"مۆلیدەكان دەكوژێنینەوە"
ئیدارەی كەركوك كێشەی نرخی مۆلیدەی پێ چارەسەر ناكرێت

چاوەڕواندەكرێت ناڕەزاییەكی نوێ دروستبێت لەسەر نرخی مۆلیدە ئەهلییەكان لە كەركوك فۆتۆ: سۆران محەمەد

گۆران بابان

حكومەت نرخی مۆلیدە ئەهلییەكانی بۆ حەوت هەزار و 500 دینار دابەزاند، ئەوەش لەژێر فشاری ناڕەزایی هاوڵاتیان و دوای تەنیا یەك رۆژ لە دیاریكردنی نرخەكەی كە پێشتر لە نێوان بۆ 11 هەزار دینار بوو.

ئەو كێشەیە كە مانگانە دوبارە دەبێتەوە و حكومەت دەستەوەستانە لە چارەسەركردنی، بۆتە هۆی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی خاوەن مۆلیدە ئەهلییەكان و بڕیاریاندا بە كوژاندنەوەی مۆلیدەكانیات تا كێشەكە چارەسەر دەكرێت.

دووشەممە 2ی تشرینی دووەم، قایمقامیەتی قەزای ناوەندی كەركوك و ژمارەیەك پەرلەمانتاران لە كۆبونەوەیەكدا رێككەوتن بۆ هەر ئەمپێرێكی كارەبا حەوت هەزار و 500  دینار لە هاوڵاتیان وەربگیرێت، ئەوەش بۆ 15 رۆژی مانگی ئەیلول و تەواوی مانگی تشرینی یەكەم. بەڵام دوای دوو كاتژمێر خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان لەبەردەم بینای پارێزگار گردبونەوە و ناڕەزاییان نیشاندا لەو بڕیارە.

جومعە محەمەد یەکێک لە خاوەن مۆلیدە ئەهلییەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "حکومەت لەبری ئەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکە بکات، دێت تۆڵەی توڕەیی هاوڵاتیان لە ئێمەی خاوەن مۆلیدەكان دەكاتەوە... مەعقول نییە ئەو گازەی کە حکومەت بە ئێمەی دەدات بەشی تەنیا 10 رۆژی كاركردنی مۆلیدەكان دەكات، بۆ هەر لیترێكیش 450 دینارمان لێوەردەگیرێت، لەکاتێکدا هەر ئەو گازە لە بازاڕی رەشدا بە 400 دینار و هەرزانتر لە حکومەت دەیکڕین".

xopishan-dan-molida-9
كه‌ركوك، تشرینی یه‌كه‌می 2020، گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی دژی گرانی نرخی كاره‌بای مۆلیده‌ی ئه‌هلی فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

وتیشی "بەبێ پرس و وەرگرتنی بۆچونی ئێمە، نرخی مۆلیدەیان كردووە بە حەوت هەزار و 500 دینار، ئەو بڕە زۆر كەمە و ئێمە زەرەرمەند دەبین".

جەمال شکور، پەرلەمانتاری یەکێتی بە(کەرکوک ناو)ی وت "دوای هەوڵێکی زۆر توانیمان نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدەكان كەمبكەینەوە، چونکە فشار و داواکارییەکی زۆری هاوڵاتیان هەبوو بۆ ئەو بابەتە".

گردبونەوەی خاوەن مۆلیدە ئەهلییەكان نزیكەی دوو كاتژمێری خەیاند و بڕیاریاندا مۆلیدەكانیان بكوژێننەوە و ئەمڕۆش جارێكی تر خۆپیشاندان سازبكەنەوە.

سالم ئیسماعیل، یەکێکی تر لە خاوەن مۆلیدە ئەهلیەکان، لە گردبونەوەكەدا بە (كەركوك ناو)ی وت "پەرلەمانتاران بۆ ناچن شەڕ لەگەڵ بەغدا بکەن کە بەشە کارەبای نیشتیمانی كەركوك زیاد بکەن، بەڵام دێن لەسەر حسابی ئێمە دەیانەوێت كێشەكە چارەسەر بكەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT