تەنیا لە ماوەی سێ رۆژدا 10 هەزار گەنجی ئاوارەی ئێزیدی فۆرمی دامەزراندنیان پڕكردۆتەوە، بۆ ئەوەی وەكو پۆلیس لەسەر میلاكی حكومەتی عیراق دابمەزرێنرێن لە چوارچێوەی رێككەوتنی شنگالدا، ئەوەش لەكاتێكدایە هێشتا هیچ بڕیارێكی دامەزرانن دەرنەچووە.
بەپێی رێككەوتنی شنگالی نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان كە لەسەرەتای تشرینی یەكەم واژۆكراوە، دۆسیه‌ی ئه‌منی قەزاكە ده‌درێته پۆلیسی ناوخۆیی، ده‌زگای هه‌واڵگری، ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی به هه‌ماهه‌نگی هێزه ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی دوو هه‌زار و 500 كارمه‌ندی ئه‌منی كه هه‌زار و 500یان له ئاواره شنگالییه‌كانی ناو كه‌مپ و هه‌زاریان له دانیشتوانی ئێستای شنگال بن.
لە 20ی تشرینی یەكەمەوە قایمقامیەتی جێگرەوەی شنگال كە لە دهۆك دەوامدەكەن، دەستیكرد بە وەرگرتنی مامەڵەی دامەزراندن و تائێستا 10 هەزار فۆرم پڕكراونەتەوە و بڕیارە پرۆسەكە هەفتەیەك بخایەنێت لە رۆژی دەستپێكردنییەوە.
قاسو سه‌لیم (35ساڵ)، لەكەمپی بێرسیف لە دهۆك دادەنیشیت، بە (كەركوك ناو)ی وت "من هیچ ئیشێكم نییە، بۆیە دامەزراندن وەكو پۆلیس باشترین كارە بۆ من، لە ماوەی دوو رۆژدا هەموو مامەڵەكانم تەواو كرد و رادەستی قایمقامیەتی شنگالم كرد".
لە ماوەی دوو رۆژدا هەموو مامەڵەكانم تەواو كرد و رادەستی قایمقامیەتی شنگالم كرد
لە كەمپەكانی ئاوارەیی لیژنەی دامەزراندن كراونەتەوە و لەوێوە دوای پشتگیریكردنیان رەوانەی قایمقامیەتی جێگرەوەی شنگال دەكرێن بۆ تەواوكردنی مامەڵەكانیان.
"رۆژانه قه‌ره‌باڵغییه‌کی زۆر هه‌یه له بەردەم بینای قایمقامیەت، بەهۆی زۆری داواكارییەوە، هه‌موو که‌سێك بەپێی مەرجەكان دەتوانێت داواكاریی پێشكەش بكات"، قاسو وایوت.
بەپێی مەرجەكان، ئەوانەی دەیانەوێت دابمەزرێن تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵ بێت، پێویستە عیراقی بێت و لە بنەڕەتدا خەڵكی قەزای شنگال بێت، هەروەها بڕوانامەی شەشی سەرەتایی بەرەو سەرەوەی هەبێت، لەگەڵئەوەشدا لە پشكنینی تەندروستی و جەستەیی دەربچێت و هیچ تاوانێكی نەكردبێت.
نایف سه‌یدۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ – بیناكەیان لە دهۆكە-، بە (كەركوك ناو)ی وت "له‌هه‌ر که‌مپێکی سنوری پارێزگای دهۆک لیژنه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێم دانراوه بۆ وه‌رگرتنی مامه‌ڵه‌ی دامەزراندنی ئاواره‌کان... ماوه‌ی پێشکه‌شکردن هەفتەیەكە و تائێستا 10 هەزار كەس فۆرمیان پڕكردۆتەوە، پێمانوایە تا كۆتا رۆژ ژمارەكە بۆ دوو هێندە بەرزدەبێتەوە".
له‌هه‌ر که‌مپێکی سنوری پارێزگای دهۆک لیژنه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێم دانراوه بۆ وه‌رگرتنی مامه‌ڵه‌ی دامەزراندنی ئاواره‌کان
ئەوەش لەكاتێكایە هێشتا هیچ فەرمانێكی دامەزراندن لە حكومەتی عیراقەوە دەرنەكراوە بۆ دامەزراندن، تەنیا لە رێككەوتنی شنگالدا باسكراوە، وەك عه‌لی عومه‌ر گه‌عبۆ، جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا بۆ کاروباری ئاواره و رێکخراوه‌کان جەختیلێكردەوە.
ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "په‌یوه‌ندیم بە مەحما خەلیل، قایمقامی شنگالەوە كردوو لە دهۆك، ئەو وتی وه‌زیری ناوخۆی حکومه‌تی هه‌رێم داوای لێكردوین ناونوسین بۆ دامەزراندن دەستپێبكەین تا لە كاتی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە ناوەكان ئامادەبن".