دژوار فەقیر، فەرماندەی گشتی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، رایدەگەیەنێت كە لە هیچ كەس و لایەنێك "قبوڵناكەن" دەستوەردان لەكاروباری شنگالدا بكات و جەختیكردەوە "دەبێت راوبۆچونی خەڵكی شنگال وەربگیرێت".
ئەو هەڵوێستەی دژوار فەقیر، لە وتارێكیدا هات لە مەراسمی بیرهێنانەوەی یەكێك لە فەرماندە سەربازییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، كە چوارشەممە 14ی تشرینی یەكەم لە چیای شنگال بەڕێوەچوو.
دژوار وتی "رێككەوتنی شنگال بەبێ ئاگاداری ئێمە و خەڵكی شنگال كراوە، با هەموو دونیا باش بزانن، ئێمە وەکو هێزەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، دژی ئەو رێككەوتنەین و مایەی قبوڵكردن نییە... لە هیچ كەسێكیش قبوڵناكەین دەستوەردان لە كاروباری شنگالدا بكات، بەبێ وەرگرتنی راوبۆچونی خەڵكەكەی".
لە هیچ كەسێكیش قبوڵناكەین دەستوەردان لە كاروباری شنگالدا بكات، بەبێ وەرگرتنی راوبۆچونی خەڵكەكەی
به‌پێی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنی حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان، قایمقامێكی نوێ بۆ شنگال داده‌نرێت و به پۆسته ئیدارییه‌كانی دیكه‌ی قه‌زاكه‌دا ده‌چنه‌وه.
هەر بەپێی رێككەوتنەكە، دۆسیه‌ی ئه‌منی شنگال ده‌درێته پۆلیسی ناوخۆیی، ده‌زگای هه‌واڵگری، ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی به هه‌ماهه‌نگی هێزه ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی دوو هه‌زار و 500 كارمه‌ندی ئه‌منی كه هه‌زار و 500یان له ئاواره شنگالییه‌كانی ناو كه‌مپ و هه‌زاریان له دانیشتوانی ئێستای شنگال بن. لەگەڵ دورخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی دیكه و پێنه‌دانی هیچ رۆڵێك به پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه)و ئه‌و هێزانەی نزیكن لەوەوە.
یه‌كینه‌كانی به‌رخۆدانی شنگال (یه‌به‌شه) و ژمارەیەك هێزی تری نزیك لە پەكەكە، لە ساڵی 2015 لە شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری جێگیربون و پێكهێنران، ئەوەش دوای هێرشی داعش بۆ ئەو قەزایە و بە ئامانجگرتنی ئێزیدییەكان و رۆلیان هەبوو لە كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال.
هەرچەندە له ساڵی 2018دا بەشێكیان له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی قه‌زای شنگال به‌ره‌و سوریا كشانه‌وه، به‌پێی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تیی عیراقی. بەڵام بەشێكی یەبەشە هێشتا ماونەتەوە و مۆڵەتی مانەوەی حكومەتی عیراقیان پێدراوە.
دژوار فەقیر، لە وتارەكەیدا زیاتر وتی "پێش هەر هێزێک خەڵکی شەنگال روبەڕوی داعش بونەوە، ئەو کاتەش کە داعش بەردەوامبوو لە داگیرکاری، خۆمان رێكخست بۆ ئەوەی بەرگری لە خاکی خۆمان بکەن".
لەمکاتەدا پیلانێك لەدژی ئێمە بەڕێوەدەچێت
"لەمکاتەدا پیلانێك لەدژی ئێمە بەڕێوەدەچێت، ئەو قوربانیی و بەرخودانەی لە شنگال كراوە، دەیانەوێت لەناوی بەرن و قوربانیدانی ئەو خەڵكە پشتگوێدەخەن"، دژوار زیاتر وتی "بڕیار لە کۆی بێت و کێ واژۆی بكات گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە بەرژەوەندی خەڵکی شنگالە".