یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له كه‌ركوك، ئاساییبونه‌وه‌ی چالاكییه سیاسی و حزبیه‌كانی راده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام به‌بێ بونی هیچ هێزێكی چه‌كداری سه‌ر به حزبه‌كه‌ی له شاره‌كه‌دا.
له دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ـه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی بایكۆتی پارتییه‌وه، یه‌كێتیی گه‌ڕایه‌وه بۆ كه‌ركوك و باره‌گاكانی دانه‌خست.
عەلی قەڵایی، کارگێڕی مەڵبەندی دووی كه‌ركوكی یه‌كێتی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هه‌موو پارتە سیاسییە کوردەکانی کەرکوک چالاکی سیاسی و مەدەنی خۆیان ئەنجامدەدەن، ئێمە وەک یەکێتی چالاکی خۆمان ئەنجامدەدەین".
"پێشتر ئێمە هێزی چەکدارمان لە شارەکەدا هەبوو، بەڵام ئێستا هێزی چەکدارمان نەماوە، هەروەها پێشتر ئاڵای کوردستان هەڵدەکرا ئێستا ئاڵا لە پارت و لایەنە سیاسەکان کوردییەکان قەدەغە کراوە، بەڵام ئێمە لە دوو بارەگا ئاڵامان هەڵکردوە و کاری سیاسی خۆمان دەکەین" به‌وته‌ی لێپرسراوه‌كه‌ی یه‌كێتی.
له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه، به‌شێك له پارته سیاسییه‌كان له نێویاندا پارتی، به‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی سه‌ر به‌حكومه‌تی فیدراڵی كه‌ركوكیان به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان به‌جێهێشت و تائێستاش شاره‌كه به "داگیركراو" وه‌سفده‌كه‌ن و داوای ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه ده‌كه‌ن.
عه‌لی قه‌ڵایی پێیوایه پارتی له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك نایه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌ركوك، "ره‌هه‌ندێكیان سیاسیه و ره‌هه‌ندێكی ئابوریشی هه‌یه، چونكه پارتی پێشتر له نه‌وتی كه‌ركوك قازانجی زۆری ده‌كرد، نه‌وتی هاڤانا و بای حه‌سه‌ن له‌ژێر ده‌ستیدا بوو، ئێستا ئه‌و لایه‌نه ئابورییه‌ی نه‌ماوه".
یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر سێ ساڵه یه‌كتری به "خیانه‌ت و راده‌ستكردنی كه‌ركوك به حكومه‌تی فیدراڵی" تۆمه‌تبارده‌كه‌ن.
ئه‌مڕۆ كه هاوكاته له‌گه‌ڵ ساڵیادی ئه‌و روداوه‌دا، هه‌ردو حزب شه‌ڕی میدیایی ده‌كه‌ن و له راگه‌یاندنه جیاوازه‌كانیانه‌وه سه‌دان تۆمه‌تیان روبه‌ڕوی یه‌كتری كردۆته‌وه.
مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له راگه‌یه‌ندراوێكدا هه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌ینی 16ی تشرینی یه‌كه‌م بڵاویكرده‌وه "16ی ئۆكتۆبه‌ر، ده‌رئه‌نجامی زنجیره‌یه‌ك پێشبینی هه‌ڵه و بڕیاری نه‌خه‌مڵیووی سیاسی و ستراتیجی بوو، كه له ریفراندۆمدا فۆرمه‌له كرا و، ئه‌نجامه‌كه‌ی به كاره‌سات بۆ دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان، و پاشه‌كشێ له ده‌سكه‌وته گرنگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆتایی هات و، دوو به‌ره‌كی، ئاژاوه و دۆڕاندنێكی گشتیی ناوخۆیی به‌دوای خۆیدا هێنا".
هه‌روه‌ها هاتووه "ئه‌گه‌ر وریایی فه‌رمانده مه‌یدانییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان نه‌بوایه، كه‌ركوك به‌ره‌و وێرانی، و خه‌ڵكی كه‌ركوك به‌ره‌و سه‌رگردانییه‌كی هه‌میشه‌یی ده‌بران".
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی یه‌كێتی، فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی 70ی حزبه‌كه‌ی، "به‌بڕیاری له‌ناكاو و دروستی روبه‌ڕونه‌بونه‌وه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی عیراق، توانی ئه‌و بۆشاییه كوشنده‌یه پڕ بكاته‌وه كه له‌ریزی پێشمه‌رگه‌ی هێزه هاوپه‌یمانه‌كانی یه‌كێتی دا له كه‌ركوك و ناوچه‌ی كێشه له‌سه‌ر روویاندابوو".
یه‌كێتی و پارتی چه‌ند ساڵێكیش به‌هۆی ناكۆكیی نێوانیانه‌وه نه‌یانتوانی پارێزگاری كه‌ركوك دابنێن كه به مافی كوردی ده‌زانن.
عەلی قەڵایی وتی "لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ دانانی پارێزگارێکی کورد، بۆ دانانی پارێزگار پێویستە ڕێکكەوتنێکی سیاسی بکرێت، پێشتر ئێمە ویستمان بەلایەنێکی شەرعی و یاسایی لە ڕێگای ئەنجومەنی پارێزگاوە دایبنێین بەڵام بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەن ئامادەنەبون بگه‌ڕێنەوە کەرکوک و ئەو چانسەمان له‌ده‌ستدا".
له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا راكان جبوری، وه‌ك پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌سه‌ر بڕیاری سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌وكاتی عیراق ده‌ستبه‌كاربوو، ئه‌وه‌ش دوابه‌دوای دورخستنه‌وه‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌و پۆسته.
له‌وكاته‌وه یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان كه پۆسته‌كه به مافی خۆی ده‌زانێت نه‌یتوانیووه وه‌ریبگرێته‌وه، هه‌رچه‌نده دوای چه‌ندین مانگ له ناكۆكی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكرات دواجار له‌سه‌ر كاندیدێك رێككه‌وتن، ئه‌وه‌ش ره‌زامه‌ندی لایه‌نه‌كانی تری توركمان و عه‌ره‌بی به‌ده‌ستنه‌هێنا.