردنی پیاوێكی تەمەن 45 ساڵی راگەیاند، ئەوەش بە تۆمەتی دەستدرێژی بۆ سەر كچەكەی كە تەمەنی 18 ساڵە.
ئەو روداوە بەپێی وتەی سەرچاوەیەكی پۆلیس، دوای ئەوە ئاشكرا بووە، كە 13ی ئەیلول كچێكی تەمەن 18 ساڵ خۆی گەیاندۆتە لای مەفرەزەیەكی پۆلیس لە نزیك كۆمپانیای تاریق لە ناوچەی دۆمیز سكاڵای لە دژی باوكی تۆماركردووە، گوایا "دەستدرێژی سێكسی" كردۆتەسەری.
سەرچاوەكە كە ناوی لای (كەركوك ناو)، پارێزراوە، جەختیكردەوە "دەستبەجێ بنکەى پۆلیسى دۆمیز لێكۆڵینەوەیان لە روداوەكە كردووە، بەپێی وتەی كچەكە، باوكی هەر لە تەمەنی 10 ساڵیدا دەستدرێژی كردۆتە سەریی و بەو هۆیەوە كچێنی لەدەستداوە".
لە سەرەتای هەمان مانگیش دۆسیەیەكی تری "دەستدرێژی سێكسی باوكێك بۆ سەر كچە 13 ساڵانەكەی" رەوانەی دادگای كەركوك كرا و هێشتا كەیسەكە بڕیاری كۆتایی وەرنەگرتووە.