75 روفاتی تێدایە
هەڵدانەوەی "گۆڕی دایكان" دواخرا

شنگال، 3ی ئابی 2019، دروستكردنی گۆڕستانێك له‌ كۆجۆ بۆ قوربانیانی ده‌ستی داعش فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

عەمار عەزیز

هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە دەستبكرێتەوە بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی شنگال، لەنێویاندا "گۆڕی دایكان"، بەڵام پرۆسەكە جارێكی تر بۆ یەكشەممە دواخرایەوە.

رۆژی پێنجشەممە 22ی تشرینی یەكەم، دوو تیمی حكومەتی فیدراڵ و هەرێم گەیشتنە شنگال بۆ دەستپێكردنەوەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان، بەڵام تائیستا لە قۆناغی ئامادەكاریدانو هەنگاوی پراكتیكی بۆ یەكشەممە دواخرا.

فه‌لاح حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ و کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری له‌ تیمی نیشتیمانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کان به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "ئه‌مڕۆ (شەممە 24ی تشرینی یەكەم) به‌ ئاماده‌بونی نوێنه‌ری نەتەوە یەكگرتوەكان لە عیراق و ژماره‌یه‌ک له‌ پیاوانی ئایینی و به‌رپرسانی ناوچه‌که،‌ مه‌راسیمی ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گوڕه‌ به ‌کۆمه‌ڵه‌کان له ‌ناوچه‌ی سولاغ لە شنگال به‌ڕێوه‌چوو".

جەختیشیكردەوە "بڕیاربوو دوای مەراسیمەكە دەستبكرێتەوە بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی ناوچەی سولاغ كە بە گۆڕی دایكان ناسراوە، بەڵام پرۆسەكە لەسەر داوای نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ سبه‌ی یه‌کشه‌ممه‌ دواخرا"، بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی ئاشكرابكات.

بڕیاربوو دوای مەراسیمەكە دەستبكرێتەوە بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی ناوچەی سولاغ كە بە گۆڕی دایكان ناسراوە، بەڵام پرۆسەكە بۆ سبه‌ی یه‌کشه‌ممه‌ دواخرا

بەپێی پێشبینی ده‌سته‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ و کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری له‌ تیمی نیشتیمانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کان، "گۆری دایكان" روفاتی 75 ژنی ئێزیدی تێدایە.

gor.kojo
شنگال/نیسانی 2019/ پرۆسه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی گوندی كۆجۆ فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی 

هەینی 23ی تشرینی یەكەم، فەلاح حەسەن بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەمجارە هه‌ردوو تیمی بەغدا و هەولێر تێکه‌ڵده‌کرێن و ده‌بنه‌ دوو به‌ش، به‌شێکیان له‌ ناوچه‌ی سولاغ ئیشده‌که‌ن و به‌شه‌که‌ی تر ده‌چنه‌ کۆجۆ"، بەڵام كارەكان بۆ سبەی یەكشەممە دواخران.

هەڵدانەوەی یه‌که‌م گۆڕی به‌ کۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌کان له‌ گوندی کۆجۆی قه‌زای شنگال، به‌ بڕیاری حکومه‌تی عیراق له‌ 15ی ئازاری 2019 ده‌ستیپێکرد و 364 ته‌رم له‌ 17 گۆڕدا دەرهێنران، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماری فه‌رمی تیمی نیشتمانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کان سه‌ر به‌ حکومه‌تی عیراقی.

روفاته‌کان دوای دەرهێنانیان بۆ پشکنین، ناسینه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ ره‌وانه‌ی به‌غدا کران.

به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌بەرایه‌تی کاروباری ئێزیدییان سەر بە وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دوو هه‌زار و 293 ئێزیدی به‌ ده‌ستی داعش کوژراون.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ له‌ سنوری قه‌زای شنگال، 80 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی یەک کەسی، که‌ مێژوه‌کانیان بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش ده‌گه‌ڕێتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT