ژمارەیەك كەسایەتی كورد و توركمان لە هەردوو قەزای داقوق و گوندی بەشیر، داوا لە سەرۆك كۆمار دەكەن، كاربكات بۆ پاراستنی ژیان و موڵك و ماڵیان.
ئەو داواكارییە دوای سەردانی وەفدێك لە كەسایەتییەكانی ئەو ئەو دوو نەتەوەیە هات بۆ لای سەرۆك كۆمار لە 4ی تشرینی دووەم.
شێخ عزەدین تاڵەبانی، کەسایەتی داقوق و بەشدار لەو سەردانە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە كۆبونەوەماندا لەگەڵ سەرۆك كۆمار داوامانكرد رۆڵی گەورە ببینێت بۆ کۆتاییھێنان بە کێشەکانی شارەکەمان و زامنکردنی ئارامی بۆ دانیشتوانەكەی، بەوردی باسمان لە کێشەکان کرد کە روبەڕوی دانیشتوانی سنورەکە بۆتەوە، بە تایبەتی کێشەی زەوی و زارەکان و كێشەی ئەمنی".
بەوردی باسمان لە کێشەکان کرد کە روبەڕوی دانیشتوانی سنورەکە بۆتەوە، بە تایبەتی کێشەی زەوی و زارەکان و كێشەی ئەمنی
قەزای داقوق ماوەی ساڵێكە بە دۆخێكی ئەمنی جێگیردا تێپەڕنابێت و كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانیش لە نێوان جوتیارانی عەرەب و نەتەوەكانی تر بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و ناوبەناو ئاڵۆزی لێدەكەوێتەوە.
شێخ عزەدین وتی "بە سەرۆكایەتی كۆمارمان وت ئەو كێشانە رۆژانە سەرھەڵدەداتەوە، ئەو خروقاتانەی کە لەلایان پارێزگاری کەرکوکەوە دەکرێت بۆ سەر زەوییە كشتوكاڵییەكان بەردەوامن، ئەویش باسی پێكهێنانی ئەو لیژنەیەی كرد كە لەلایەن نوێنەرانی سەرۆک کۆمار، سەرۆك وەزیران و وەزارەتی کشتوكاڵەوە پێكهێنراوە بۆ چارەسەری كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكان".
ئەبو جەعفەر، دانیشتوی گوندی بەشیر لە پێكهاتەی توركمان كە لەو كۆبونەوەیەدا بەشداربوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "ھەموو گرفتەکانی ناوچەكەمان بۆ لێپرسراوانی بەغدا باسكرد، سەرەتا چاومان بە وەزیری داد، هەروەها قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی كەوت، دواتر چوینە لای سەرۆك كۆمار، كێشەی سەرەكی ئێمە دەستدرێژییە بۆ سەر زەوییە كشتوكاڵییەكانمان و دۆخی ئەمنی ناوچەكە، ئێمە خەڵكی رەسەنی گوندی بەشیر-ین، بەڵام ئێستا عەرەبی هاوردە دەیانەوێت دەست بەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكانماندا بگرن".
سەرۆكایەتی كۆمار لە راگەیەنراوێكیدا، جەختدەكاتەوە لەوەی، بەرهەم ساڵح، لەو كۆبونەوەیەدا تەئكیدی كردۆتەوە لە پێویستی یەکلایکردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان "بەگوێرەی دەستور و خواستی کەرکوکییەکان دور لە سیاسیەتی پەراوێزخستن و سەپاندنی ئەمری واقع".
هەروەها هاتووە "بەرهەم ساڵح بە گرنگییەوە باسی له رێوشوێنه ئەمنییەکان کردووە بۆ رێگریکردن لە تیرۆریستان بۆ ئەوەی دۆخەکە نەقۆزنەوە و هەڕەشە لە پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی شارەکە بکەن".