رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی له‌ داخستنی كه‌مپه‌كانی عیراق نیگه‌رانه‌

نه‌ینه‌وا، 10ی تشرینی دوه‌می 2020، ئاماده‌كاری خێزانێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ كه‌مپه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان فۆتۆ: وه‌زاره‌تی كۆچ

كه‌ركوك ناو

ئه‌نجومه‌نی نه‌رویجی بۆ كاروباری په‌نابه‌ران، نیگه‌رانه‌ له‌ داخستنی كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی له‌ عیراق و داوا له‌ حكومه‌ت ده‌كات، لانیكه‌م پێشوه‌خته‌ خێزانه‌كان ئاگاداربكرێنه‌ تا بتوانن له‌ ماوه‌ی مانگێكدا ئاماده‌كاری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بكه‌ن.

ئه‌و نیگه‌رانییه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عیراقی بۆ داخستنی كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی تا كۆتایی ئه‌مساڵ.

ئه‌نجومه‌نی نه‌رویجی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داوای هه‌ماهه‌نگی له‌ حكومه‌ت ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كاندا رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان بتوانن هاوكارییان پێبگه‌یه‌نن، ئه‌وانه‌یشی ناتوانن بۆ زێدی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه‌، له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌دا تێكه‌ڵ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ بكرێن.

"داخستنی كه‌مپه‌كان به‌رله‌وه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی حه‌ز به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بكه‌ن یان توانای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان هه‌بێت، كاریگه‌ری كه‌می بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی ئاواره‌یی هه‌یه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ واده‌كات زۆرینه‌ی ئاواره‌ عیراقییه‌كانی له‌ بازنه‌ی ئاواره‌ییدا بمێننه‌وه‌ و له‌ جاران زیاتر روبه‌ڕوه‌ گرفت ببنه‌وه‌" به‌وته‌ی جان ئیگلاند، ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌.

ئه‌نجومه‌نی نه‌رویجی بۆ په‌نابه‌ران، رێكخراوێكی مرۆیی سه‌ربه‌خۆیه‌، زیاتر له‌ 70 ساڵ ئه‌زمونی كاركردنی هه‌یه‌ له‌ هاوكاری لێقه‌وماوان و په‌نابه‌ر و ئاواره‌.

ئه‌حلام، ئافره‌تێكی ته‌مه‌ن 49 ساڵی ئاوراه‌ی حه‌مام عه‌لیله‌ له‌ نه‌ینه‌وا، كاتێك بیستویه‌تی ناچاره‌ كه‌مپه‌كه‌ به‌جێبهێڵێت، به‌ كوڵ گریاوه‌ و وتویه‌تی "ئه‌مه‌ ماڵی منه‌، بۆچی ده‌یانه‌وێت له‌ شوێنی نیشته‌جێبونم ده‌رمبكه‌ن؟" ئه‌و ژنه‌ ترسی هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپ بێسه‌رپه‌رشت بمێننه‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا و دوای ئه‌و هه‌واڵه‌ هه‌ستده‌كات له‌ پرسه‌دایه‌، وه‌ك له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نه‌رویجیدا هاتووه‌.

123753909_1090427908054600_3931879035521198515_o
ئه‌حلام ده‌گری، به‌هۆی بیستنی هه‌واڵی ناچاركردنی بۆ به‌جێهێشتنی كه‌مپی ئاواره‌یی

له‌ كۆتایی مانگی رابردوشدا، نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ عیراق (یونامی) له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا بێ ئاگادار و راوێژی ئه‌وان بڕیاری داخستنی كه‌مپه‌كان ده‌ركراون، بۆیه‌ بەرپرسیارێتی سەرەکی پاراستن و سەلامەتی ئاوارە ناوخۆییەکانی خسته‌ ئەستۆی حکومەتی عیراق.

هه‌روه‌ها داوایانكرد حكومه‌ت بە شێوەیەکی "سەلامەت و شکۆمەندانە و ئارەزومەندانە" ئاواره‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق، زیاد له‌ جارێك جه‌ختیكردۆته‌وه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان ئاره‌زومه‌ندانه‌یه.

مانگی رابردوو كۆتا كه‌مپی ئاواره‌كان له‌ هه‌ردوو پارێزگای به‌غدا و كه‌ربه‌لا داخران و بڕیاره‌ له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ش چه‌ندین كه‌مپ به‌ یه‌كجاری دابخرێن.

له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی داعش (2014-2017) نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره‌ بون و هێشتا زیاتر له‌ ملیۆنێك كه‌س بۆ زێدی خۆیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

سه‌رباری تێپه‌ڕینی چه‌ند ساڵێك به‌سه‌ر كۆتاییهاتنی شه‌ڕی داعش، به‌ڵام كه‌می خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی وه‌ك كاره‌با و ئاو و وێرانكارییه‌ی شه‌ڕ له‌ ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كاندا به‌ به‌ربه‌ستی به‌رده‌م نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان داده‌نرێن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT