پەرلەمانی عیراق یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی پەسەندكرد، بە ئامانجی دابینكردنی بودجەی پێویست بۆ موچەخۆران، خانەنشینان و پێداویستییە گرنگەكانی تر، بەشە بودجەی هەرێمیش بەسترایەوە بە رێككەوتنی هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێم لەسەر ئەو بڕە نەوتەی لەڕێی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی دەكەن.
بەپێی راگەیەنراوێكی پەرلەمانی عیراق، یاساكە بەهۆی دواكەوتنی ناردنی پڕۆژەی یاسای بوجەی 2020 و دابەزینی نرخی نەوتەوە بووە و هاتووە "ئامانج لە دەركردنی دابینكردنی بودجەی پێویست بۆ فەرمانبەران، خانەنشینان، تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی، فۆرمی خۆراك و شایستە داراییەكانی بەڵێندەران و خەرجییە پێویستییەكانی ترە".
هەروەها جەختكراوەتەوە لەوەی "سەرۆكی پەرلەمان وتویەتی ئەم یاسایە بە تەوافق یان بەزۆرینە دەبێت تێپەڕێت".
دەركردنی یاساكەدا، تەوافقی تەواوەتی نێوان پێكهاتەكانی لەسەر نەبوو، بەتایبەت دوای ئەوەی بڕگەیەی نێو پڕۆژە یاساكە لابرا، كە تایبەت بوو بە پشكی هەرێم لەو قەرزەی حكومەتی عیراق دەیكات.
رێبوار کەریم مەحمود، پەرلەمانتاری سەربەخۆی عیراق، لە راگەیەنراوێكیدا كە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە، جەختدەكاتەوە لەوەی "بەهۆی بێ متمانەیی هەرێمەوە، لایەنە عیراقییەکان ئامادەنەبون هیچ سازشێك بکەن، بۆیە بڕیارەکە بریتی نییە لە بڕین و پێدانی پارە، بەڵکو بەپێی ماددەی تایبەت ئەوە زیادکرا کە هەرێم بڕێك نەوت بدات بە عیراق، کە سۆمۆ دیاری بکات. هەروەها داهاتە ئیتیحادییەکانی تریش بداتە عیراق. لە بەرامبەردا بڕێك پارە تەرخان دەکرێت بۆ هەرێمی کوردستان".
هەروەها جەختدەكاتەوە لەوەی "هیچ بڕێك نەوت لەسەر هەرێم فەرز نەکراوە... ئەگەر هەرێم و عیراق لەسەر هەر بڕێك نەوت رێکبکەون، کەم یان زۆر، ئەوا لە بەرامبەریدا بڕێك پارە دێت بۆ هەرێم و داهاتە ئیتیحادییەکانیش لێرەدا مەبەست گومرك و باجە، لەپێشتردا هەرێم و بەغدا رێکەوتنێکیان لەسەر کردووە".
ئەوەش لەكاتێكدایە حکومەتی هەرێم رۆژی 18ی تشرینی یەكەم، نوسراوێکی ئاراستەی حکومەتی عیراق و تیایدا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ناردنی نەوت.
بەڵام بەختیار شاوەیس، پەرلەمانتاری یەكێتی لە بەغدا، لەبارەی كۆبونەوەكەوە، لە ئەكاونتی خۆی نوسیویەتی "320 ملیارەکەی هەرێم بڕدرا، بەبێ پارەی هەرێم پڕۆژە یاسای قەرز تێپەڕیی و بە زۆرینەی دەنگی شیعەو سونە یەکلاییکرایەوە".
ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عیراق، رایگەیاند "لایەنە شیعەکان و تەنانەت سەرۆکی پەرلەمانی عیراقیش هاتنە لامان وتیان ئێوە وەرنە ژوری کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە هەرێمی کوردستان دوای دەخەن، لەسەر ئەوە رێککەوتن، پەرلەمانتارانی کوردیش لەسەر ئەو بنەمایە چونە کۆبونەوەکە".
زیاتر وتی "وێڕای ئەوەی لە کۆبونەوەکەدا لایەنە شیعەکان قسەی زۆر ناخۆشیان بە هەرێمی کوردستان گوت، بەڵام ئێمە هەر بێدەنگ بوین، کەچی لایەنە شیعەکان، بەڵێنی خۆیان نەبردەسەر بڕگەی تایبەت بە هەرێمی کوردستانیان وەک خۆیان دەیانەویست خستە دەنگدان و پەسندیان کرد".
بەڕای رێبوار كەریمەوە یاساكە كۆتایی دونیا نییە بۆ هەرێمی كوردستان و هاتووە "لە مانگی داهاتودا پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 دێتە پەرلەمان و دەکرێت دەستکەوتی زۆرباشی بۆ کورد هەبێت".