دوو كەسی تر بێسەروشوێنن
وردەكاریی كوشتنی سێ كەس لە بازگەیەكی وەهمیدا

دیالە/ 21ی تشرینی یەكەمی 2020/ ئۆتۆمبێلی یەكێك لەو كەسانەی كەوتە بۆسەی ژمارەیەك چەكداری نەناسراوە لە سنوری خانەقین فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

ئەمیر خانەقینی

سێ مەدەنی كوژران و دوانی تر برینداربون، دوای ئەوەی لە بازگەیەكی وەهمیدا تەقەیان لێدەكرێت، هاوكات دوو كەسی تر تائێستا بێسەروشوێنن و چارەنوسیان دیار نییە.

ئەو بازگە وەهمییە كاتژمێر 7:30ی 21ی تشرینی یەكەم، لە رێگای نێوان ناحیەی جەلەولا و قەزای خانەقین لەسەر پردی حەلوان دانرا كە دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای قەزای خانەقین.

شاکر مەحمود، باوکی یەکێک لە بریندارەکانی ئەو روداوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "كوڕەكەم لەگەڵ خزمێكی نزیكی خۆماندا، دەیانویست لە خانەقینەوە بۆ گوندەكەی خۆمان (عەلی سەباهییە) بگەڕێنەوە، لە رێگا سێ چەكدار كە دەموچاویان پێچابوو بازگەیەكی وەهمییان لەسەر رێگاكە دانابوو، كوڕەكەم كە شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە بوو هەستی بەوە كردبوو كە ئەوانە سەر بە هێزە ئەمنییەكان نین، بۆیە بەخێرایی تێپەڕیوە و ئۆتۆمبێلەكەی رانەگرتووە".

بەو هۆیەوە چەكدارەكان دەستڕێژی گولـلەیان لە ئۆتۆمبێلەكە كردووە و هەردوكیان برینداربون. بەڵام توانیویانە دەربازبن.

"چەند فیشەكێك بە ئۆتۆمبێلەكە كەوتووە و كوڕەكەم و هاوڕێیەكەی كە خزمی خۆمانە ئێستا لە نەخۆشخانەن"، شاكر وایوت.

brindar
دیالە/ تشرینی یەكەمی 2020/ بریندارێكی روداوی تەقەكردن لە بازگەیەكی وەهمیدا لە خانەقین فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

دوای دەربازبونی ئەو دوو كەسە، دوو ئۆتۆمبێلی تر دەكەونە بۆسەی ئەو چەكدارانە و لەكاتی تەقەكردندا سێ مەدەنی دەكوژرێن و دوو كەسی تر هێشتا چارەنوسیان نادیارە، ئەوەش بەپێی دەزگا ئەمنییەكانی ناوچەكە.

ئەو بازگە وەهمییە لە ناوچەی گڵەی لە باكوری خۆرئاوای خانەقین دانرابوو، ناوچەكە بەگشتی چۆڵە و بۆشایی ئەمنی هەیە كە چەند ساڵێكە ناوبەناو هێرشدەكرێتە سەر مەدەنی و هێزە ئەمنییەكان.

سەرچاوەیەكی تەندروستی لە نەخۆشخانەی گشتی جەلەولا، بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "تەرمی سێ هاوڵاتییەكە گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و توێكارییان بۆ كراوە، هەریەكە و شوێنەواری زیاتر لە فیشەكێك بە جەستەیانەوە بووە".

لە مانگی ئەیلولی رابردوش لە دانانی بازگەیەكی وەهمیدا، لە گوندی دەكەی نوری میكائیل، لە باکوری خانەقین چوار کەس كوژران و سێ ئۆتۆمبێلیش سوتێنران.

دوای روداوەكە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 22ی تشرینی یەكەم، هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان ئەنجامدا. بەڵام هێشتا چارەنوسی دوو كەسەكە دیار نییە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT