سكرتێرەكەی زانیاریی دژ بەیەك لەسەر دۆخی تەندروستی نەجمەدین كەریم بڵاودەكاتەوە

نەشوان جەلال، سكرتێری رۆژنامەوانی نەجمەدین كەریم. فۆتۆ: ئەكاونتی نەشوان جەلال لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك

كەركوك ناو

نەشوان جەلال، سكرتێری رۆژنامەوانی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك، زانیاریی دژ بەیەك لەسەر تەندروستی نەجمەدین كەریم بڵاودەكاتەوە.

نەجمەدین كەریم، چەند رۆژێكە باری تەندروستی "بە تەواوی تێكچووە" و جێگیر نییە، بەهۆیەوە لە نەخۆشخانەیەكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەژێر چاودێری وردی تەندروستیدایە. بەڵام سكرتێرەكەی زانیاری دژ بەیەك لە بارەی نەخۆشییەكەوە بڵاودەكاتەوە.

نەشوان جەلال، سکرتێری رۆژنامەوانی نەجمەدین کەریم، سێشەممە 27ی تشرینی یەكەم، لە لێدوانێكیدا بۆ (کەرکوک ناو)، جەختیكردەوە "تەندروستی نەجمەدین كەریم زۆر باشە و هیچ كێشەیەكی تەندروستی نییە، ئەوانەی باس لە نەخۆشكەوتنی دەكەن هەموی دەنگۆن و راست نین".

ئەو وتی "راستە لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکایە، بەڵام ئێمە رۆژانە پەیوەندیمان هەیە و بۆ راییکردنی کارەکان پێکەوە قسە دەکەین و كێشەی تەندروستی نییە".

رۆژانە پەیوەندیمان هەیە و بۆ راییکردنی کارەکان پێکەوە قسە دەکەین و كێشەی تەندروستی نییە

ئەو وتەیەی نەشوان لەكاتێكدابوو دوو سەرچاوە كە نزیكایەتییان هەیە لەگەڵ بنەماڵەی نەجمەدین كەریم، بۆ (كەركوك ناو)، جەختیانكردەوە لەوەی باری تەندروستی نەجمەدین كەریم جێگیر نییە و لەژێر چاودێری تەندروستیدایە.

بەڵام نەشوان جەلال، ئێوارەی هەمان رۆژ، قسەكانی گۆڕی و لە لێدوانێكیدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، وتی "ماوەی دوو رۆژە تەندروستیی نەجمەدین کەریم تێکچووە... سەرەتا دكتۆر نەجمەدین توشی جەڵتەی مێشك بوو لە ئەمریکا و تەندروستیی باشبوو، بەڵام ماوەی دوو رۆژە تەندروستیی تێکچووە و لە واشنتن خراوەتە ژێر چاودێریی چڕی پزیشکییەوە".

ماوەی دوو رۆژە تەندروستیی تێکچووە و لە واشنتن خراوەتە ژێر چاودێریی چڕی پزیشکییەوە

نه‌جمه‌دین عومه‌ر که‌ریم، که‌ له‌ دایکبوی 1949ی گه‌ڕە‌کی شۆریجه‌ی که‌رکوکه‌، له‌ ساڵی 1976وه‌ چۆته‌ ئه‌مریکا و خاوه‌نی ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌و وڵاته‌یه‌، تا ساڵی 2009 گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ عیراق.

najmadenpuk
نەجمەدین كەریم، لە بۆنەیەكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا، بەر لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 فۆتۆ: پەیجی نەجمەدین كەریم لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك

له‌ کۆتایی ئازاری 2011دا ناوبراو، وه‌ک پارێزگاری که‌رکوک له‌ پشکی کورد/ یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان هه‌ڵبژێردرا و له‌ ئه‌یلولی 2017 به‌بڕیاری په‌رله‌مانی عیراق، له‌و پۆسته‌ دورخرایه‌وه‌.

پۆلیسی ئینته‌رپوڵ له‌سه‌ر داوای حکومه‌تی عیراق، لە 21ی ئایاری 2019 نەجمەدین کەریم-ی لە فڕۆکەخانەی رەفیق حەریریی نێودەوڵەتی له‌ به‌یروتی پایتەختی  لوبنان ده‌ستگیرکرد، کاتێک دەویست گەشتی ئەمریکا بکات.

دەستگیرکردنەکەی بە تۆمەتی "ئیختیلاس" بوو، رۆژی دواتر بە مەرج ئازادکرا و خرایه‌ ژێر مانه‌وه‌ی به‌زۆر. دواتر له‌ژێر فشاردا ئازادکراو بۆ شاری هه‌ولێر گەڕێنرایەوە، به‌رله‌وه‌ی راده‌ستی حکومه‌تی عیراقی بکرێتەوە.

لە 15ی ئەیلول، دەستەی نەزاهەی عیراق لە راگەیەنراوێکدا، گەشتی دەرەوەی لە هەریەکە لە نەجمەدین کەریم، راکان سەعید و 23ی فەرمانبەری تری پارێزگای کەرکوک قەدەغە کرد، ئەوەش بە تۆمەتی "گەندەڵی" لە پڕۆژەیەکی 57 ملیار دیناریدا و بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشتی دادگا کران. بەڵام رون نییە چۆن رێگەیپێدراوە گەشتی ئەمریکا بکات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT