مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق "بەڵێنیداوە" پێداچونەوە بە دوو خاڵی رێككەوتننامەی شنگالدا بكات، لەوانە ئەو خاڵەی تایبەتە بە كردنەدەرەوەی ئەو هێزانەی ئێستا لە قەزاكەن، لەگەڵ دانانی ئیدارەیەكی نوێ. ئەو بەڵێنە دوای سێ كاتژمێر كۆبونەوەی هات لەگەڵ وەفدێكی باڵای شنگال لە بەغدا.
ئەو وەفدەی شنگال كە پێكهاتبوو له پیاوانی ئایینی، ئەمنی، كەسایەتی سیاسیی و عەشیرەتەكان، رۆشنبیر و كەسوكاری قوربانیانی دەستی داعش، یەكشەممە 15ی شترینی دووەم لە بەغدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبونەوە.
وەفدەكە لە 22 ئەندام پێكهاتبون تیایدا بە نوێنەرایەتی خەڵكی شنگال نیگەرانی خۆیان لە رێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا لەبارەی قەزاكەوە دەربڕی.
ده‌خیل موراد، سه‌رۆکی عه‌شیره‌تی ناوچه‌ی خانه‌سور و ئه‌ندامێكی وەفدەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەرەتا داوای گۆڕینی خاڵی حەوتی رێککه‌وتننامه‌ی به‌غدا و هه‌ولێرمان کرد، لهخاڵهکهدا هاتووه ده‌بێت هه‌موو هێزه‌کان جگه لە پۆلیس شنگال چوڵبکه‌ن، ئێمه داوامانکرد ئه‌و هێزانه‌ی ئێستا شنگال ده‌پارێزن ههربمێننەوە، چونکه له‌کاتی شه‌ڕی داعش و تائێستاش خزمه‌تێکی زۆریان بە خه‌ڵکی ناوچه‌که گەیاندووە".
وەفدەكە داوای پێداچونەوەیان بە خاڵی دووەمی رێككەوتنەكەش كردووە، كە تایبەتە بە دانانی ئیدارەیەكی نوێ بۆ قەزاكە، دەخیل وتی "داوامان لە سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراق کردووە که قایمقامێکی سه‌ربه‌خۆ بۆ شنگال دابنرێت، به مه‌رجێک خه‌ڵکی شنگال بێت و لەوێ نیشتەجێ بێت، هەروەها لەسه‌ر خواستی خه‌ڵکی ناوچه‌که دابنرێت، نه‌ک لەسه‌ر بنیاتی حزبیی و ده‌ستی ده‌ره‌کی"، زیاتر وتی "سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراق بە خۆشحاڵییەوە بەڵێنیدا پێداچونه‌وه به هه‌ردوو خاڵەكەدا بكەن، ئەوەش لەبەر به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌ک".
سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراق بە خۆشحاڵییەوە بەڵێنیدا پێداچونه‌وه به هه‌ردوو خاڵەكەدا بكەن
هاوكات شێخ فاخر خه‌ڵه‌ف، پیاوی ئایینی و بەشدار لە وەفدەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "دیدارێکی دۆستانه و زۆر گرنگمان له‌گەڵ سەرۆك وەزیران ئەنجامدا، لە ماوەی سێ كاتژمێردا بە درێژی باسی بارودۆخی قه‌زای شنگالمان کرد له هه‌موو بوارەكاندا، دواتر ناڕەزایی خۆمان و خەڵكی شنگالمان لەبارەی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا پێڕاگەیاندو داوامانلێکرد پێداچونه‌وه به خاڵه‌کانی رێککهوتنهکەدا بكات".
"سەرۆك وەزیران دوو به‌ڵێنی زۆر گرنگی به ئێمه‌دا، یه‌که‌م وتی به زوترین کات سه‌ردانی شنگال ده‌که‌م و ئیداره‌یه‌کی نوێ داده‌نێین که به دڵی خه‌ڵکی شنگال بێت، دووه‌م وتی هه‌رخاڵێک بزانین له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی شنگالدا نییه ده‌توانین پێداچونهوەی تیا بکه‌ین و بگۆڕین به جۆرێک خواستی خه‌ڵکی شنگالی لەسەر بێت و هیچ ناكۆكیی و گلەییەك دروستنەبێت"، شێخ فاخر وایوت.
رێككه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، له سه‌ره‌تای تشرینی یەكەم واژۆكراوه بۆ پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی نوێ و رێكخستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زای شنگال.
به‌پێی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌غدا و هه‌ولێر؛ قایمقامێكی نوێ بۆ شنگال داده‌نرێت و به پۆسته ئیدارییه‌كانی دیكه‌ی قه‌زاكه‌دا ده‌چنه‌وه.
له رێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه دۆسیه‌ی ئه‌منی شنگال ده‌درێته پۆلیسی ناوخۆیی، ده‌زگای هه‌واڵگری، ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی به هه‌ماهه‌نگی هێزه ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی دوو هه‌زار و 500 كارمه‌ندی ئه‌منی كه هه‌زار و 500یان له ئاواره شنگالییهكانی ناو كه‌مپ و هه‌زاریان له دانیشتوانی ئێستای شنگال بن.
هه‌روه‌ها جهختیكراوهتهوه له دورخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی دیكه و پێنه‌دانی هیچ رۆڵێك به پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه)و ئه‌و هێزانه‌ی له په‌كه‌كه نزیكن.
بەڵام ئەو رێككەوتنە ناڕەزایی فراوانی چین و توێژە جیاوازەكانی شنگالی لێكەوتەوە و رەتیدەكەنەوە بە جێبەجێكردنی خاڵەكانی رازی بن.