نەدیم، دەیەوێت بچێتە ریال مەدرید
لە كۆڵانەكانی تلكێف-ەوە بۆ هەڵبژاردەی عیراق

نەدیم نادر عومەر (19ساڵ)، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی لاوانی عیراق

کاروان باعەدرێ

نەدیم نادر، تەمەنی تەنیا شەش ساڵ بوو، لەنێو كۆڵانەكانی قەزای تلكێف-دا لەگەڵ هاوڕێیەكانی یاریدەكرد و بەڵێنی بەخۆیدا ببێتە گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی عیراق، دوای بەجێهێشتنی عیراق نەدیم خەونەكەی بەدیهێنا و ئێستا خەونی گەورەتری هەیە.

نەدیم نادر عومەر (19ساڵ)، خەڵکی گوندی سرێشکای قەزای تلکێفە لە دەشتی نەینەوا، ئێستا لە شاری فاڵکێنبێرگ لە وڵاتی سوید دەژی، بەڵام چەند رۆژێكە لەگەڵ تیمی هەڵبژاردەی لاوانی عیراق لە قەتەر مەشق و راهێنان دەكات بۆ دوو یاری دۆستانەی هەڵبژاردەكەی.

نەدیم بە (كەركوك ناو)ی وت "كە منداڵبوم و لە تلكێف دەژیاین، ئاواتم ئەوەبوو ببمە گۆڵپارێزێکی باش و بۆ هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەکەم یاریی بكەم، كە كۆچمان كرد پێموابوو ئەوە رونادات، بەڵام بێهیوانەبوم، لە سوید بە هەوڵ و ماندوبونی خۆم و خێزانەكەم خەونەكەم بەدیهێنا".

كە كۆچمان كرد بۆ سوید پێموابوو خەونەكەم نایاتەدی، بەڵام بێهیوانەبوم

لە ساڵی 2007 نەدیم لەگەڵ خێزانەكەیدا تلكێفیان بەجێهێشت و بەیەكجاری چونە دەرەوەی عیراق، ئێستا لە وڵاتی سودی دەژین.

nadimm
لای راستی وێنەكە/ نەدیم نادر عومەر (19ساڵ)، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی لاوانی عیراق

"لە شاری فاڵکێنبێرگ دەستم بە وەرزش كرد و لە یاری دانەبڕام، یانەی شارەکەم (ئێف ئێف) پشتیوانییەکی گەورەیان لێكردم، تا بوم بە گۆڵپارێزی سەرەکی یانەکەم"، نەدیم وایوت.

رۆژێك لەكاتی یاریكردن بۆ یانەكەی، وەفدێكی هەڵبژاردەی لاوانی عیراق لە سوید، چاودێری ئەو گۆڵپارێزەیان كرد و ئاستی نەدیم-یان بەدڵ بوو. هەر ئەو یارییە دەبێتەهۆی ئەوەی ئەمساڵ بانگهێشتی تیمی لاوانی عیراق بكرێت.

نەدیم كە لە خێزانێكی ئایینی ئێزیدییە، وتی "هەواڵێكی زۆر خۆشبوو كاتێك لە مانگی هەشتی ئەمساڵ بانگهێشتی هەڵبژاردەی لاوانی عیراق كرام، پەیوەندیم پێوەكردن و تائێستا دوو یاریم لەگەڵ كردون، دڵخۆشبوم كە یانەكەشم رێگەیان پێدام".

ڤیدیۆیەكی نەدیم نادر، باسی هەڵبژاردەی لاوانی عیراق دەكات

لەكاتێكدا نەدیم ئەو قسانەی لە وڵاتی قەتەرەوە بۆ (كەركوك ناو) كرد، لە ئامادەكاریدا بوو بۆ دوو یاری دۆستانەی تیمەكەی كە بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەنجام بدرێت و ئەگەری هەیە نەدیم بە سەرەكی یاری پێبكرێت.

"هەموو ئاواتم ئەوەیە ئاستێکی باش پێشكەش بكەم و خزمەتی وڵاتەكەم بكەم، دەمەوێت لە داهاتودا ببمە گۆڵپارێزی سەرەكی هەڵبژاردەی عیراق و دواتر تیمی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی"، نەدیم وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT