له‌ كه‌مپ پاڵپشتن و له‌ شنگال دژن
رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌غدا و هه‌ولێر ئێزیدییه‌كان دابه‌شده‌كات

ده‌سته‌ راستی وێنه‌كه‌؛ خۆپیشاندانی ئاواره‌كان بۆ پاڵپشتی رێككه‌وتنی شنگال و ده‌سته‌چه‌پی وێنه‌؛ خۆپیشاندانی دژ به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

هاوڵاتیانی ئێزیدی، له‌ دوو خۆپیشاندانی دژ به‌یه‌كدا؛ به‌شێكیان پاڵپشتییان بۆ رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌غدا و هه‌ولێر نیشاندا، به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش دژی رێككه‌وتنه‌كه‌ ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی.

هه‌ردوو خۆپیشاندانه‌كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 8ی تشرینی دوه‌م به‌ڕێوه‌چوو، یه‌كه‌میان له‌ كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی پارێزگای دهۆك و ئه‌ویتر له‌ ناوه‌ندی قه‌زای شنگالی پارێزگای نه‌ینه‌وا.

ئاواره‌ ئێزیدییه‌كانی كه‌مپه‌كانی دهۆك، دروشمی پاڵپشتییان بۆ رێككه‌وتنی شنگال به‌رزكرده‌وه‌ و داوایان كرد جگه‌ له‌ هێزه‌ فه‌رمییه‌كانی عیراق، هه‌موو هێزه‌كانی دیكه‌ له‌ سنوره‌كه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.

سالم به‌ده‌ل، چالاكوان و ئاواره‌ی كه‌مپی شاریا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "خۆپیشاندانه‌كه‌ دژی مانه‌وه‌ی هێزه‌ ناشه‌رعییه‌كانی ناو قه‌زای شنگال بوو"، ده‌ڵێت داواشیانكردووه‌ رێككه‌وتنی به‌غدا و هه‌ولێر وه‌ك تاكه‌رێگای چاره‌سه‌ر بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

له‌و خۆپیشاندانه‌دا ئاواره‌ شنگالییه‌كانی هه‌ر چوار كه‌مپی شاریا، كه‌به‌رتوو، ئيسيان و خانكێ به‌شداربون.

"ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت هه‌موو هێزه‌ ناشه‌رعییه‌كان شنگال چۆڵبكه‌ن، تا ئاواره‌كان به‌بێ ترس بگه‌ڕێنه‌وه" سالم وای وت.

shngallll
دهۆك، تشرینی دوه‌می 2020، به‌شێك له‌ ئێزیدییه‌كانی كه‌مپی ئاواره‌كان داوای جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی شنگال و چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌ "ناشه‌رعییه‌كان" ده‌كه‌ن فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

رێككه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ مانگی رابردودا واژۆكراوه‌ بۆ پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی نوێ و رێكخستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زای شنگال.

هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ناوه‌ندی قه‌زای شنگال، خۆپیشاندان دژی رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، به‌ به‌شداری ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڵاتییانی ناوچه‌كه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی خۆپیشاندانه‌كه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ خوێنرایه‌وه‌ و كۆپییه‌كی لای (كه‌ركوك ناو)ـه‌، داواكراوه‌ له‌ هه‌ر هه‌نگاو و رێككه‌وتنێكدا بۆ شنگال، پرس و راوێژ به‌ خه‌ڵكی قه‌زاكه‌ بكرێت.

هه‌روه‌ها هاتووه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌سه‌ر حساب و ماندوبون و قوربانیدان داموده‌زگا و هێزه‌كانی ئێستای ناو قه‌زاكه‌یه‌ كه‌ سه‌رباری وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕ مانه‌وه‌ و هه‌وڵیاندا ژیانی ئاسایی بۆ قه‌زاكه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌.

له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌دا داواكراوه‌ دان به‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ناوچه‌كه‌دا بنرێت، دۆسیه‌ی ئه‌منی لای خه‌ڵكی قه‌زاكه‌ بێت، به‌ تایبه‌ت ئه‌و هێزانه‌ی له‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌یدا رۆڵیان هه‌بوو، له‌وانه‌ حه‌شدی شه‌عبی و چه‌كدارانی ئێزیدی بمێننه‌وه‌ و دانیان پێدابنرێت.

خۆپیشانده‌رانی ناو شنگال دژی گه‌رانه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌ ئه‌منییانه‌ش ده‌وه‌ستنه‌وه‌ كه‌ به‌وته‌ی ئه‌وان له‌كاتی هێرشه‌كانی 2014ی داعشدا خه‌ڵكه‌كه‌یان به‌بێ پارێزگاری به‌جێهێشت.

ڤیدیۆ:: نه‌ینه‌وا، تشرینی دوه‌می 2020، خۆپیشاندان دژی رێككه‌وتنی به‌غدا و هه‌ولێر له‌ ناوه‌ندی قه‌زای شنگال / كه‌ركوك ناو

به‌پێی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌غدا و هه‌ولێر؛ قایمقامێكی نوێ بۆ شنگال داده‌نرێت و به‌ پۆسته‌ ئیدارییه‌كانی دیكه‌ی قه‌زاكه‌دا ده‌چنه‌وه‌.

لەئێستادا قەزای شنگال دوو قایمقامی هەیە، مەحما خەلیل –سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان- لە پارێزگای دهۆك دادەنیشیت و خۆی وەكو قایمقامی شنگال دەناسێنێت، فەهد حامد، لەناو شنگال و لەلایەن ئەنجومەنێكی كاتییەوە پشتیوانی دەكرێت.

له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی شنگال ده‌درێته‌ پۆلیسی ناوخۆیی، ده‌زگای هه‌واڵگری، ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی به‌ هه‌ماهه‌نگی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی دوو هه‌زار و 500 كارمه‌ندی ئه‌منی كه‌ هه‌زار و 500یان له‌ ئاواره‌ شنگالییه‌كانی ناو كه‌مپ و هه‌زاریان له‌ دانیشتوانی ئێستای شنگال بن.

رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌غدا و هه‌ولێر به‌ چاودێری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، دوای چه‌ندین ساڵ له‌ ململانێی ئیداری و ئه‌منی شنگال دێت، كه‌ به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، زیاتر له‌ پێنج هێزی چه‌كداری جیاواز له‌ قەزاكه‌دا هه‌ن له‌ نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی، یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)، پۆلیسی ناوخۆیی، سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌ی یه‌زیدخان.

قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای موسڵ و له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، به‌ڵام ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی  فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT