دوو سەرچاوە بۆ (كەركوك ناو):
باری تەندروستی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك جێگیر نییە

كەركوك/ئەیلولی 2017/ نەجمەدین كەریم لە بانگەشەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان فۆتۆ: نوسینگەی نەجمەدین كەریم

کەرکوک ناو

نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك، لەژێر چاودێری تەندروستیدایە لە نەخۆشخانەیەكی ولایەتی كالیفۆرنیا لە ئەمریكا و "باری تەندروستی جێگیر نییە"، ئەوەش بەپێی دوو سەرچاوە بۆ (كەركوك ناو) قسەیانكردووە، هەرچەندە سكرتێری رۆژنامەوانی ناوبراو دەڵێت "كێشەی تەندروستی نییە".

سەرچاوەیەك كە نزیكایەتی هەیە لەگەڵ بنەماڵەی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك و ئەندامی پێشوی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "نەجمەدین كەریم، چەند رۆژێكە لە ئەمریكا رەوانەی نەخۆشخانە كراوە لە ولایەتی كالیفۆرنیا، باری تەندروستی جێگیر نییە و لەژێر چاودێری تەندروستی دایە".

ئەو هیچ زانیارییەكی تری نەدركاند لەبارەی نەخۆشییەكەیەوە.

هەروەها سەرچاوەیەكی تر، كە بەهەمان شێوە نزیكایەتی هەیە لەگەڵ نەجمەدین كەریم، وتی "بە تەواوی نازانین چییەتی، بەڵام ئەوە دەزانین كە باری تەندروستی جێگیر نییە و لەژێر چاودێری پزیشكیدایە لە نەخۆشخانە".

بەڵام نەشوان جەلال، سکرتێری رۆژنامەوانی نەجمەدین کەریم، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوانە هەموی دەنگۆن و راست نین، ئەو تەندروستی باشە و كێشەی نییە".

najmaden-1
نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك و هاوژینەكەی لەكاتی دەنگدان بۆ ریفراندۆمی هەرێمی كرودستان و ناوچەكانی جێناكۆك فۆتۆ: راگەیاندنی نوسینگەی نەجمەدین كەریم

لەبارەی ئەوەی، ناوبراو لەكوێیە، ئەو وتی "راستە لە ولایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکایە، بەڵام ئێمە رۆژانە پەیوەندیمان هەیە و پێكەوە قسە دەکەین بۆ راییکردنی کارەکان، ئەو تەندروستی باشە و ئەوانەی بڵاوكراونەتەوە تەنیا پڕوپاگەندەن".

نه‌جمه‌دین عومه‌ر كه‌ریم، كه‌ له‌ دایكبوی 1949ی گه‌ڕە‌كی شۆریجه‌ی كه‌ركوكه‌، له‌ ساڵی 1976وه‌ چۆته‌ ئه‌مریكا و خاوه‌نی ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌و وڵاته‌یه‌، تا ساڵی 2009 گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ عیراق.

له‌ كۆتایی ئازاری 2011دا ناوبراو، وه‌ك پارێزگاری كه‌ركوك له‌ پشكی كورد/ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ڵبژێردرا و له‌ ئه‌یلولی 2017 به‌بڕیاری په‌رله‌مانی عیراق، له‌و پۆسته‌ دورخرایه‌وه‌.

پۆلیسی ئینته‌رپوڵ له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی عیراق، لە 21ی ئایاری 2019 نەجمەدین كەریم-ی لە فڕۆكەخانەی رەفیق حەریریی نێودەوڵەتی له‌ به‌یروتی پایتەختی  لوبنان ده‌ستگیركرد، كاتێك دەویست گەشتی ئەمریكا بكات.

دەستگیركردنەكەی بە تۆمەتی "ئیختیلاس" بوو، رۆژی دواتر بە مەرج ئازادكرا و خرایه‌ ژێر مانه‌وه‌ی به‌زۆر. دواتر له‌ژێر فشاردا ئازادکراو بۆ شاری هه‌ولێر گەڕێنرایەوە، به‌رله‌وه‌ی راده‌ستی حكومه‌تی عیراقی بكرێتەوە.

لە 15ی ئەیلول، دەستەی نەزاهەی عیراق لە راگەیەنراوێكدا، گەشتی دەرەوەی لە هەریەكە لە نەجمەدین كەریم، راكان سەعید و 23ی فەرمانبەری تری پارێزگای كەركوك قەدەغە كرد، ئەوەش بە تۆمەتی "گەندەڵی" لە پڕۆژەیەكی 57 ملیار دیناریدا و بۆ لێكۆڵینەوە بانگهێشتی دادگا كران. بەڵام رون نییە چۆن رێگەیپێدراوە گەشتی ئەمریكا بكات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT