هەزاران خێزانی ئاوارە لە كەمپەكانی كەركوك نە لەژێر خێوەتی ئاوارەییدا ئاسودەن، نە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان بەهۆی ترسی تۆڵەسەندنەوە، بەو هۆیەوە داوای هاوكاریی لە حكومەتی عیراق دەكەن.
گرفتی بەشێك لەو خێزانانە ئەوەیە رۆڵەكانیان لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) دژی هێزە ئەمنییەكان شەڕیان كردووە و بەشێكیان كوژراون یان بێسەروشوێنن، بەو هۆیەوە ترسیان هەیە لەكاتی گەڕانەوەیاندا روبەڕوی كوشتن ببنەوە لەلایەن ئەوانەی كەسوكاریان بەدەستی داعش كوژراون.
بەشێكی تری ئەو خێزانانە خانوەكانیان خاپوركراون و خزمەتگوزاری لە ناوچەكانیان نییە.
زوهرە حەمەد، دانیشتوی كەمپی ئاوارەكانی لەیلان لە كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوانەی تائێستا نەگەڕاوینەتەوە یان هاوژین و كوڕەكانمان لە شەڕی دژ بە پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان كوژراون، یان خانوەكانمان بە تەواوی روخێنراون".
زوهرە كە خۆی هاوژینەكەی بێسەروشوێنە و لەكاتی ئاوارەییدا لە 2014، لەگەڵ خێزانەكەیدا نەهاتە ناو شاری كەركوكەوە و ئێستاش هیچ هەواڵێكی نییە، وتی "ئەوەش بۆ ئێمە بۆتە کێشە، نە دەتوانین بڕۆینەوە زێدی خۆمان بەهۆى ترسی تۆڵەكردنەوە و کێشەى کۆمەڵایەتییەوە، نە دەتوانین لەناو شار شوێنێك بەكرێ بگرین و تیایدا بژین، بۆیە هیوادارم سەرۆك وەزیران چارەسەرێك بۆ كێشەی ئێمە بكات و بڕیارێك لەسەر دۆسییەكانمان بدات".
بەگشتی ئەو خێزانانە تێبینی ئەمنیان لەسەرە، ئەوەش هۆكاری رێپێنەدانیانە لەلایەن حكومەتەوە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان، یان رێگەنەدانیان بە تێكەڵبونیان لەگەڵ خەڵكی ناو شار.
حكومەتی عیراق سەرقاڵی گەڵاڵەكردنی بڕیارێكە بۆ چارەنوسی ئەو خێزانانە تاوەكو لە چاوەڕوانیدا نەهێڵدرێنەوە، ئەوەش بەپێی وتەی عەمار سەباح، لێپرسراوی فەرمانگەی كۆچ و كۆچیەران لە كەركوك.
عەباس محەمەد، دانیشتوى کەمپى یەحیاوەی كەركوك و خەڵكی ناحیەی عەیازییە لە قەزای تەلەعفەر بە (كەركوك ناو)ی وت "خانوەکەم لەلایەن داعشەوە بە زەوییەوە تەختکراوە و ناتوانم بگەڕێمەوە بۆ ناحییەکەم، داواکارین لە حکومەت هاوکاریمان بکات و خانومان بۆ دروستبکات، بۆ ئەوەى ئێمەش وەکو هاوڵاتی ئاسایى بگەڕێنەوەى شوێنى خۆمان و ژیانى خۆمان لە نوێوە دەستپێبکەینەوە".
بەپێی ئامارێكی فەرمانگەی كۆچ و كۆچیەران لە كەركوك، هێشتا دوو هەزار خێزان لە كەمپەكانی ئاوارەییدا دەژین و ئیدارەی كەركوكیش بۆ گەڕاندنەوەیان لیژنەیەكی ناوخۆیی پێكهێناوە.
عەمار سەباح بە (كەركوك ناو)ی وت "لە كەركوك لە كۆی حەوت كەمپ، ئێستا دوو كەمپ ماون كە دوو هەزار خێزان (نۆ هەزار كەس) لێی نیشتەجێن، لیژنەیەکمان بە سەرۆکایەتى فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەكانی کەرکوک بۆ چارەسەرکردن و گەڕانەوەى ئاوارەكان پێکهێناوە... ئێمەش لە چاوەڕوانى ئەو بڕیار و رێکارانەین کە حکومەت دەربارەی ئەو خێزانانە دەیدات كە تێبینی ئەمنییان لەسەر هەیە".
ئێمەش لە چاوەڕوانى ئەو بڕیار و رێکارانەین کە حکومەت دەربارەی ئەو خێزانانە دەیدات كە تێبینی ئەمنییان لەسەر هەیە
هەندێك لەو خێزانانە، لەوانەش عەباس محەمەد، هیچ سەرچاوەیەكی دارایی نییە و بژێوی خێزانەكەی باش نییە تا بتوانێت خانوو دروستبكەنەوە، ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە لەبەردەم كاری ئەو لیژنانەی هەوڵ بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان دەدەن.
ئەوە لەكاتێكدایە، هاوكاریی حكومەت و رێكخراوەكان بۆ ئاوارەكان تا دێت كەمتر دەبێتەوە لە پێدانی خۆراك و پێداویستی تر، وەك ئاوارەكان دەڵێن.
"ئێستا هیچ خۆراكێك بە ئاوارەكان نادرێت، لە بەرامبەردا بڕێك پارەیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی خۆیان ئەو پێداویستیانە بكڕن كە پێویستیانە". سەرچاوەیەك لە كەمپی ئاوارەكان وای بە (كەركوك ناو) وت.
هێزە ئەمنییەكانی عیراق لە كەركوك ناوبەناو ئۆپەراسیۆن بۆ پاككردنەوەی ئەو ناوچانە دەكەن كە هێشتا مەترسین بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و جموجۆڵی چەكدارانی سەر بە داعشی لێیە.
حەیدەر ئەلمتەوڕی، فەرماندەی فیرقەی پێنجی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی بە (كەركوك ناو)ی وت "لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیران و وەزیری ناوخۆ بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، لە كۆتایی ئەیلولی رابردوو ئۆپەراسیۆنێكی فراوانمان لە باشوری كەركوك ئەنجامدا... ئامانجمان ئەوەیە كاتێك ئاوارەكان دەگەڕێنەوە مەترسی لەسەر ژیانیان نەبێت و نەكرێنە ئامانج".