پارتی دیموكراتی كوردستان، كاندیدی پۆستی قایمقامی شنگال دیاریده‌كات و له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، باره‌گای حزبه‌كه‌ی له قه‌زاكه ده‌كاته‌وه.
له دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه، پارتی له شنگال و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك پاشه‌كشێی كرد، كاتێك هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی فیدراڵی عیراق دۆسیه‌ی ئه‌منی ئه‌و ناوچانه‌یان گرته‌ده‌ست.
قادر قەچاغ، لێپرسراوی لقی17ی شنگالی پارتی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "رێککەوتن لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان کراوە له‌سەر قایمقامی نوێ و خدر ره‌شۆ، ده‌بێته قایمقامی شنگال، چونكه ئه‌و پۆسته پشكی پارتییه و سه‌دا 80ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه ده‌نگی به ئێمه داوه".
رێككه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا واژۆكراوه بۆ پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی نوێ و رێكخستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زای شنگال.
به‌وته‌ی قه‌چاغ هه‌ركاتێك هێزه‌كانی په‌كه‌كه و حه‌شدی شه‌عبی له ناوچه‌كه‌دا نه‌مان، ئه‌وانیش قایمقام ره‌وانه‌ی قه‌زاكه ده‌كه‌ن.
خدر رەشۆ، كاندیدی پارتی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی قایمقام پێشتر به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ بووه و ئێستا له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا، پارتی ده‌وێت كۆتایی به دابڕانی سیاسی له شنگال بهێنێت و بگه‌ڕێته‌وه.
ئیدریس زۆزانی، لێپرسراوی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی لقی 17ی شنگالی پارتی كه ئێستا له دهۆك جێگیرن به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هه‌ركاتێك رێككه‌وتنی به‌غدا و هه‌رێم كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه وه‌ك پارتی پێش هه‌موو كه‌سێك ده‌گه‌ڕێینه‌وه شنگال و باره‌گاكانی خۆمان ده‌كه‌ینه‌وه".
ئه‌و پێیوایه گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی ده‌بێته هانده‌ر تا ئاواره‌كانی شنگالیش بگه‌ڕێنه‌وه.
زۆزانی ده‌رباره‌ی ناڕه‌زاییه‌كان دژی رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌غدا و هه‌ولێر، وتی "زمانی هه‌ڕه‌شه‌كردن به‌سه‌رچووه.. هێزه‌كانی په‌كه‌كه و حه‌شدی شه‌عبی ناشه‌رعین له شنگال و به‌دڵنییایه‌وه ئه‌وان نایانه‌وێت شنگال ئارام بێت و خه‌ڵك بگه‌ڕێته‌وه".
یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه)، ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و ئیداره‌ی كاتی ناو شنگال به فه‌رمی رێككه‌وتنه‌كه‌یان ره‌تكردۆته‌وه له‌رێی به‌یاننامه و خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییه‌وه.
لێپرسراوی راگه‌یاندنی لقی شنگالی پارتی رونیكرده‌وه ئێستا تاوتوێی چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه ده‌كرێت، "ته‌نیا له‌سه‌ر كاغه‌ز نامێنێته‌وه و جێبه‌جێده‌كرێت".
لەئێستادا قەزای شنگال دوو قایمقامی هەیە، مەحما خەلیل –سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان- لە پارێزگای دهۆك دادەنیشیت و خۆی وەكو قایمقامی شنگال دەناسێنێت، فەهد حامد، لەناو شنگال و لەلایەن ئەنجومەنێكی كاتییەوە پشتیوانی دەكرێت.
قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته خۆرئاوای موسڵ و له روی ئیدارییه‌وه سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه، به‌ڵام ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه له نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.