عه‌لی ئه‌لیاس بوو به‌ بابه‌شێخ

عه‌لی ئه‌لیاس، بابه‌شێخی نوێی ئێزیدییه‌كان له‌ عیراق و جیهان

عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

عه‌لی ئه‌لیاس، وه‌ك بابه‌شێخی ئێزیدییه‌كان له‌ عیراق و جیهان داده‌نرێت، ئه‌وه‌ش دوای هه‌ڵبژاردنی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی روحانییه‌وه‌.

شه‌ممه‌ 14ی تشرینی دوه‌م له‌ پارێزگای دهۆك، ئه‌نجومه‌نی روحانی ئێزیدی، له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا به‌ ئاماده‌بونی كه‌سایه‌تییه‌ ئاینییه‌كانی ئه‌و پێكهاته‌یه‌، به‌ فه‌رمی بابه‌شێخی نوێی دیاریكرد.

جه‌وهه‌ر عه‌لی به‌گ، بریكاری میری ئێزیدییان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا به‌ ئاماده‌بونی میری ئێزیدییان و ئه‌نجومه‌نی روحانی و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ پیاوانی ئایینی، ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دانانی عه‌لی ئه‌لیاس درا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی شوێنی بابه‌شێخ".

ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ له‌ هۆڵی ناوه‌ندی رۆشنبیری زانكۆی دهۆك كراوه‌ و بڕیاره‌ چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو 18ی تشرینی دوه‌م مه‌راسیمی ده‌ستبه‌كاربونی بابه‌شێخ به‌ڕێوه‌بچێت.

عه‌لی ئه‌لیاس، له‌ دایكبونی ساڵی 1979ی قه‌زای شێخانه‌، له‌ بنه‌ماڵه‌كانی بابه‌شێخه‌كانی پێشوی ئێزیدییه‌ و چه‌ندین ساڵه‌ له‌ په‌رستگای لالش خزمه‌تی ئایینی ده‌كات

ezidi-5-1
شێخان، 2020، عه‌لی ئه‌لیاس، كاتی راگه‌یاندنی كاندیدبونی بۆ پێگه‌ی بابه‌شێخ فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

جگه‌ له‌ عه‌لی ئه‌لیاس كه‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌م خۆی كاندید كرد، هه‌ریه‌ك له‌ فه‌رهاد خرتۆ حه‌جی و عه‌زام سدیق عومه‌ر كاندید بون بۆ بوون به‌ بابه‌شێخ.

ئه‌نجومه‌نی روحانی ئێزیدی به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ میر، سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی ئایینی بابه‌شێخ هه‌ڵده‌بژێرن، به‌پێی كۆمه‌ڵێك مه‌رج و رێكاری تایبه‌ت.

پێگه‌ی بابه‌شێخ، كه‌ به‌رزترین پله‌ی ئایینی ئێزیدیی و به‌ رابه‌ری روحی هه‌ژمارده‌كرێت.

خرتۆ حه‌جی ئیسماعیل، بابه‌شێخی پێشوو ئێواره‌ی 1ی تشرینی یه‌كه‌می 2020 به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ له‌ ته‌مه‌نی 87 ساڵیدا له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی شاری هه‌ولێر گیانیله‌ده‌ستدا.

زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ئێزیدی ده‌كه‌ونه‌ قه‌زای شێخان (له‌ باكوری موسڵه‌ و له‌روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ هه‌ولێره‌ و لالشی تێدایه‌) و له‌گه‌ڵ قه‌زای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ).

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT