پۆلیسی كەركوك رەتیدەكاتەوە ئەو پێنج "چەكدارەی داعش"، كە 22ی تشرینی یەكەم دەستگیركران، ئەنجامدەری روداوەكەی گوندی شەوگێڕ بن، كە بەهۆیەوە سێ گەنجی گوندەكە كوژران.
پۆلیسی كەركوك لە راگەیەنراوێكیدا پێنجشەممە (22ی تشرینی یەكەم)، جەختیكردەوە، لە دەستگیركردنی چوار چەكداری داعش بە بڕیاری دادوەر، هەمان رۆژ دەستگیركردنی كەسێكی تری سەر بەو رێكخراوەی راگەیاند.
لەگەڵ بڵاوبونەوەی راگەیەنراوەكەدا، چەند ئەكاونت و پەیجێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، بڵاویانكردەوە كە ئەو چەكدارانە لە كردەوەكەی گوندی شەوگێڕ بەشداربون، كە بەهۆیەوە سێ گەنجی گوندەكە دوای كوژرانیان لەناو ئۆتۆمبێلەكەیاندا سوتێنران.
سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی هەیە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك و لەبەرئەوەی مافی لێدوانی نییە، ئامادەنەبوو ناوی بهێنرێت، بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "ئەو پێنج چەكدارە هیچ پەیوەندییان بەو رووداوەوە نییە، راستە سەر بە داعشن و تائێستاش كار بۆ ئەو رێكخراوە دەكەن، بەڵام ئەنجامدەری كردەوەكەی گوندی شەوگێڕ نەبون".
ئێوارەی 17ی تشرینی یەكەم لە گوندی شەوگێر، ناوچەی شێخ بزێنی سەر بە ناحیەی شوان - باكوری خۆرئاوای كەركوك –، تەقە لە ئۆتۆمبێلێكی پیکاب دەبڵ كرا، كە دوو برا (ئارام مستەفا محەمەد، هەرێز مستەفا محەمەد) و ئامۆزایەكیان بەناوی پێشەوا عەبدولڕەحمانی تێدابوو و هەرسێكیان بەدستڕێژی گولـلە كوژران و دواتر تەرمەكانیان لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا سوتێنران.
دوو رۆژ دوای روداوەكە چەند كەسێك كە وەكو شوانكارە لە ناوچەكەن، بۆ لێكۆڵینەوە بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەكان كران، دوای وەرگرتنی وتەكانیان گەڕێنرانەوە ماڵەكانیان.
لەو روداوەدا داعش بەرپرسیارێتی خۆی راگەیاند.