مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنى کوردى لە كەركوك بۆ جارێكی تر گردبونەوە و داوایانكرد هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان رەزامەندی نیشانبدەن بە گواستنەوەی راژەكانیان بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی عیراق.
ئەو داواكارییە لە گردبونەوەیەكدا هات كە سێشەممە 3ی تشرینی دووەم لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمانی عیراق لە كەركوك سازكرا و تیایدا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سێ داواكارییان خستەڕوو.
یەکەم داواكاری ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی خوێندنی كوردی، گواستنەوەی راژەكانیانە لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ سەر حكومەتی عیراق، ئەوەش لەپێناو ئەوەی موچەكانیان لەكاتی خۆیدا وەربگرن.
حكومەتی هەرێم لە ئێستادا دوو مانگ جارێك موچەیەك دابەشدەكات، ئەوەش بە لێبڕینی سەدا 21 و 18ی موچەكانیان.
لەخاڵی دووەمی داواكارییەكانیان، تەرخانکردنى بودجەیەکى تایبەتە لە بودجەى ساڵى 2020ی عیراق بۆ موچەى مامۆستایانى خوێندنى کوردی لە کەرکوک، بەشێوەیەك هاوتاى مامۆستایانى هەردوو خوێندنى عەرەبی و تورکمانى بێت، ئەوەش هەر بەپێی راگەیەنراوێكی گردبونەوەكە، كە تیایدا هاتووە "ئێمەش وەکو هەموو هاوپیشەکانمان دەمانەوێت لەكات و ساتی خۆیدا و بێ دواکەوتن موچەکانمان وەربگرین".
ئێمەش وەکو هەموو هاوپیشەکانمان دەمانەوێت لەكات و ساتی خۆیدا و بێ دواکەوتن موچەکانمان وەربگرین
مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی، داوا لە وەزیرى پەروەردەى حكومەتی هەرێمى کوردستان دەكەن، "بەڵێنەکەى بێنێتەدی و رێکارە ئیدارییەکانمان بۆ جێبەجێبکات، كە خۆی لە بەرزكردنەوەی داواكارییەكانمان بۆ حكومەتی عیراق دەبینێتەوە"، ئەوەشیان وەكو داواكاری سێیەمیان دیاریكردووە.
لە پارێزگای كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك، تەواوی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی عەرەبی و توركمانی راژەكانیان سەر بە حكومەتی عیراقە و لەكاتی خۆیدا موچە وەردەگرن، جگە لەم دوو مانگە نەبێت، كە چەند رۆژێك دواكەوتووە.
لانیكەم نزیكەی هەشت هەزار مامۆستا و فەرمانبەری پەروەردەی سەر بە خوێندنی كوردی لە كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك راژەكانیان لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانە و لە ساڵی 2014ەوە موچەكانیان لەكاتی خۆیدا پێنادرێت، لەگەڵئەوەشدا بەشێكی موچەكانیان بە بڕیاری حكومەت پاشەكەوت كراوە و بەشێكی تریان لێبڕاوە.
"خەڵکى رەسەنى ئەم شارەین، بەپێی ئامارى ساڵى 1957 تۆمارکراوین و فۆرمى خۆراک و پسولەى نیشتەجێبونمان پارێزگای کەرکوکە، بەڵام لەسەر وەزارەتى پەروەردەى حكومەتی هەرێمى کوردستان دامەزراوین... پێویستە کێشەکەمان وەکو کێشەیەکى عیراقى تەماشابکرێت نەک وەکو کێشەیەکى سیاسى، چونکە ئێمەى مامۆستایان جگە لە پێگەیاندنى نەوەى داهاتوو، هیچ پەیوەندییەکمان بە کێشەى سیاسیی و کێشە ناوخۆییەکانى وڵاتەوە نییە"، لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا واهاتووە.
تەنیا لە ئەمساڵدا ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە دەیان جاری تر بۆ هەمان داواكاری كۆبونەتەوە و هێشتا هیچ ئەنجامێكی هەوڵەكانیان دیار نییە.