تۆمەتباری سەرەکی بە کوشتنی دوو خوشکەکە ئازادە

چـۆن بـکــەرانـی تـونـدوتـیـژی خـێزانی لە چـەمچەمـاڵ داڵـدە دەدرێـن؟

چەمچەماڵ/ 9ی ئەیلولی 2020/ ساتی بەخاكسپاردنی دوو خوشك (ئاوارە و هێلین) دوای كوشتنیان فۆتۆ: سۆران محەمەد

هەڤاڵ غالیب – چەمچەماڵ

هێشتا تۆمەتباری سەرەكی بكوژی دوو خوشكەكەی چەمچەماڵ ئازادە و پۆلیس دەڵێت شوێنی ونە، تەنیا مامێكی دەستگیركراوە، كە دانیبەوەداناوە لە شاردنەوەی تەرمەكاندا بەشداربووە.

هەڵهاتنی ئەو تۆمەتبارە و داڵدەدانی ئەوانەی لە قەزای چەمچەماڵ توندوتیژی خێزانی دەكەن، چیرۆكێكی درێژی هەیە، زۆركات پەنابردن بۆ پارێزگای تر و شوێنە دورەدەستەكانی ژێر دەسەڵاتی خێڵ و عەشیرەتەكان، یان حزب و كەسایەتییە سیاسییەكان تاكە رێگای دەربازبونە لە یاسا.

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بە (كەركوك ناو)ی وت "یەكشەممە 11ی تشرینی یەكەم، مامێکی ئەو دوو خوشكەی چەمچەماڵ دەستگیركرا، بەپێی لێكۆلینەوەكان دانی بەوەداناوە لە شاردنەوەی تەرمی ئەو دوو خوشكەدا بەشداربووە، هێزەکانی پۆلیسیش بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تۆمەتباری سەرەکی کە باوکی دوو کچەکەیە".

بەپێی لێكۆلینەوەكان دانی بەوەداناوە لە شاردنەوەی تەرمی ئەو دوو خوشكەدا بەشداربووە

ئەو دوو خوشكە ئاوارە (19ساڵ) و هێلین (17ساڵ)، لەلایەن پۆلیسەوە رۆژی نۆی ئەیلول، لە چاڵێکى نیو مەتر قوڵدا لە نزیك گۆڕستانێكی گوندی گوندی برایم ئاغا لە نێوان هەردوو قەزای چەمچەماڵ ناحیەی شوان لە پارێزگای كەركوك دەرهێنرانەوە، ئەوەش دوای نزیكەی هەفتەیەك لە ونبونیان.

لەسەر روداوەكە بڕیاری دەستگیركردن بۆ باوكیان دەرچوو، پۆلیس وەكو تۆمەتباری سەرەكی ناساندی.

kchan-1
چەمچەماڵ/ 9ی ئەیلولی 2020/ پۆلیس لەكاتی هەڵدانەوەی گۆڕی دوو كچەكە، دوای شەش رۆژ لە دیارنەمانیان فۆتۆ: هێمن ئەحمەد

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، جەختیكردەوە "هێزەکانی پۆلیسیش بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تۆمەتباری سەرەکیدا كە باوكی دوو خوشكەكەیە".

دوو خوشكەكە شوێنەواری فیشەك بە جەستەیانەوە دیاربوو، دوای توێكاری بۆ تەرمەكانیان لەلایەن ئیدارەی قەزای چەمچەماڵ و بە ئامادەبونی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ چالاكوانانی ژنان لە گۆرستانێكی چەمچەماڵدا بەخاكسپێردران.

لە چەمچەماڵ تۆمەتبارانی توندوتیژی خێزانی و كەیسەكانی كوشتن بە بیانوی شەرەف، بەئاسانی لە دەستی یاسا دەربازیان دەبێت و لە دەرەوەی قەزاكە داڵدەدەرێن، بەپێی ئامارێكی (كەركوك ناو) كە لەلایەنە فەرمییەكانەوە وەریگرتووە جگە لە كەیسی ئەو دوو خوشكە سێ حاڵەتی تر بڕیاری دەستگیركردنیان هەیە و لە پارێزگای هەولێرنو رادەستی دادگا نەكراون، هەرچەندە لایەنی فەرمی ئەو پارێزگایە ئاگاداركراونەتەوە.

سامی ساتی، پارێزەر لە دادگای چەمچەماڵ، دەڵێت هەندێك لە حاڵەتەكانی دەستگیرنەكردنی تۆمەتباران پەیوەندی بە رێكارەكانەوە هەیە، بەشێكی تریان لاوازی پۆلیس و نەبونی هەماهەنگی نێوان دامەزراوەكان. لەپاڵ بونی چەك و بەربڵاوی لە ماڵاندا كە زۆركات روبەڕوی پۆلیس دەبنەوە.

