دوو برای رفێنراو ئازاد ده‌كرێن
18 رۆژ له‌ حه‌شارگه‌یه‌كی خانه‌قین ده‌ستبه‌سه‌ر بون

دیاله‌، 2020، رێگایه‌كی سه‌ره‌كی به‌ره‌و قه‌زای خانه‌قین و مونزرییه‌ فۆتۆ: ئه‌میر خانه‌قینی

ئه‌میر خانه‌قینی – دیاله‌

دوو برای بیسه‌روشوێنی خانه‌قینی؛ له‌ ناوچه‌یه‌كی نزیك قه‌ره‌ته‌په‌ ئازاد ده‌كرێن، ئه‌وه‌ش دوای تێپه‌ڕینی 18 رۆژ به‌سه‌ر رفاندنیاندا له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه‌.

عیماد و زه‌ید هاشم، 21ی تشرینی یه‌كه‌می 2020 كه‌وتنه‌ بازگه‌یه‌كی وه‌همییه‌وه‌ له‌سه‌ر رێگای نێوان ناحیەی جەلەولا و قەزای خانەقین، تا ئێواره‌ی 7ی تشرینی دوه‌م له‌ شه‌قامیكی نزیك ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ ئازادكران.

هاشم محه‌مه‌د، باوكی عیماد و زه‌ید به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "شه‌وی رابردو لەسەر شەقامێكی نزیك قەرەتەپە وێڵكرابون، دواتر لە رێگای كەسێكی نزیكی خۆمانه‌وه‌ لە قەرەتەپە مانەوە و ئەمڕۆ بەیانی گەڕانەوە بۆ گوندەكەی خۆمان".

ئه‌و خێزانه‌ دانیشتوی گوندی چوت_ن لە باكوری خۆرئاوای قه‌زای خانەقین.

"كوڕەكانم ماندوو، بێ هێز و برسین، چونكە ئەو شوێنەی تێیدا بون، شوێنكی گونجاو نەبووە، لە ناوچەیەكی چۆڵ بون و لە ناو حەشارگەیەك هاوشێوەی ئەشكەوتدا بەند كراون، نان و ئاوی باشیان پێنەدراوە".

هاشم ده‌ڵێت؛ كوڕه‌كانی به‌ كرێ و به‌ ئۆتۆمبێل، ئاژه‌ڵیان گواستۆته‌وه‌ بۆ گوندی (وادی عۆسه‌چ) له‌ ناحیه‌ی جه‌له‌ولای خانه‌قین، له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌دا كه‌وتونه‌ته‌ بۆسه‌ی ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه‌ و به‌ ده‌ستبه‌ستراوی بردویانن بۆ شوێنێكی نادیار.

rfenraw-1
زه‌ید (24 ساڵ) و عیماد (31 ساڵ)، ئه‌و دوو برا رفێنراوه‌ی ئازادكراون

عیماد (31 ساڵ) كرێكاری شارەوانییە بە كرێی رۆژانە و زەید (24 ساڵ) كاری شوانی ده‌كات.

هاشم محه‌مه‌دی باوكیان ئاماده‌نییه‌ له‌سه‌ر ورده‌كاری ئازادكردنی كوڕه‌كانی زانیاری زیاتر بدركێنێت، به‌پاساوی مه‌ترسی دروستبونی گرفتی دیكه‌، ته‌نیا جه‌ختیكرده‌وه‌ هیچ پاره‌یه‌كی له‌به‌رانبه‌ر ئازادكردنیاندا نه‌داوه‌ به‌ چه‌كداره‌كان.

ئه‌و بازگه‌ وه‌همییه‌ی عیماد و زه‌یدی تێدا رفێنرا، لة نزيك پردی حەلوان دانرابوو كە دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای قەزای خانەقین و هه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌و گروپه‌ چه‌كداره‌وه‌، ئه‌وكات سێ مەدەنی كوژران و دوو هاوڵاتی دیكه‌ برینداربون.

سەرچاوەیەك لە حەشدی شەعبی –دۆسیه‌ی ئه‌منی به‌شێك له‌ ناوچه‌كانی خانه‌قینیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌- به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بێگومان ئه‌و دوو هاوڵاتییه‌ به‌بێ پاره‌ ئازاد ناكرێن.. پێده‌چێت هه‌زاران دۆلار بۆ ئازادكردنیان وه‌رگیرابێت".

سه‌رچاوه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، كه‌ پێیوایه‌ داعش رفێنه‌ری ئه‌و دوو برایه‌ بووه‌، ده‌ڵێت دوای رفاندنیان براون بۆ چه‌می روباری سیروان، به‌وپێیه‌ی چه‌كداره‌كانی داعش له‌ خانه‌قینه‌وه‌ تا زه‌نجیره‌ چیاكانی حه‌مرین له‌ نزیكی قه‌ره‌ته‌په‌ جموجۆڵیان هه‌یه‌، چونكه‌ له‌و سنوره‌دا بۆشایی ئه‌منی زۆره‌ و حه‌شارگه‌یان داناوه‌.

له‌ چوارچێوه‌ی گفتوگۆكانی نێوان شاندی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق و پێشمه‌رگه‌، هه‌وڵی رێككه‌وتن ده‌ده‌ن بۆ پێكهێنانی ژوری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش و پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی ئه‌منی نێوان هه‌ردوو هێزه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك، له‌ نێویاندا قه‌زای خانه‌قین.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك كرده‌وه‌ی توندوتیژی له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی خانه‌قین تۆماركراون، له‌ نێویاندا چه‌ندین هێرشی چه‌كداری بۆ گوندنشینان كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی گیانیانله‌ده‌ستداوه‌ و برینداربون، جگه‌له‌وه‌ی زیانی زۆری ماددییان لێكه‌وتۆته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT