هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، له گونده‌كانی ناوچه‌ی شێخ بزێنی كه‌ركوك جێگیرده‌بن به ئامانجی پاراستنی خه‌ڵك له مه‌ترسی هێرشی داعش، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی لیوا مەریوان ساڵەیی، فەرماندەی لیوای هێزەکانی 126ی پێشمەرگە.
لیوا مه‌ریوان به (كه‌ركوك ناو)ی وت نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 28ی تشرینی یه‌كه‌م، هێزه‌كانیان به‌ره‌و گونده‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه جوڵه‌یان كردووه و له‌و شوێنانه‌ی بۆشایی ئه‌منی هه‌یه؛ جێگردهبن.
ئه‌و جوڵهپێكردنهی پێشمه‌رگه به‌هۆی مه‌ترسی داعشه‌وه‌یه له ناوچه‌كه‌دا، دوای ئه‌وه‌ی سێ گه‌نج به ده‌ستڕێژی گولـله كوژران و داعش به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی له ئه‌ستۆگرت.
ئەو کارەساتە تراژیدییە، ئێوارەی 17ی تشرینی یەكەم لە ناوچەی شێخ بزێنی سەر بە ناحیەی شوان - باكوری خۆرئاوای كەركوك - رویدا، كاتێك دوو برا ئارام مستەفا محەمەد، هەرێز مستەفا محەمەد و ئامۆزایەكیان بەناوی پێشەوا عەبدولڕەحمان، لە گوندی شەوگێڕەوە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب دەبڵ دەچنە گوندی توڵکی و لەوێ دەستڕێژی گولـلەیان لێدەكرێت و دەستبەجێ دەكوژرێن، دواتر هەر لەناو ئۆتۆمبێلەكەیاندا تەرمەكانیان دەسوتێنرێن.
لیوا مەریوان ساڵەیی، فەرماندەی لیوای هێزەکانی 126ی پێشمەرگە وتی "له ئه‌مڕۆوه دەستمانکردووە بە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان سوپا و هێزەکانی پێشمەرگە هەیە لە ناوچەی شوان و شێخ بزێنی".
پێشمه‌رگه ده‌چنه گوندەکان؛ بەتایبەت ئەو ناوچانەی مه‌ترسی جموجۆڵی داعشی تێدایە، "ئێمە ڕێگە نادەین خەڵکی ئەو گوندانە کە کەسانی تێکۆشەرن لە گوندەکان ئاوارە بن و شوێنەکانیان چۆڵبکەن".
ئه‌و شوێنه‌ی سێ گه‌نجه‌كه‌ی تێدا كوژرا؛ ناوچەیه‌كی بەگشتی سەختە و لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەدایە و دەكەوێتە سنوری گوندی توڵكی – هاوسنور لەگەڵ گوندی شەوگێڕ، كه بە ناحیەی شوانە لە باكوری خۆرهەڵاتی كەركوك، بەڵام لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی قەرەناوە لە شارۆچكەی تەقتەق و دەكەوێتە سەر زێی بچوك.
"لە هەڵمەتی کێوماڵکردنی ناوچەکەدا، چەندین شوێنەوار و پاشماوەیەکی داعش دۆزراونه‌ته‌وه، بەپێی زانیارەکانی ئێمە نزیکه‌ی شەش چەکدار لە ناوچەکەدا هەن، کە خۆیان بەخەڵک نیشان دەدەن بۆ ئەوەی هەبونی خۆیان بسەلمێنن، بە ڕۆژ خۆیان حەشار دەدەن بەشەویش دەردەکەون".
هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، 25ی تشرینی یه‌كه‌م ئۆپه‌راسیۆنێكی گه‌ڕان و پشكنینیان له ناوچه‌ی شێخ بزێنی ئه‌نجامدا.
لیوا هیوا عه‌بدوڵا، فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری كه‌ركوكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه دوای ئۆپه‌راسیۆنه‌كه به ژماره‌یه‌ك ده‌زگای میدیایی له نێویاندا (كه‌ركوك ناو)ی وت "بۆشایی ئه‌منی فراوان و گه‌وره له نێوان پێشمه‌رگه و هێزه عیراقییه‌كاندا هه‌یه له چه‌ندین ناوچه‌ی ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك له نێویاندا ناوچه‌ی شێخ بزێنی"، هۆكاری روداوهكانیشی گه‌ڕاندنه‌وه بۆ نه‌بونی هه‌ماهه‌نگی نێوانیان هه‌ردولا له‌و ناوچانه‌دا.
هه‌روه‌ها داوای ژوری هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شی كرد بۆ سنوره‌كه به ئامانجی ئاڵوگۆڕی زانیاری هه‌واڵگری له‌سه‌ر جموجۆڵه‌كانی داعش.
هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری عیراق و پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، چه‌ندین مانگه له گفتوگۆدان ده‌رباره‌ی پێكهێنانی چه‌ند ژورێكی هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازی، كه بڕیاره یه‌كێكیان له كه‌ركوك بێت، به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌یشتونه‌ته رێككه‌وتنی كۆتایی.
بەپێی دەستوری عیراق، هێزی ئەمنی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەتوانن بە هاوبەشی ناوچەکانی جێناکۆک بەڕێوەببەن.
هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌دوای ساڵی 2014 و هێرشه‌كانی داعشه‌وه له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی جێناكۆك جێگیربون، تا كشانه‌وه‌یان له روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، كاتێك هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی گه‌ڕانه‌وه، له ئه‌نجامی ناكۆكییه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه.