شێرپه‌نجه‌یشی هه‌بووه‌
نه‌جمه‌دین كه‌ریم دووجار جه‌ڵته‌ی مێشك لێیداوه‌

نه‌جمه‌دین كه‌ریم؛ پارێزگاری پێشوی كه‌ركوك و ئه‌ندامی پێشوی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان فۆتۆ: نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی ناوبراو

كه‌ركوك ناو

نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری پێشوی كه‌ركوك له‌ مانگێكدا دووجار جه‌ڵته‌ی مێشك لێیداوه‌ و به‌ده‌ست نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌وه‌ ناڵاندویه‌تی، به‌رله‌وه‌ی له‌ ته‌مه‌نی 71 ساڵیدا كۆچی دواییبكات.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم، كه‌ شه‌ممه‌ 31ی تشرینی یه‌كه‌می 2020 بڵاویكرده‌وه‌، ناوبراو كاتژمێر 11ی شه‌وی هه‌ینی به‌كاتی ئه‌مریكا له‌ نه‌خۆشخانه‌ كۆچی دواییكردووه‌.

نەجمەدین كەریم، چەند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر به‌هۆی تێكچونی باری ته‌ندروستییه‌وه‌ له‌ نەخۆشخانەیەكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا خرایه‌ ژێر چاودێری وردی پزیشكییه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی جه‌ڵته‌ی مێشك لێیدا.

به‌ختیار كه‌ریم، برای نه‌جمه‌دین كه‌ریم به‌ ده‌نگی ئه‌مریكا-ی راگه‌یاندووه‌ پێش نزیکەی مانگێک توشی جەڵتەی مێشک بوو، دوای باشبونی ته‌ندروستی، دووشه‌ممه‌ی رابردوو، جارێكیتر جەڵتەیەکی تر لێیداوه‌.

هه‌روه‌ها ئاشكراشیكرد "راسته‌ شێرپەنەی هەبوو و چارەسەری وەردەگرت، بەڵام ئەوەی هۆکاری مەرگی بوو جەڵتەکە بوو".

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌كه‌ی، نه‌جمه‌دین كه‌ریم وه‌سیه‌تی كردووه‌ ته‌رمه‌كه‌ی بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ و سه‌ره‌تا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌خاكده‌سپێردرێت؛ ئه‌وه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی، "تا ئەوکاتەی شاری کەرکوك ئازاد دەکرێت و لە ژێر ئەمنیەت و ئارامی هێزەکانی پێشمەرگەدەبێت، بە شێوەیەکی هەمیشەیی دەبرێتەوە بۆ شاری کەرکوكی پیرۆز".

هه‌ر له‌سه‌ر داوای نه‌جمه‌دین كه‌ریم و خانه‌واده‌كه‌ی پرسه‌ دانانرێت به‌هۆی مه‌ترسی په‌تای كۆرۆناوه‌.

najmadenpuk
نەجمەدین كەریم، لە بۆنەیەكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا، بەر لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 فۆتۆ: پەیجی نەجمەدین كەریم لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك

نه‌جمه‌دین عومه‌ر که‌ریم، که‌ له‌ دایکبوی 1949ی گه‌ڕە‌کی شۆریجه‌ی که‌رکوکه‌، له‌ ساڵی 1976وه‌ چۆته‌ ئه‌مریکا و خاوه‌نی ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌و وڵاته‌یه‌، تا ساڵی 2009 گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ عیراق.

له‌ کۆتایی ئازاری 2011دا ناوبراو، وه‌ک پارێزگاری که‌رکوک له‌ پشکی کورد/ یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان هه‌ڵبژێردرا و له‌ ئه‌یلولی 2017 به‌بڕیاری په‌رله‌مانی عیراق، له‌و پۆسته‌ دورخرایه‌وه‌.

نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ـه‌وه‌، كه‌ركوكی به‌ره‌و هه‌ولێر به‌جێهێشت؛ كاتێك هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و پێشمه‌رگه‌ كشایه‌وه‌.

له‌وكاته‌وه‌ نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و له‌ ئه‌ندامێتی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش دورخرایه‌وه‌.

عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی پۆلیسی قه‌زا و ناحیه‌كانی كه‌ركوك، كه‌ چه‌ندین ساڵ له‌گه‌ڵ نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ كه‌ركوك بووه‌، له‌ په‌یامێكدا بۆ كۆچی دوایی ناوبراو له‌ فه‌یسبوك نوسیویه‌تی "ئه‌گه‌ر رێكبكه‌وتایه‌ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغداو لایەنە شیعەکان دەیتوانی هیچ نەبێ لەشارەکەی خۆی بێت و ئاواره‌ نه‌بێت".

ئه‌و ده‌ڵێت زووزوو له‌ هه‌ولێر سه‌ردانی كردووه‌ و "زۆرجاریش باسی دەردەدڵی خۆی بۆ دەکردم،
بەنیازی ئەوەبوو لەحکومەتی نوێی هه‌رێم تەکلیفی لێبکرێت بکرێته وەزیر، وەک خۆی دەیگوت بتوانێت خزمەتی ئاوارەکان و کەرکوکییەکان بکات، هەم وەک ڕێزگرتنێ کە وازی لەپۆستی پارێزگارو ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی و کۆمەڵێ شتی تر هێنا".

سه‌رحه‌د قادر ره‌خنه‌ی له‌ حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌؛ كه‌ "له‌م حكومه‌ته‌ پڕ وزارییه‌ی هه‌رێم" پۆستێكیان به‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریم نه‌داوه.

نه‌جمه‌دین كه‌ریم، جگه‌ له‌ دورخستنه‌وه‌ی له‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك؛ چه‌ندین دۆسیه‌یه‌ی له‌لایه‌ن نه‌زاهه‌ و دادگاكانی عیراقیه‌وه‌ له‌سه‌ر بوو، به‌ چه‌ندین تۆمه‌تی جیاواز فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی هه‌بوو.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT