"سبەی لە شنگال خۆپیشاندان دەكرێت"
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی شنگال: رێككەوتنی هەرێم و بەغدا بڕیارێكی سیاسییە

نه‌ینه‌وا، 2017، هێزێكی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌) له‌ قه‌زاكه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی یه‌به‌شه‌

ئیبراهیم ئێزیدی – شنگال

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی شنگال، رێككەوتنی نێوان هەرێم و ناوەند بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی قەزاكە رەتدەكاتەوە و بە "بڕیاڕێكی سیاسی" دەزانێت، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە سبەی یەكشەممە لە ناوەندی شنگال خۆپیشاندان بەڕێوەبچێت.

حەسۆ ئیبراهیم، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی شنگال، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "بەهیچ شێوەیەك و هیچ رێككەوتنێك قبوڵناكەین ئەگەر رای خەڵكی شنگال وەرنەگیرێت، ئەمەی كراوە بڕیارێكی سیاسییە و زۆربەی خەڵکی شنگال ئاگادارنین".

ئەمەی كراوە بڕیارێكی سیاسییە و زۆربەی خەڵکی شنگال ئاگادارنین

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی شنگال – ئەنجومەنێكە بۆ ئیدارەدانی قەزای شنگال پێكهێنراوە و بیروبۆچونیان نزیكە لە پەكەكە-وە، هاوكات ژمارەیەك حزب و لایەنی سیاسی ئێزیدی و عەرەبی تیایدا بەشدارن و لە ئێستادا ئیدارەی قەزاكە دەدەن.

هەینی 9ی تشرینی یەكەم، هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان رێككەوتن بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال لەڕوی ئەمنی، ئیداریی و گەڕانەوەی ئاوارەكان.

بەپێی رێككەوتنەكە ئیدارەیەكی نوێ بۆ قەزاكە دادەنرێت، دۆسیەی ئەمنی ناو شار دەدرێتە دەست پۆلیسی ناوخۆیی و هێزە چەكدارەكانیش بەدوری 5كم لە دەرەوەی ناوەندی شنگال جێگیردەبن. هەروەها پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ قەزاكە دەگەڕێتەوە و كار بۆ گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەكانیش دەكرێت.

حەسۆ ئیبراهیم، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی شنگال جەختیكردەوە "تا ئێستا شنگال بەبێ بونی دام و دەزگای حکومی، ئیدارەی خۆمان كردووە و خۆمان بەڕێوەی دەبەین، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی شنگال كۆبونەوەمان كردووە و هەمووان دژی ئەو رێككەوتنەین... تا رای خەڵکی شنگال وەرنەگیرێت هیچ ئیدارەیەكی نوێ ناتوانێت دەستبەكاربێت".

تا رای خەڵکی شنگال وەرنەگیرێت هیچ ئیدارەیەكی نوێ ناتوانێت دەستبەكاربێت

بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە لە ناوەندی شنگال سبەی یەكشەممە 11ی تشرینی یەكەم خۆپیشاندان بەڕێوەبچێت لە دژی رێككەوتنی هەرێم و ناوەند.

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، بۆچونی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)، ئەوەیە خۆیان لە خەڵكی قەزاكە جیاناكەنەوە و بڕیاری خەڵكی شنگال بڕیاری ئەوانیشە.

سەرچاوەیەكی نزیك لە یەبەشە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەگەر خەڵکی شنگال لە دژی رێکەوتنەکە بێت، ئەوانیش رێکەوتنەکە قبوڵناکەن".

 بڕیارە هەر ئەمڕۆ شەممە، ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی شنگال لە راگەیەنراوێكدا هەڵوێستی خۆیان لەسەر رێككەوتنەكە رابگەیەنین.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT