كەمپی هۆل چۆڵدەكرێت؟
"حەوت هەزار ژن و منداڵی سەر بە داعش" كەمپەكەیان بەجێهێشتووە

سوریا/ 19ی كانونی دووەمی 2020/ دوو ژن و منداڵەكانیان لە كەمپی هۆل فۆتۆ: ئەمبرین زەمان

عه‌مار عەزیز

به‌ڕێوه‌بەرایه‌تی خۆسه‌ری دیموکرات له‌ رۆژئاوای کوردستان (سوریا)، هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ داخستنی یەكجارەكی كەمپی هۆل و گەڕانەوەی "ژن و منداڵانی سەر بە چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)" بۆ وڵاتەكانی خۆیان، لە نێویاندا عیراق كە 30 هەزار ژن و منداڵی لەو كەمپە دەژین.

كەمپی هۆل، یەكێكە لە گەورەترین كەمپەكانی سوریا لە خۆرهەڵاتی شاری حەسەكە و 72 هەزار كەسی لێی نیشتەجێیە، كە پێكهاتون لە كەسوكاری داعش، لە ژن و منداڵی بیانییەكان، سوریی و عیراقی.

لە ئێستادا به‌ڕێوه‌بەرایه‌تی خۆسه‌ری دیموکرات له‌ رۆژئاوای کوردستان (سوریا)، هەوڵەكانی لەگەڵ رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی تر چڕكردۆتەوە بۆ داخستنی یەكجارەكی كەمپەكە و گەڕانەوەی ئەو ژن و منداڵانە بۆ وڵاتەكانی خۆیان، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی ژمارەی ئەوانەی ناو كەمپەكەن بۆ 65 هەزار كەمبۆتەوە.

هه‌ڤاڵ شێخموس ئه‌حمەد، لێپرسراوی نوسینگه‌ی کاروباری په‌نابه‌ران و کۆچبه‌ران سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌بەرایه‌تی خۆسه‌ری دیموکرات به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "رۆژانه‌ ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ که‌مپی هۆلدا ده‌ژین که‌مدەبێته‌وه،‌ سه‌ره‌تا 72 هەزار که‌س بون، بەڵام لە ئێستادا بۆ 65 هەزار كەس كەمبونەتەوە، ئەوانەی هەڵگری رەگەزنامەی سورین بۆ شوێنەكانی خۆیان دەگەڕێنرێنەوە".

holcamp-1-1
سوریا/ كەمپی هۆل لە خۆرهەڵاتی شاری حەسەكە بە بەرزی 5 هەزار مەتر لە ئاسمانەوە فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

ئەو وتی "کۆبونه‌وه‌ و دانوستانەكانمان بەردەوامن لەگەڵ رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ چوڵکردنی یەكجارەكی که‌مپی هۆل، چونکه‌ بارگرانییه‌کی زۆر گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر شانی به‌ڕێوه‌بەرایه‌تی خۆسه‌ری دیموكراتیك... هەروەها ئاستی هاوکارییه‌کان بۆ که‌مپه‌که‌ زۆر که‌مبۆته‌وه".

هەنگاوە سەرەتاییەكان بۆ چۆڵكردنی كەمپەكە دەستیپێكردووە و دەستكراوە بە گەڕانەوەی ئەوانەی هەڵگری رەگەزنامەی سورین بۆ شوێنەكانی خۆیان.

هه‌ڤاڵ شێخموس ئه‌حمەد، زیاتر وتی "لەگەڵ حكومەتی عیراق و وڵاتانی تر هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ین تا بەزوترین كات رازیبن منداڵ و ژنانی سەر بە داعش وەربگرنەوە و كەمپەكە دابخەین".

حكومەتی عیراق بۆ گەڕاندنەوەی "خێزان و كەسوكاری داعش" لە ناو كەمپی هۆل-ەوە بۆ عیراق، كاره‌كانی بنیاتنانی كه‌مپی عوملەی لە ناحیه‌ی زوممار له‌ باكوری خۆرئاوای نه‌ینه‌وا دەستپێكردۆتەوە، ئه‌وه‌ش دوای چه‌ند مانگێك له‌ راگرتنی كاركردن دێت لە كەمپەكە به‌ فشاری خه‌ڵك و عه‌شیره‌كانی ناوچەكە.

زیاتر سێ هەزار خێوەت له كەمپەكە دانراوە و لە‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی 2019دا ده‌ست به‌دروستكردنی كراوه‌، بەڵام له‌ نیوه‌ی كاره‌كانیدا به‌ فشاری خه‌ڵك راگیرا، چونكە ئامادەنەبون لە ناوچەكانیان كەمپ بۆ "كەسوكاری داعش" دروستبكرێت.

هه‌ڤاڵ شێخموس ئه‌حمەد وتی "لێپرسراوانی عیراق دەڵێن هێشتا كارەكانی كەمپەكە تەواو نەبووە، هەركات تەواو بوو ئێمە بەبێ دوو دڵی ژن و منداڵانی داعش دەگەڕێنینەوە بۆ عیراق".

لێپرسراوانی عیراق دەڵێن هێشتا كارەكانی كەمپەكە تەواو نەبووە، هەركات تەواو بوو ئێمە بەبێ دوو دڵی ژن و منداڵانی داعش دەگەڕێنینەوە بۆ عیراق

لە ئێستادا 30 هەزار كەس بە رەگەز عیراق لە كەمپی هۆلدا دەژین، لەگەڵ 25 هەزار سوریی و 10 هەزار بیانی، وەك هەڤاڵ شێخموس وتی.

ئەو جەختیكردەوە "زیاتر لە پێنج هەزار سوری لە نێو كەمپەكەوە گەڕێنراونەتەوە شوێنی خۆیان"، بەڵام هیچ رونكردنەوەیەكی نەدا لەسەر ئەو دوو هەزار ژن و منداڵەی تر كە لە كەمپەكەدا نەماون.

zwmar (2)
نه‌ینه‌وا، شوباتی 2020، داخستنی ده‌رگای كه‌مپی عومله‌ كه‌ بۆ له‌خۆگرتنی كه‌سوكاری داعش له‌ ناحیه‌ی زوممار بنیاتده‌نرێت‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا

بەشی كوردی رادیۆی سوید، دووشەممە 2ی تشرینی یەكەم بڵاویكردەوە كە چوار ژنی سەر بە داعش و نۆ منداڵ لە كەمپەكانی سوریاوە بە قاچاغ دەركراون بۆ توركیاو لەوێوە بەڕێگاوەن بۆ سوید، بەپێی ئەو رادیۆیە دوو لەو ژنانە لە كەمپی هۆلدا ژیاون.

مه‌حمود ره‌شۆ، ئه‌ندامی خانی ئێزیدی له‌ رۆژئاوای کوردستان – ماڵێكە بۆ كۆكردنەوەی ئەو ئێزیدییانەی لەلایەن داعشەوە رفێنران - به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "بۆ ئه‌و ژن و کچانه‌ی ناو كەمپی هۆل، كە ناسنامه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی و ده‌وروبه‌ری سوریایان هەیە لەوانەش عیراق، هێشتا هیچ بڕیارێک ده‌رنه‌چووه،‌ چونکه‌ تا ئێستا ئه‌و وڵاتانه‌ ئاماده‌ی خۆیان ده‌رنه‌بڕیوه‌ بۆ وەرگرتنەوەیان".

مەحمود جەختیكردەوە "به‌رپرسانی که‌مپی هۆلمان ئاگادارکردۆتەوە،‌ له‌وه‌ی هه‌رکاتێک ژن و کچ و منداڵ له‌ناو که‌مپەكە دەربكرێن، ده‌بێت ئێمه‌ پشکنین بۆ ره‌گه‌زنامه‌کانیان بکه‌ین تا دڵنیابینەوە لەوەی ئایا ئێزیدین یان نا، چونكە هێشتا ژمارەیەكی زۆری ژن و كچی ئێزیدی بێسەرەشوێنن و گوماندەكەین لەناو ئەو كەمپە بن و ئامادەنەبن خۆیان ئاشكرابكەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT