ئاواره‌كانی دهۆك: له‌ژێر فشار و هه‌ڕه‌شه‌دا ناگه‌ڕێینه‌وه‌

دهۆك، 2019، كه‌مپی كه‌به‌رتوو كه‌ زۆرینه‌ی ئاواره‌ ئێزیدییه‌كانی شنگالی تێدا ده‌ژی فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

له‌وكاته‌وه‌ی له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ گوێبیستی بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌ت بووه‌؛ هه‌دیا له‌دڵه‌ڕاوكێدایه‌، چونكه‌ ده‌ترسێت له‌ژێر فشاردا بۆ زێدی خۆی بگه‌ڕێنرێته‌وه‌، له‌كاتێكدا گه‌ڕه‌ك و خانوه‌كه‌یشی وێرانه‌ی شه‌ڕن.

ئه‌و بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌تی فیدراڵی عیراق، بۆ داخستنی ته‌واوی كه‌مپه‌كانی ئاواره‌ییه‌ تا كۆتایی ئه‌مساڵ، به‌ ئامانجی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی له‌ ناوچه‌كانیاندا.

"چه‌ند رۆژێكه‌ گوێبیستی ئه‌وه‌بوین حكومه‌ت كه‌مپه‌كان چۆڵده‌كات، له‌لایه‌م دڵخۆشین كه‌ ئیتر ئاواره‌یی نامێنێت له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ زۆر ده‌ترسن به‌ زۆر بگه‌ڕێندرێینه‌وه‌" هه‌یا قاسم (30 ساڵ) وای وت.

هه‌دیا خه‌ڵكی شنگاله‌ و نزیكه‌ی شه‌ش ساڵه‌ له‌ كه‌مپی كه‌به‌رتوی دهۆكه‌، ئه‌و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "خانوه‌كه‌مان له‌كاتی شه‌ڕی داعشدا به‌ته‌واوی ڕوخاوه‌، ئیتر نازانین چۆن بگه‌ڕێینه‌وه‌، له‌كاتێكدا كێشه‌كانی شنگال به‌چاره‌سه‌رنه‌كراوی ماونه‌ته‌وه‌".

awaraduhokk
دهۆك، كه‌مپێكی ئاواره‌كان كه‌ زۆرینه‌ خه‌ڵكی نه‌ینه‌وان  فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

جگه‌ له‌و وێرانكارییانه‌ی به‌ر خانوی هاوڵاتیان كه‌وت، شه‌ڕی داعش، ژێرخانی گشتی له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی نه‌ینه‌وادا وێرانكردووه‌، له‌نێویاندا خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌ك كاره‌با و ئاو.

هه‌دیا داواكاره‌ حكومه‌ت هیچ فشار و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان به‌كارنه‌هێنێت.

قسه‌ی ئه‌و ژنه‌ و زۆربه‌ی ئاواره‌كانی دیكه‌ی كه‌مپ، ئه‌وه‌یه‌ له‌ژێر فشاردا ناگه‌ڕێنه‌وه‌، چونكه‌ پێشوه‌خته‌ ده‌یانه‌وێت لانیكه‌م خزمه‌تگوزاری بۆ ناوچه‌كانیان بگه‌ڕێته‌وه‌ و توانای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانوه‌ روخاوه‌كانیان هه‌بێت.

داخستنی كه‌مپه‌كانی دهۆك سته‌مێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ ئاواره‌كان

وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق، هه‌فته‌ی رابردو، نه‌مانی هیچ كه‌مپێكی ئاواره‌یی له‌ هه‌ردوو پارێزگای به‌غدا و كه‌ربه‌لا راگه‌یاند، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واوی ئاواره‌كان.

حكومه‌ت جه‌ختیكردۆته‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان به‌ خواستی خۆیانه‌ و له‌ژێر فشاردا نییه‌، ئامانجیش لێی داخستنی كه‌مپه‌كانه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری وڵاتدا.

نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ عیراق؛ 30ی تشرینی یه‌كه‌م له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عیراقی كردووه‌ بۆ داخستنی كه‌مپه‌كان و داواده‌كات؛ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان به‌ خواستی خۆیان و له‌ كه‌شێكی ئارام و رێزلێگیراود بێت.

"ئه‌گه‌ر حكومه‌ت بڕیاری داخستنی كه‌مپه‌كانی دهۆكیش بدات، ئه‌وا سته‌مێكی گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ هه‌زاران خێزان نایانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه" موراد چۆكی واده‌ڵێت، كه‌ شه‌ش ساڵه‌ له‌ كه‌مپێكی دهۆك ئاواره‌یه‌.

ئه‌و پێیوایه‌ بڕیاره‌كه‌ی به‌غدا، به‌ باشی تاوتوێنه‌كراوه‌، چونكه‌ بارودۆخی له‌بار نه‌ره‌خساوه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و كه‌سیش به‌زۆر نانێردرێته‌وه‌.

shngal-8
نه‌ینه‌وا، 2020، گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانێكی ئێزیدی دوای شه‌ش ساڵ له‌ ئاواره‌یی فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

له‌ هه‌رێمی كورستان؛ زیاتر له‌ 737 هه‌زار ئاواره‌ی ناوخۆیی هه‌ن، كه‌ سه‌دا 38یان له‌ 37 كه‌مپدا نیشته‌جێن و ئه‌وانیتر له‌ ناوچه‌كانی هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك له‌ خانوی كرێ یان باڵه‌خانه‌ی ته‌واونه‌كراودا ده‌ژین، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌یلولی 2020.

وه‌حید ئه‌مین، لێپرسراوی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی له‌ پارێزگای دهۆك، كه‌ سه‌رپه‌رشتی هه‌موو كه‌مپه‌كانی پارێزگاكه‌ ده‌كه‌ن، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هێشتا دیار نییه‌‌ كه‌مپه‌كانی هه‌ولێر و دهۆك داده‌خرێن یان نا، ئه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ بڕیاری حكومه‌تی عیراق و ئاماده‌یی ئاواره‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌".

هه‌روه‌ها پێشیوایه‌ داخستنی كه‌مپه‌كانی دهۆك و هه‌ولێر، ده‌كه‌وێته‌ قوناغی دووه‌می هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی حكومه‌تی عیراق، بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته‌ ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كان، به‌ تایبه‌ت شنگال و ده‌وروبه‌ری ئاسایی بكرێنه‌وه‌ و خزمه‌تگوزارییان بۆ دابینبكرێت، تا ئاواره‌كان بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌.

حكومه‌تی عیراقی، له‌رێی وه‌زاره‌تی كۆچه‌وه‌، هاوكاری دارایی به‌ بڕی ملیۆنێك و 500 هه‌زار دینار به‌ هه‌ر خێزانێكی ئاواره‌ ده‌دات، ئه‌گه‌ر بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ بده‌ن.

له‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك قبوڵناكه‌ین فشار بخاته‌ سه‌ر ئاواره‌كان تا بگه‌ڕێنه‌وه

ئه‌سكه‌نده‌ر محه‌مه‌د ئه‌مین، لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌ران له‌ دهۆك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك قبوڵناكه‌ین فشار بخاته‌ سه‌ر ئاواره‌كان تا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی خۆیان، به‌ڵام  هه‌ر ئاواره‌یه‌ك به‌ خواستی خۆى بگه‌رێته‌وه،‌ ئێمه‌ رێگری لێناكه‌ین و مامه‌ڵه‌كانی به‌ زووترین كات بۆ ته‌واو ده‌كه‌ین".

ئه‌و ده‌ڵێت هیچ نوسراوێك یان بڕیارێكیان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌ ده‌رباره‌ی داخستنی كه‌مپكان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ ئێستادا ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ وه‌رزی زستان و پێداویستی به‌سه‌ر ئاواره‌كاندا دابه‌شده‌كه‌ن.

ئه‌سكه‌نده‌ر وتی پێیوایه‌ بڕیاری داخستنی كه‌مپه‌كان بۆ دهۆك له‌به‌ر دوو هۆكار جیاوازه‌، ئه‌وانیش هه‌بونی زۆرترین ئاواره‌ و دوه‌م به‌ هه‌ڵپه‌سێراوی مانه‌وه‌ی كێشه‌كانی شنگاله‌، بۆیه‌ زه‌حمه‌ته‌ به‌ ئاسانی ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌.

سه‌دا 30ی ئاواره‌كانی هه‌رێم ئێزیدی و زۆرینه‌ خه‌ڵكی شنگالن.

له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی داعش (2014-2017) نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره‌ بون و هێشتا زیاتر له‌ ملیۆنێك كه‌س بۆ زێدی خۆیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

سه‌رباری تێپه‌ڕینی چه‌ند ساڵێك به‌سه‌ر كۆتاییهاتنی شه‌ڕی داعش، به‌ڵام كه‌می خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی وه‌ك كاره‌با و ئاو و وێرانكارییه‌ی شه‌ڕ له‌ ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كاندا به‌ به‌ربه‌ستی به‌رده‌م نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان داده‌نرێن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT