قایمقامی كەركوك، رایدەگەیەنێت كە لەژێر فشاری هاوڵاتیان و خاوەن مۆلیدە ئەهلییەكاندا نرخی ئەمپێری كارەبایان دیاریكردووە، كە بڕەكەی لە نێوان نۆ بۆ 11 هەزار دینارە، بەڵام ئەو نرخە روبەڕوی ناڕەزایی هاوڵاتیان بۆتەوە.
ئەو نرخە بۆ مانگی تشرینی یەكەم و 15 رۆژی مانگی ئەیلول دیاریكراوە، لەكاتێكدا هاوڵاتیان دەڵێن لەو ماوەیەدا كارەبای نیشتیمانیی زۆر بووە و مۆلیدە ئەهلییەكان كەمتر كاریان پێكراوە.
محەمەد سەعد، لە گەڕەكی رەحیماوا دادەنیشێت و بۆ سێ ئەمپێری كارەبا دەبێت 27 هەزار دینار بدات، بە (كەركوك ناو)ی وت "نۆ هەزار دینار هاتۆتەوە بۆ هەر ئەمپێرێک، لەکاتێدا لەم مانگەدا کەمترین کارەبای مۆلیدە دراوە بە هاوڵاتییان و کارەبا نیشتیمانی بەشێوەیەکی باش هەبووە".
"نرخ بە گوێرەی کارپێکردنی مۆلیدە دیاریناکرێت، ئەگەر بەپێی کارکردنی مۆلیدە دیاریبکرایە دەبوو ئەم مانگە بڕی سێ بۆ چوار هەزار دینار بە هاوڵاتیان بدرایە، بەڵام ئیدارەی ئەم شارە هیچ کات گوێی لە داواکاریی هاوڵاتییان ناگرێت، چەندین جارە بۆ ئەو مەبەستە ناڕەزایەتی دەردەبڕین، بەڵام گوێنادەن و نرخی زۆر دادەنێن".
چەندین جارە بۆ ئەو مەبەستە ناڕەزایەتی دەردەبڕین، بەڵام گوێنادەن و نرخی زۆر دادەنێن
نرخی ئەمپێری كارەبا بەپێی گەڕەكەكان دەگۆڕێت، لە نێوان نۆ هەزار دینار بۆ 11 هەزار دیاریكراوە.
لە كۆتایی مانگی ئەیلولدا، دوای ناڕەزایی هاوڵاتیان و ئەنجامدانی خۆپیشاندان دژی نرخی مۆلیدە ئەهلییەكان، ئیدارەی كەركوك بڕیاریدا نرخی هەر ئەمپێرێك لە 13 هەزار دینارەوە بۆ 10 هەزار دینار كەمبكاتەوە، بەڵام لەئێستادا دەڵێت "تەنیا پارەی 15 رۆژی ئەیلولمان وەرگرتووە و پێویستە هاوڵاتیان 15 رۆژەكەی تر لەگەڵ تشرینی یەكەمدا بدەن"، ئەوەش لەكاتێكدایە ئەوكات هاوڵاتیان لەو بڕیارە ئاگادارنەكرابونەوە.
لەبارەی نرخی ئەمپێری 15 رۆژی مانگی ئەیلول و تەواوی تشرینی یەكەم، کەریم عەلی، خاوەنی مۆلیدەی ئەهلییە لە كەركوك، وتی "ئەم نرخەش لە دژی ئێمە دانراوە و زیان دەكەین، چونكە ئێستا ئەوەی دانراوە پارەی 45 رۆژی كاركردنی مۆلیدەكانمانە".
كەریم عەلی، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی کارکردنی مۆلیدەكان بوایە، دەبوو نزیکەی 12 هەزار دینار دیاریبکرایە، بەڵام ئەوە نەکراوە، هەمیشە ئێمە زەرەرمەندین جگە لەوەش حکومەت گازمان پێنادات لەسەر ئەرکی خۆمان گاز دەکڕێن".
بەپێی کارکردنی مۆلیدەكان بوایە، دەبوو نزیکەی 12 هەزار دینار دیاریبکرایە
مانگی رابردوو، دژی نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان، لەیەككاتدا هاوڵاتیان و خاوەن مۆلیدەكان لە بەردەم بینای پارێزگار كۆبونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی.
فەلاح یایچلی، قایمقامی ناوەندی کەرکوک بە (كەركوك ناو)ی وت "پارەی 15 رۆژی مانگی ئەیلول و تەواوی مانگی تشرینی یەكەم تێكەڵكراوە و ئەو نرخەمان داناوە كە رامانگەیاند... كێشەكە بەگشتی ئەوەیە حکومەتی عیراق گازمان پێنادات تا بە مۆلیدە ئەهلییەكانی بدەین، بۆیە ئێمە بەپێی کاتژمێری کارکردنی مۆلیدە نرخ دادەنێن".
جەختیشیكردەوە "هاوڵاتییان مافی خۆیانە کە نیگەران بن، بەڵام ئێمە لەژێر فشاری هاوڵاتی و خاوەن مۆلیدەكانداین، بۆیە دەبێت نرخێک دابنێن کە هەردولا کەمترین بارگرانیان بکەوێتە سەرشان".