بە هاوبەشی دوو تیمی بەغدا و هەولێر
كارەكانی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی شنگال دەستپێدەكاتەوە

دهۆك، 15ی ئابی 2020، ئاواره‌كانی كه‌مپی قادیا یادی كۆمه‌ڵكوژی ئیزیدییه‌كانی گوندی كۆجۆی شنگال ده‌كه‌نه‌وه‌ فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

عەمار عەزیز

دوو تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی شنگال گەیشتنە ئەو قەزایە و ئامادەكارییەكانیان تەواوكرد، بەشێوەیەك بڕیارە شەممە 24ی تشرینی یەكەم دەستبكەن بە هەڵدانەوەی گۆڕەكان.

ئەو هەنگاوە كە هەردوو دوو تیمی حكومەتی فیدراڵ و هەرێم تیایدا بەشدارن، دوای 15 مانگ دێت لە راگرتنی كارەكانی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان. میژوی ئەو گۆڕانە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) لە ئابی 2014.

فه‌لاح حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ و کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری له‌ تیمی نیشتیمانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کان به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "پێنجشەممە 22ی تشرینی یەكەم، تیمی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گوڕه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کانی به‌غدا و هه‌رێم گه‌یشتنە قەزای‌ شنگال به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی کاره‌کانیان، ئه‌مڕۆ هەینی هه‌ردوو تیم ئامادەكارییەكانیان تەواوكرد و بڕیارە شەممە 24ی تشرینی یەكەم، یەكەم گۆڕ هەڵبدرێتەوە".

"ئەمجارە هه‌ردوو تیمی بەغدا و هەولێر تێکه‌ڵده‌کرێن و ده‌بنه‌ دوو به‌ش، به‌شێکیان له‌ ناوچه‌ی سولاغ ئیشده‌که‌ن و به‌شه‌که‌ی تر ده‌چنه‌ کۆجۆ"، فەلاح حەسەن وایوت.

ئەمجارە هه‌ردوو تیمی بەغدا و هەولێر تێکه‌ڵده‌کرێن و ده‌بنه‌ دوو به‌ش

وتیشی "قۆناغی یەكەم بۆ ماوه‌ی 17 رۆژ هه‌ردوو تیم كاردەكەن، دوای کۆتاییهاتنی 17 رۆژه‌که،‌ هەردوو تیمەكە دەگەڕێنەوە و دواتر بە چەند هەفتەیەك قۆناغی دووەم دەستپێدەكات".

rufat-2
نه‌ینه‌وا/15ی ئازاری 2019/ هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ گوندی كۆجۆ له‌ شنگال، كه‌ به‌ده‌ستی چه‌كدارانی داعش كوژران فۆتۆ: AFP

هەڵدانەوەی یه‌که‌م گۆڕی به‌ کۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌کان له‌ گوندی کۆجۆی قه‌زای شنگال، به‌ بڕیاری حکومه‌تی عیراق له‌ 15ی ئازاری 2019 ده‌ستیپێکرد و 364 ته‌رم له‌ 17 گۆڕدا دەرهێنران، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماری فه‌رمی تیمی نیشتمانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کان سه‌ر به‌ حکومه‌تی عیراقی.

روفاته‌کان دوای دەرهێنانیان بۆ پشکنین، ناسینه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ ره‌وانه‌ی به‌غدا کران.

به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌بەرایه‌تی کاروباری ئێزیدییان سەر بە وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دوو هه‌زار و 293 ئێزیدی به‌ ده‌ستی داعش کوژراون.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ له‌ سنوری قه‌زای شنگال، 80 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی یەک کەسی، که‌ مێژوه‌کانیان بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش ده‌گه‌ڕێتەوە.

لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكاندا، هەینی 23ی تشرینی یەكەم، سمینیارێکی تایبه‌ت لەسه‌ر چونیه‌تی ئه‌نجامدانی پشکنینه‌کانی خوێن بۆ که‌سوکاری قوربانیان لە كۆجۆ سازكرا. تیایدا رێكخراوە ناوخۆیی و بیانییەكان و كەسوكاری قوربانیان ئامادەبون.

خه‌یری عه‌لی، لێپرسراوی رێکخراوی ئێزیدی بۆ دۆکیۆمێنتکردنی به‌ڵگه‌نامه‌کانی شنگال، كە خۆی ئامادەی ئەو سیمینارە بوو، وتی "هه‌موو ئاماده‌کارییەكان ته‌واو بووە، به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی ده‌ستده‌کرێت بە هه‌ڵدانه‌وه‌ی گوڕه‌کانی ناوچه‌ی سولاغ و گوندی کۆجۆ".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT