ئیدارەی كەركوك زیاتر لەو نرخە وەردەگرێت كە بۆ هەر ئەمپێرێكی كارەبای مۆلیدەی ئەهلییەكان داینابوو، بەبێ ئەوەی پێشتر هاوڵاتیان ئاگاداربكاتەوە. ئەو هەنگاوە لەلایەن هاوڵاتیانەوە بە "فێڵكردن" لێكدەدرێتەوە.
لە كۆتایی مانگی ئەیلولدا، دوای ناڕەزایی هاوڵاتیان و ئەنجامدانی خۆپیشاندان دژی نرخی مۆلیدە ئەهلییەكان، ئیدارەی كەركوك بڕیاریدا نرخی هەر ئەمپێرێك لە 13 هەزار دینارەوە بۆ 10 هەزار دینار كەمبكاتەوە، بەڵام لەئێستادا دەڵێت "تەنیا پارەی 15 رۆژی ئەیلولمان وەرگرتووە".
فەلاح یایچلی، قایمقامی ناوەندی کەرکوک بەوەكالەت، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە مانگی ئەیلولدا مۆلیدە ئەهلییەكان نزیکەی 400 کاتژمێر كارەبایان داوە، بۆ ئەمەش بۆ هەر ئەمپێرێک نزیکەی 18 هەزار دینار لەسەر هاوڵاتیان دەكەوت، بەڵام بۆ ئەوەی لەڕوی داراییەوە فشار لەسەر هاوڵاتیان دروستنەکەین، بڕیارماندا پارەی 15 رۆژ وەربگرین و 15 رۆژەکەی تر لەگەڵ مانگی تشرینی یەكەمدا بدرێت".
"بۆ ئەم مانگە کارەبای نیشتیمانی بەشێوەیەکی گشتی باشە، بۆیە مۆلیدە ئەهلییەكان كەمتر ئیشیان پێكراوە، بەڵام دەبێت هاوڵاتیان پارەی 15 رۆژی مانگی ئەیلول و تەواوی مانگی تشرینی یەكەمیش بدەن"، فەلاح یایچلی وایوت.
دەبێت هاوڵاتیان پارەی 15 رۆژی مانگی ئەیلول و تەواوی مانگی تشرینی یەكەمیش بدەن
عیسام محەمەد، خاوەنی مۆلیدەی ئەهلییە لە كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە مانگی رابردودا ئەو نرخەی دیاریکراوە لەلایەن قایمقام و ئیدارەی پارێزگای کەرکوکەوە تەنیا پارەی 15 رۆژە نەوەك هەموو مانگەكە، واتە ئێستا پارەی 15 رۆژی مانگی ئەیلول و تەواوی مانگی تشرینی یەكەممان لای هاوڵاتیانە".
"ئەگەر پارەی تەواوی مانگە دابنرایە، ئەوا بۆ هەر ئەمپێرێک پێویست بوو نزیکەی 18 هەزار دینار دابنرێت"، عسام وایوت.
هاوڵاتیان لەو هەنگاوەی حكومەت ئاگادارنەبون، بۆیە ئەوە بە "فێڵ" دەزانن و هەڕەشەی قبوڵنەكردن دەكەن.
تیشكۆ عەلی، هاوڵاتییەكی شاری كەركوك، وتی "ئێمە پارەی مانگی نۆی مۆلیدە ئەهلییەكانمان داوە، توشی شۆک بوم كە دەڵێی دەبێت پارەی 15 رۆژی مانگی ئەیلولیش بدەین".
"ئەوە فێڵێکی زۆر گەوەرەیە لە هاوڵاتیان دەکرێت، بەو پێیەی ئەگەر لە مانگی رابردوو بیانوتایە نرخی ئەمپێر 18 هەزار دینارە، ناڕەزاییمان دەردەبڕی و قبوڵمان ناكرد، ئێستاش بەوە رازی نین"، تیشكۆ وایوت.