حكومه‌تی فیدراڵی عیراق، بڕیاریداوه هاوكاریی مانگانه بۆ ئاواره‌كانی چیای شنگال رابگرێت، له نێویاندا خۆراك، به ئامانجی ناچاركردنیان بۆ گه‌ڕانه‌وه.
ئه‌و رێكاره‌ی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق، له چوارچێوه‌ی هه‌واڵه‌كانی حكومه‌تدایه بۆ داخستنی ته‌واوی كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی، ئه‌وه‌ش به‌ر له كۆتاییهاتنی ساڵی 2020.
عه‌لی شه‌عبۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی سه‌رده‌شت له چیای شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر وه‌زاره‌تی له‌رێی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه پێیانڕاگه‌یاندن ئاواره‌كان ئاگاداربكه‌ینه‌وه چیتر هاوكارییان به‌سه‌ردا دابه‌شناكرێت".
هاوكارییه‌كانی وه‌زاره‌ت بۆ كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی به‌شێكیان له خۆراك، پێداویستی ناوماڵ و سوته‌مه‌نی پێكهاتون.
"وه‌زاره‌ت باسی پلانی داخستنی كه‌مپه‌كانیان كرد و داوایانكرد ئاماده‌كاری بۆ چۆڵكردنی كه‌مپی سه‌رده‌شت بكه‌ین" به‌وته‌ی شه‌عبۆ.
دابەشنەکردنی هاوکاری بە مانای ئەوە دێت کە دەبێت کەمپه‌كه چوڵبکەین
زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ئاواره‌ی ئێزیدی، له سه‌روبه‌ندی هێرشه‌كانی داعش رویانكرده چیای قه‌زای شنگال (120كم خۆرئاوای نه‌ینه‌وا) و هێشتا سه‌دان خێزان له كه‌مپی سه‌رده‌شتی چیاكه ماونه‌ته‌وه.
باران موراد، شه‌ش ساڵه له‌و كه‌مپه ده‌ژی و باوكی 11 منداڵه، ئه‌و نیگه‌رانه له بڕینی هاوكارییه‌كان و دوو مانگه هیچی وه‌رنه‌گرتووه.
"دابەشنەکردنی هاوکاری بە مانای ئەوە دێت کە دەبێت کەمپه‌كه چوڵبکەین" باران بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت، كه له بڕیاره‌كه ناڕازییه و ده‌ڵێت هیچ شوێنێكی دیكه‌یان نییه رویتێبكهن، چونكه خانوه‌كانیان روخاوه و له توانایاندا نییه نۆژه‌نی بكه‌نه‌وه.
هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كۆچ بۆ داخستنی كه‌مپ هه‌موو پارێزگاكانی كردۆته‌وه، چه‌ندین كه‌مپ له ناوچه‌كانی دیكه دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی داخران و حكومه‌ت پرۆسه‌كه به "ئاره‌زومه‌ندانه" ناوده‌بات.
به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی سه‌رده‌شت ده‌ڵێت ئه‌و خێزانانه‌ی بۆ ناوچه‌كانی خۆیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه، وه‌زاره‌ت بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ هاوكارییان به‌سه‌ردا دابه‌شده‌كات، تا ژیانیان ئاسایی ده‌بێته‌وه.
عه‌لی شه‌عبۆ وتی "له كۆی دوو هه‌زار و 300 خێزانی كه‌مپه‌كه‌ی ئێمه ئێستا ته‌نیا 550 خێزان ماونه‌ته‌وه، ئه‌وانیتر هه‌مویان گه‌ڕاونه‌ته‌وه، كه خه‌ڵكی ناحیه‌ی گرعوزێری شنگالن و زۆرینه‌شیان خانوه‌كانیان به‌هۆی شه‌ڕه‌وه روخاوه، جگه له‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كانی وه‌ك ئاو و كاره‌با له ناوچه‌كانیاندا زۆر كه‌مه".
حكومه‌تی عیراق، بۆ هاندانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، هه‌ر خێزانێك بڕی ملیۆنێك و 500 هه‌زار دیناری پێده‌دات.
له سه‌رده‌می شه‌ڕی داعش (2014-2017) نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره بون و هێشتا زیاتر له ملیۆنێك كه‌س بۆ زێدی خۆیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
سه‌رباری تێپه‌ڕینی چه‌ند ساڵێك به‌سه‌ر كۆتاییهاتنی شه‌ڕی داعش، به‌ڵام كه‌می خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كانی وه‌ك كاره‌با و ئاو و وێرانكارییه‌ی شه‌ڕ له ناوچه كۆنتڕۆڵكراوهكاندا به به‌ربه‌ستی به‌رده‌م نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان داده‌نرێن.