دوو كچ لە دوو روداوی جیاوازدا لە سلێمانی و خانەقین "كوژران" و شوێنەواری فیشەك بە جەستەیانەوە بووە.
یەكێك لە كچەكان (شەونم رۆستەم 15ساڵ)، شەوی رابردوو گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی باوەنور لە سنوری قەزای كەلار، كچەكەی تریش ئەندازیارە و لە شەقامی 60 مەتری سلێمانی تەرمەكەی لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدا دۆزرایەوە. هەردوكیان شوێنەواری گولـلە بە جەستەیانەوە بووە.
ئارام ئیحسان مەحمود، بهڕێوەبهری نهخۆشخانهی شههید مهلا ئەحمەد لە ناحیەی باوەنور، بە (كەركوك ناو)ی وت "کاتژمێر 9:20 خولهکی شهو 8ی تشرینی دووەم، کچێکی 15ساڵیان هێنایە نەخۆشخانەكەمان، فیشەک لهملی درابوو و لهگهڵ گهیشتنی به نهخۆشخانه گیانیلهدهستدا".
"هەرچەندە هەوڵمان لەگەڵیدا سودی نەبوو، چونكە درەنگ گەیاندیانە نەخۆشخانە، ههر لێره پۆلیس وتهی له کهسوکارەكەی وهرگرت و تەرمەكەیان دایەوە كەسوكاری"، ئارام وایوت.
عەلی جەمال، لێپرسراوی راگهیاندنی پۆلیسی گهرمیان بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو كچە لە گوندێكی سەر بە ناحیەی قورەتوو لە قەزای خانەقین گولـلەیەكی تاپڕ بەر ملی كەوتووە، ئێمە لە لێكۆڵینەوەداین و هێشتا بۆمان روننەبۆتەوە، ئایا خۆی كوشتووە، یان كوژراوە".
هێشتا بۆمان روننەبۆتەوە، ئایا خۆی كوشتووە، یان كوژراوە
"کهسوکارهکهی دهڵێن خۆی کوشتووە، شایهتحاڵهکانیش دهڵێن ئێمه تهنها دهنگی تهقهمان بیستوه و كاتێك چوینەتە ماڵیان بینیومانە كچەكە لەسەر زەوی كەوتووە و بێهۆشە"، عەلی جەمال وایوت.
دادگای لێکۆڵینهوەی گەرمیان، بڕیاریداوە به دهستگیرکردنی کهسوکاری، عەلی جەمال وتی "باوک و برایهکی دەستبەسەرن و دۆسییەكە لەژێر لێكۆڵینەوەدایە".
لە روداوێكی تردا لە سلێمانی، تەرمی كچێك لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا لە شەقامی 60 مەتری دۆزرایەوە و شوێنەواری سێ گولـلە بە جەستەیەوە بوو.
بەپێی وتەی سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی كە بە تۆڕی میدیایی رووداو قسەی كردووە، "كچەكە ئەندازیارە و تەمەنی لە 20 ساڵ زیاترە. تەرمەكەشی رەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە".
سەركەوت وتی "تائێستا نازانین روداوەكە كوشتن بووە یان خۆكوژی"، بەڵام جەختیكردەوە "دوو ئۆتۆمبێل لە شوێنی روداوەکە بون، دواتر یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان رۆیشتووە و تەرمی ژنەکەش لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا بەجێماوە."