باوك و برایەكی شەونم رۆستەم، ئەو كچە 15 ساڵەی بە گولـلەیەكی تاپڕ لە ماڵەكی خۆیدا گیانیلەدەستدا، بە كەفالەت ئازادكران و هێشتا لێكۆڵینەوە لە دۆسییەكەش بەردەوامە. لیژنەی لێكۆڵینەوە چاوەڕێی راپۆرتی پزشیكی دادوەری دەكات بۆ ئەوەی بڕیار بدات شەونم كوژراوە، یان خۆی كشوتووە.
شەونم کاتژمێر 9:20 خوله‌کی شه‌و 8ی تشرینی دووەم، گەیەنرایە نەخۆشخانەی باوەنور سەر بە قەزای كەلار و هەر لەوێ گیانیلەدەستدا. بەپێی پزیشكەكانی نەخۆشخانە كە بۆ (كەركوك ناو) قسەیان كردووە، شوێنەواری فیشەكێك بە ملییەوە بووە.
هه‌رێم رۆسته‌م (25 ساڵ) یەكێك لە براكانی شەونم، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە بەیانییەوە تا ئێوارە، خه‌ریکی کاری رۆژانه‌ی خۆمانبوین، هیچ کێشه‌و گرفتێکمان نه‌بوو، ئێواره نانمان خوارد، دایکم زۆر ماندوبوو، خه‌وی لێکه‌وت، بۆیە من و براکەم وتمان لەبەر دایكم با لە ژوره‌که قسەنەكەین، ئەوەبوو لەبەردەم خانووەكەمان دانیشتین و باوكیشم لەگەڵمان بوو، بووه کاتژمێر 9ی شه‌و، باوکم وتی من ماندوم ده‌ڕۆم ده‌خه‌وم، هەركە باوكم گەیشتە نێو ماڵ دەنگێكی بەهێز هات".
"کاتێک رامانکرده ژوره‌وه، بینیمان شه‌ونمی خوشکم له‌سه‌ر زەوی که‌وتووه و خوێنی لێ دەڕوات"، هەرێم وتی سەرەتا وایانزانیوە غازی مەتبەخەكە تەقیوە، "هاوارمانكرد تا خەڵكی گوندەكە هاتن و به‌په‌له گه‌یاندمانه نه‌خۆشخانه‌ی باوه‌نور، هەر كە گه‌یشتینه ئه‌وێ یه‌کسه‌ر گیانیله‌ده‌ستدا".
ماڵی شەونم لە گوندی قەڵاتەپە سەر بە ناحیەی قورەتووە لە قەزای خانەقین، بەڵام وەك كەسوكاری دەڵێن بەهۆی ئەوەی ناحیەی باوەنور نزیكترە، بۆیە شەونمیان بۆ ئەوێ بردووە.
شەونم خوێندكار بووە، بەڵام بەهۆی كۆرۆنا و داخستنی خوێندنگەكانەوە هەر لەماڵ بووە و خەریكی بەخێوكردنی ئاژەڵ و پاككردنەوەی شوێنی ئاژەڵەكان بووە. براكەی زیاتر وتی "نازانم چی رویدا، چونكە من لە ژورەكە نەبوم، بەڵام ئێمه هیچ کێشه و ده‌مه‌قاڵێمان نه‌بووە... ئێستا باوكم و براكەم بە كەفالەت ئازادكراون و چاوەڕێی لێكۆڵینەوەی زیاتریان لە دۆسییەكە"، هەرێم وایوت.
شەونم پێنج خوشك و دوو برای هەیە و دووان لە خوشكەكانی هاوسەرگیرییان كردووە.
عەلی جەمال قەدوری، لێپرسراوی راگەیاندنی پۆلیسی گه‌رمیان، لەبارەی دۆسییەكەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "فیشەكێكی تاپڕ بەر شەونم كەوتووە و په‌ڕاوی لێکۆڵینه‌وەی بۆ كراوەتەوە، تائیستا هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی سهلمێنراومان دهستنهکهوتووە لەسەر روداوەكە، بۆیه دوای دوو رۆژ هەریەكە لە باوك و براكەیمان بە كەفالەت ئازاد كرد".
تائیستا هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی سهلمێنراومان دهستنهکهوتووە، بۆیه دوای دوو رۆژ هەریەكە لە باوك و براكەیمان بە كەفالەت ئازاد كرد
"چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکی دەكەین كە هێشتا نەگەیشتۆتە پۆلیس، هه‌ر به‌ڵگه و سهلمێنراوێکمان ده‌ستبکه‌وێت دهستبهگرتنەبەری رێكارە یاساییەكان دەكەین"، بە وتەی عەلی جەمال قەدوری.
سەرچاوەیەك لە گوندی قەڵاتەپە، كە نزیكە لە بنەماڵەی شەونمەوە، لەبارەی ئەو خێزانەوە جەختدەكاتەوە لەوەی "خێزانێكی بێدەنگ و تەبان، هیچ گیر‌و گرفتێكیان نەبووە، بەلای ئێمەشەوە ئەو روداوە سەیر بووە".
"شه‌ونم له‌گه‌ڵ خوشکه‌کانی کاری شوانیی و پهچە پاککردنهوەی دەكرد، جارجاریش کاری ناوماڵ و هیچ كێشەیەكی نەبوو".