ژماره‌یه‌ك له هاوڵاتیانی دانیشتوی شنگال، خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زاییان دژی رێككه‌وتنی به‌غدا و هه‌ولێر بۆ ئیداره‌دانی قه‌زاكه ئه‌نجامدا، داوایانكرد له هه‌ر بڕیار و رێككه‌وتنێكدا راوبۆچونی ئه‌وانیش وه‌ربگیرێت.
له‌و خۆپیشاندانه‌دا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 11ی تشرینی یه‌كه‌م چه‌ندین دروشم دژی رێككه‌وتنه‌كه بهرزكرابۆوه و هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵوێستی توندتریان ده‌گرت ئه‌گه‌ر هه‌ڵنه‌وه‌شێنرێته‌وه.
رێككه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا واژۆكراوه بۆ پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی نوێ و رێكخستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زای شنگال.
موراد خه‌ڵه‌ف، چالاكوانی ئێزیدی و به‌شداربوی خۆپیشاندانه‌كه‌ی شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بڕیاری ده‌ره‌كی بۆ شنگال قبوڵناكه‌ین، خه‌ڵكی قه‌زاكه حبز و داموده‌زگای تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه، بۆیه پێویسته راوبۆچونی ئێمه‌ش وه‌ربگیرێت".
به‌پێی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌غدا و هه‌ولێر؛ قایمقامێكی نوێ بۆ شنگال داده‌نرێت و به پۆسته ئیدارییه‌كانی دیكه‌ی قه‌زاكه‌دا ده‌چنه‌وه.
لەئێستادا قەزای شنگال دوو قایمقامی هەیە، مەحما خەلیل –سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان- لە پارێزگای دهۆك دادەنیشیت و خۆی وەكو قایمقامی شنگال دەناسێنێت، فەهد حامد، لەناو شنگال و لەلایەن ئەنجومەنێكی كاتییەوە پشتیوانی دەكرێت.
به‌ره‌كات فه‌قیر، سه‌رۆكی یه‌كێك له عه‌شیره‌ته‌كانی شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له رابردودا چه‌ندین رێككه‌وتن ده‌رباره‌ی شنگال كراوه به‌ڵام سه‌ری نه‌گرتووه، چونكه راوبۆچونی خه‌ڵكی شنگال وه‌رنه‌گیراوه".
ئه‌و داواكاره هیچ هه‌نگاوێك بێ وه‌رگرتنی بۆچونی ئێزیدییه‌كان نه‌نرێت.
به‌ره‌كات ده‌ڵێت خه‌ڵكی ئه‌وان قوربانی زۆری داوه و پێویسته رێز له‌و قوربانییه بگیرێت، ئه‌وه‌ش له‌رێی به‌شدارییان له رێككه‌وتنه‌كانی ئیداره‌دانی قه‌زاكه‌دا.
له رێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه دۆسیه‌ی ئه‌منی شنگال ده‌درێته پۆلیسی ناوخۆیی، ده‌زگای هه‌واڵگری، ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی به هه‌ماهه‌نگی هێزه ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی دوو هه‌زار و 500 كارمه‌ندی ئه‌منی كه هه‌زار و 500یان له ئاواره شنگالییهكانی ناو كه‌مپ و هه‌زاریان له دانیشتوانی ئێستای شنگال بن.
هه‌روه‌ها جهختیكراوهتهوه له دورخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی دیكه و پێنه‌دانی هیچ رۆڵێك به پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه)و ئه‌و هێزانه‌ی له په‌كه‌كه نزیكن.
فارس حه‌ربۆ، لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكراتی شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "نه‌ك ئێمه، به‌ڵكو زۆربه‌ی خه‌ڵكی قه‌زاكه دژی رێككه‌وتنه‌كه‌ن، ئه‌م خۆپیشاندانه‌ی ئه‌مڕۆش یه‌كه‌م هه‌نگاو بوو دژ به‌و رێككه‌وتنه‌كه و هه‌ڵوێستی توندترمان ده‌بێت، قه‌زاكه ده‌كه‌ین به گۆڕه‌پانی ته‌حریر ئه‌گه‌ر هه‌ڵنه‌وه‌شێنرێته‌وه".
"رێگه به كه‌س ناده‌ین بێ ره‌زامه‌ندی و بۆچونی خه‌ڵك پێ له‌سه‌ر ئه‌م خاكه دابنێت" فارس وای وت.
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی شنگال – ئەنجومەنێكە بۆ ئیدارەدانی قەزای شنگال پێكهێنراوە و بیروبۆچونیان نزیكە لە پەكەكە-وە، هاوكات ژمارەیەك حزب و لایەنی سیاسی ئێزیدی و عەرەبی تیایدا بەشدارن و لە ئێستادا ئیدارەی قەزاكە دەدەن.
رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌غدا و هه‌ولێر به چاودێری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، دوای چه‌ندین ساڵ له ململانێی ئیداری و ئه‌منی شنگال دێت، كه به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، زیاتر له پێنج هێزی چه‌كداری جیاواز له قەزاكهدا هه‌ن له نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی، یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه)، پۆلیسی ناوخۆیی، سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌ی یه‌زیدخان.
قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته خۆرئاوای موسڵ و له روی ئیدارییه‌وه سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه، به‌ڵام ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه له نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.