له‌ قۆناغی دوه‌می هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی شنگال ده‌رهێنراون

124 روفاتى ئێزیدی ده‌نێردرێنه‌ به‌غدا

شنگال/نیسانی 2019/ قۆناغی یه‌كه‌می پرۆسه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی گوندی كۆجۆ فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

124 روفاتی قوربانییانی ئێزیدی، له‌ قه‌زای شنگاله‌وه‌ ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كرێن بۆ پشكنین و ناسینه‌وه‌؛ دوای ئه‌وه‌ی له‌ قۆناغی دوه‌می هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كاندا ده‌رهێنران.

قۆناغی دوه‌می هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی شنگال، 25ی تشرینی یه‌كه‌می 2020 به‌ ئاماده‌بونی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، لێپرسراوانی حكومی و پیاوانی ئایینی ئێزیدی به‌كرداری ده‌ستیپێكرد، پاش تێپه‌ڕینی زیاتر له‌ ساڵێك به‌سه‌ر كۆتاییهاتنی قۆناغی یه‌كه‌مدا.

فه‌لاح حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ و کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری له‌ تیمی نیشتیمانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان له‌سێ ناوچه‌ی جیاوازی شنگال بوو، له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا توانیمان سێ گۆڕ هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌".

ئه‌و سێ گۆڕه‌ یه‌كێكیان له‌ ناوچه‌ی سولاغ بوو، به‌ گۆڕی دایكان ناسراوه‌ و ده‌یان ته‌رمی ئافره‌تانی ئێزیدی تێدابووه‌، كه‌ به‌ده‌ستی چه‌كدارانی داعش كوژراون.

گۆڕی دوه‌م له‌ سه‌نته‌ری شنگال و گۆڕه‌كه‌ی دیكه‌ له‌ گوندی كۆجۆ بووه‌.

"له‌ناو ئه‌و سێ گۆڕه‌دا 124 روفات ده‌رهێنراون، كه‌ زۆرینه‌ له‌ ره‌گه‌زی مێ بون".

gorr-6
شنگال، تشرینی یه‌كه‌می 2020، ژماره‌یه‌ك ئافره‌تی ئێزیدی له‌نزیك گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵی ناوچه‌ی سولاغ كه‌ به‌گۆڕی "دایكان" ناسراوه‌، بۆ قوربانیان ده‌گرین و ئازیزانیان ده‌لاوێننه‌وه‌ فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

ئه‌ندامه‌كه‌ی ده‌سته‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ و کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری له‌ تیمی نیشتیمانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کان وتیشی ته‌واوی روفاته‌كان ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی به‌غدا كراون، به‌ ئامانجی پشكنین و ناسینه‌وه‌یان.

فه‌لاح حه‌سه‌ن ده‌ڵێت ناسینه‌وه‌ی روفاته‌كان كاتی زۆری ده‌وێت، چونكه‌ پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆزه‌ و وردبینی ته‌واوی تێدا ده‌كرێت.

هەڵدانەوەی یه‌که‌م گۆڕی به‌کۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌کان له‌ گوندی کۆجۆی قه‌زای شنگال، به‌ بڕیاری حکومه‌تی عیراق له‌ 15ی ئازاری 2019 ده‌ستیپێکرد و تا ته‌مموزی هه‌مان ساڵ، 364 ته‌رم له‌ 17 گۆڕدا دەرهێنران، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماری فه‌رمی تیمی نیشتمانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کان سه‌ر به‌ حکومه‌تی عیراقی.

روفاتی قۆناغی یه‌كه‌می هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كان زیاتر له‌ ساڵێكه‌ بۆ پشكنین ره‌وانه‌ی به‌غدا كراون و نه‌گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌.

فه‌لاح حه‌سه‌ن وتی تیمی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ به‌غدا و دیارنیه‌ كه‌ی قۆناغه‌كانی دیكه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.

به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌بەرایه‌تی کاروباری ئێزیدییان سەر بە وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له‌ هێرشه‌كانی ئابی 2014ی داعش بۆ شنگال، دوو هه‌زار و 293 ئێزیدی به‌ ده‌ستی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ کوژراون.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ له‌  شنگال، 80 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی یەک کەسی، که‌ مێژوه‌کانیان بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش ده‌گه‌ڕێتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT