گروپی شەقام لە كەركوك داوای یاسایی لەسەر هەریەكە لە پارێزگار، قایمقام، لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان و لیژنەكانی شارەوانی تۆماركرد، ئەوەش لەسەر پرسی نرخی مۆلیدە ئەهلییەكان و كۆكردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاك.
ئەو لیژنەیە سێشەممە 3ی تشرینی دووەم، چووە بەردەم دادگای كەركوك و وتەیان لێوەرگیرا لەسەر سكاڵاكەیان، ئەوەش دوای ئەوە هات پێشتر بە هەمان شێوە لە دادگای تایبەت بە دەستەی نەزاهە هەمان سكاڵایان تۆماركرد.
محەمەد جەلیل، سەرپەرشتیاری گروپی شەقام بە (کەرکوک ناو)ی وت "بەداخەوە سکاڵای یەكەممان لە دادگای تایبەتمەند لە دەستەی نەزاهە وەكو پێویست نەجوڵێنرا، ئەوەش بە هۆکاری سیاسی، بۆیە ئەمجارە سكاڵا یاساییەكەمان بردە دادگای كەركوك".
ئەو گروپە سكاڵاكەیان لە دژی پارێزگار، قایمقام، لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان و لیژنەكانی شارەوانی تۆماركردووە.
محەمەد وتی "دەستەی نەزاهە لەبارەی سكاڵای یەكەمی ئێمەوە، نوسراوێكیان ئاراستەی پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک كردووە، بەڵام ناوبراو هەر وەڵامیشی نەداونەتەوە و نوسراوەكەی لای خۆی خەواندووە، بۆیە ئێمەش ناچاربوین مەلەفەکە تەحویلی دادگا بكەینەوە، چونکە ئێمە پاڵپشت بەواژۆی هەزار کەس لەگەڕەکە جیاوازەکان ئەو واژۆیانەمان کۆکردوەتەوە و سکاڵاكەمان تۆمار کردووە".
ئێمە پاڵپشت بەواژۆی هەزار کەس لەگەڕەکە جیاوازەکان ئەو واژۆیانەمان کۆکردوەتەوە و سکاڵاكەمان تۆمار کردووە
"ناکرێت ئیرادەی خەڵکانێکی ستەملێکراو بەمجۆرە دیزە بەدەرخۆنە بکرێت"، محەمەد وایوت.
گروپی شەقام لە كەركوك لەلایەن ژمارەیەك چین و توێژەكانی كۆمەڵگەوە لە مامۆستا، پارێزەر، كاسبكار و فەرمانبەر پێكهێنراوە، ئامانجیان فشار دروستكردنە لەسەر ئیدارەی پارێزگا بۆ چارەسەركردنی ئەو كەموكوڕییانەی روبەڕوی ژیانی رۆژانەی خەڵك دەبێتەوە.
محەمەد وتی "ئێمە چاوەڕوانی ئەوەین دادگا بەرۆڵی خۆی هەستێت... ئەگەر بێت و دادگا دادپەروانە نەبێت و حەق بۆ خاوەن ماف نەگەڕێنێتەوە، ئیتر ئەم میللەتە چۆن دڵی بەم دەزگایانە خۆشبێت؟".
گروپی شەقام هەڕەشە دەكات و دەڵێت "ئەگەر بێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان نەیەنە ژێر باری داواکارییەکانمان ئەوا لە هەموو گەڕەکەکانی شار خەڵک دەهێنینە سەر شەقام"، محەمەد وایوت.
ناڕەزاییەكانی گروپی شەقام لە دیاریكردنی نرخی مۆلیدە ئەهلییەكانە و پێیانوایە ستەم لە هاوڵاتیان دەكرێت، مانگانە بۆ هەر ئەمپێرێكی كارەبا لە نێوان 10 بۆ 15 هەزار لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت جگە لەم مانگە كە لەژێر فشاردا كرایە حەوت هەزار و 500 دینار.
هەروەها گروپی شەقام، داوادەكات ئەو پارەیەی لە بەرامبەر کۆکرنەوەی خۆڵ و خاشاک لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت، هەڵبوەشێنرێتەوە، "چونکە حکومەت مانگانە پارەیەكی زۆری لەو بوارەدا دەستدەكەوێت، بەڵام زبڵ و خاشاک، کۆڵان و شەقامەکانی تەنیوە و سیمای شاریشی تێکداوە"، بەپێی وتەی لێپرسراوانی گروپەكە.