حەوت هەزار و 400 دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە ناوچەی حەفتەغار لە قەزای داقوق بۆ ئەمساڵ خەوێنران و بۆ هیچ كەسێك نییە بیچێنێت، ئەوەش بەپێی رێككەوتنی جوتیارانی كورد و عەرەب.
ئەو رێككەوتنە لەژێر چاودێری فەرماندەیی ئۆپەرسیۆنەكانی كەركوك و هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی لە نێوان جوتیارانی هەردوو پێكهاتەكە ئەنجامدرا، بۆ گوندەكانی فەریق، مەنسور، ئەلبونەجم و جنڵاوە لە ناوچەی حەفتەغار لە قەزای داقوق باشوری كەركوك.
محەمەد ئیبراھیم، ئەنجومەنی گوندی مەنسور، بە (کەرکوک ناو)ی وت "ماوەیەک پێش ئێستا لە بارەگای ئوپەراسیونە ھاوبەشەکانی کەرکوک لەگەڵ جوتیارانی عەرەب کۆبوینەوە و هەردولا رێككەوتین بە سڕكردنی زەوییە كشتوكاڵییەكانی ناوچەی حەفتەغار، ئێمە لای خۆمانەوە بە رێككەوتنەكە رازی بوین، بەڵام دوای ماوەیەك چەند جوتیارێكی عەرەب دەستیانكرد بە كێڵانی زەوییەكان، بۆیە ئێمەش رێگریمان لێكردن، بەڵام دواتر ئەوانیش بڕیاریاندا پێوەی پابەندبن".
ئەو زەوییانەی خەوێنراون (سڕكراون)، نزیكەی حەوت هەزار و 400 دۆنم زەوی كشتوكاڵی دەبێت، بەپێی رێككەوتنەكە هیچ جوتیارێك بۆی نییە ئەمساڵ بیكێڵێت و بیچێنێت.
"ئێمە خاوەنی راستەقینەی زەوییەكانیان، بەڵام چەند جارێك گرژیی و ئاڵۆزی دروستبووە و دەمانەوێت تا حكومەت ئەو كێشەیە یەكلاییدەكاتەوە سڕبكرێن"، محەمەد ئیبراهیم وای وت.
زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك و چەند پارێزگایەكی تر، لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حزبی بەعس، بەشێوەی گرێبەست بەسەر عەرەبی خواروو و ناوەڕاستی عیراقدا دابەشكران، تا روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 مامەڵەیان پێوەدەكرا و دواتر بەجێیانهێشت.
لەو ساڵەوە جوتیارانی كورد زەوییەكان بەكاردەهێننەوە، تا دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، كاتێك دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند بۆ كەركوك گەڕایەوە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێم لەناوچەكە كشانەوە، ناوبەناو ناكۆكی و كێشمەكێش لەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكان دروستدەبێتەوە.
وەزارەتی دادی عیراق، لە 23ی ئەیلول بڕیارێكی ئاراستەی حەوت پارێزگای عیراق كرد لەنێویاندا كەركوك، تیایدا جەختدەكاتەوە لە راگرتنی كاركردن بە گرێبەستە كستوكاڵییەكانی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حزبی بەعس.بەڵام فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك رەتیكردەوە پێوەی پابەندبێت.