سامی نمونەی هێنایەوە و وتی "ئەگەر كەسێك لە چەمچەماڵ تاوانێك بكات و بۆ كەركوك هەڵبێت، دەبێت نوسراو رەوانەی دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی بكەین، لەوێوە بۆ دادگای تێهەڵچونەوەی هەرێم لە هەولێر، ئینجا بۆ بەغدا و دواتریش لەوێوە رەوانەی دادگای كەركوك دەكرێت، جاری واهەیە شەش مانگی پێدەچێت"، ئەوەش بەهۆی ئەوەی قەزای چەمچەماڵ لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای سلێمانییە.

لەگەڵئەوەشدا بونی چەك لە ماڵەكان و توانای روبەڕوبونەوەی پۆلیس، بە هۆكارێكی تری دەستگیرنەكردنی بكوژان زانی و وتی "چەکی بەشێک لە تۆمەتباران چاکتر و بەهێزترە لەو چەکانەی بە دەستی پۆلیسەوەیە"، زیاتر وتی "لایەنداری سیاسی تۆمەتبارەكەش هەندێكجار كاریگەری هەیە لەسەر هۆكاری دەستگیرنەكردنی، ئەگەر تۆمەتبارێک لە سنوری سلێمانی بچێتە هەولێر و دهۆک وەک پێویست کار بۆ دەستگیرکردنی ناکەن و پێچەوانەکەشی هەر راستە... یاخود داڵدەدانی تۆمەتباران لەلایەن بەرپرسانەوە هێشتا هەر هەیە"، سامی وایوت.

چەکی بەشێک لە تۆمەتباران چاکتر و بەهێزترە لەو چەکانەی بە دەستی پۆلیسەوەیە

بەڵام وتەبیژی پۆلیسی سلێمانی دڵنیایی دەدات لەوەی "هەماهەنگی باش هەیە" لە نێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا، "چەندین تۆمەتبار هەبووە لە سنوری هەولێر دەستگیرکراوە و رادەستمان کراوەتەوە و بە پێچەوانەشەوە... تەنانەت لەگەڵ بەغدادیش تەنسیقی باش هەیە و من نەمبیستووە دەستتێوەردانی حزبی و سیاسی هەبێت".

"لەترسی راگەیاندنەکان کەس ناوێرێت داڵدەی تۆمەتبار بدات، مەگەر بچێتە شوێنێکی سنوری دورەدەست و لای عەشیرەتەکان بێت و دەستی پۆلیسی پێنەگات".

zhnan-10
چەمچەماڵ/ 9ی ئەیلولی 2020/ رێكخراوەكانی ژنان لە ساتی بەخاكسپاردنی دوو خوشك (ئاوارە و هێلین)، داوایانكرد بكوژی سەرەكی دەستگیربكرێت و سزابدرێت فۆتۆ: سۆران محەمەد

ئەوەش لەكاتێكدایە سەرچاوەیەکی (كەركوك ناو) كە لەیەكێك لە نوسینگەكانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان فەرمانبەرە، جەختدەكاتەوە لەوەی لە كەیسەكانی توندوتیژی خێزاندا دەستگیرکردنی بەشێک لە تۆمەتباران کەوتۆتە سەر پەیوەندی شەخسی و ناسینی لێپرسراوان.

ئەو دوو خوشكەی چەمچەماڵ، لە 17ی تەمموزی ئەمساڵ، دوای ئەوەی سكاڵایان لەسەر باوكیان تۆماركرد، بەهۆی "ئەنجامدانی توندوتیژییەوە"، پەڕاویان لە نوسینگەی چەمچەماڵی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان بۆ كرابۆوە و لە شێڵتەردا هێڵدرابونەوە.

هیوا کەریم، وتەبێژى بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە سلێمانی، پێشتر بە (كەركوك ناو)ی وت "دواى مانەوەیان لە شێڵتەر و دواتر سەردانیکردنى باوکیان، كچەكان رەزامەندییان نیشاندا بگەڕێنەوە ماڵەوە و پاشەكشێیان لە سكاڵاكەیان كرد، ئەوەبوو لە 11ی ئاب بە بریاری دادوەر رادەستی باوكیان كراونەتەوە".

هیوا كەریم رۆژی یەكشەممە 11ی تشرینی یەكەم، لەبارەی ئەوەی تاچەند چاودێری دۆخی ئەو كچ و ژنانە دەكەن كە لە شێڵتەرەوە رادەستی كەسوكاریان دەكرێنەوە، وتی "دوای ئەوەی خۆیان رەزامەندی نیشاندەدەن بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو خێزان و كەسوكاریان، شتێک نییە بەناوی چاودێریكردنیان... هیچ یاسایەك نییە رێگابدات ئێمە دوای رادەستکردنەوە چاودێری ئەو خێزانە بکەین و بچینە ماڵەکانیان".

لەوبارەیەوە جەختیشیكردەوە كە چەند ساڵێکە و لە ئێستاشدا کۆمەڵێک پڕۆژە خراونەتەڕوو بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە، بەڵام پڕۆژەكان نەچونەتە پەرلەمان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT