په‌رستش لای كاكه‌یی؛ نه‌ كاتی ده‌وێت، نه‌ شوێن

كه‌ركوك، 2020، هاوڵاتییه‌كی كاكه‌یی له‌ گونده‌ كاكه‌یی نشیه‌كانی سنوری قه‌زای داقوق فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

هاوڵاتیانی كاكه‌یی، هیچ شوێنێكی تایبه‌تیان بۆ خواپه‌رستی نییه وه‌ك له‌ زۆربه‌ی ئایینه‌كانی دیكه‌دا هه‌یه‌؛ له‌ هه‌ر شوێن و كاتێكدا بێت، په‌رستشی خۆیان ده‌كه‌ن.

ئایین لای كاكه‌یی؛ هێنده‌ی گرنگیدانه‌ به‌ لایه‌نی رۆحی، ئه‌وه‌نده‌ بایه‌خ به‌شوێن و كۆبونه‌وه‌ی به‌كۆمه‌ڵ نادات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێكیان نه‌بونی شوێنێكی تایبه‌ت به‌ په‌رستش وه‌ك پشتگوێخستنی په‌یڕه‌وانی ئایینه‌كه‌ لێكده‌ده‌نه‌وه‌.

"لە فەلسەفەی ئایینی کاکەیی (یارسان)دا، رۆح زیاتر لە شوێن بایەخی پێدراوە، چونکە هەر شوێنێک پاک بێت، كه‌ غه‌یره‌ كاكه‌یی لێ نه‌بێت دەکرێت مەراسیمی ئایینی تێدا بکرێت" ره‌جه‌ب عاسی (42 ساڵ) وای وت.

ره‌جه‌ب له‌ كاكه‌ییه‌كانی قه‌زای داقوقی كه‌ركوكه و سه‌رۆكی (رێكخراوی میپرا‌ بۆ په‌ره‌پێدان و رۆشنبیری یارسانی)ـیه‌، ئه‌و ده‌ڵێت هاوشێوه‌ مزگه‌وت و كڵێسا و په‌رستگا، شوێنی تایبەتیان نییە بۆ خواپەرستی و بۆنە ئایینییەكانیان.

لە فەلسەفەی ئایینی کاکەیی (یارسان)دا، رۆح زیاتر لە شوێن بایەخی پێدراوە

ئایینی كاكه‌یی، كه‌سی دیكه‌ وه‌رناگرێت و بانگه‌وازی نییه‌، زۆرینه‌ی په‌رستشه‌كانیان به‌ تاك ده‌كرێت نه‌ك به‌ كۆمه‌ڵ.

"وه‌ك چۆن موسڵمان روگه‌ (قیبله‌)یان مه‌ككه‌ و ئێزیدی لالشه‌، ئێمه‌ش (پردێوه‌ر) مان هه‌یه‌ كه‌ حه‌زره‌تی سوڵتان سه‌هاك-ی تێدا به‌خاكسپێردراوه‌، شوێنێكی پیرۆزه‌ و خه‌ڵك بۆ حه‌ج سه‌ردانی ده‌كه‌ن" به‌وته‌ی ره‌جه‌ب كاكه‌یی.

ئه‌و شوێنه‌ ده‌كه‌وێته‌ نزیكی دووئاو سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی نه‌وسوود له‌ هه‌ورامانی پارێزگای كرماشانی ئێران.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، 18 مه‌زارگه‌ی تایبه‌ت به‌ ئایینی كاكه‌یی له‌ عیراق هه‌ن، كه‌ حه‌وتیان ده‌كه‌ونه‌ پارێزگای كه‌ركوك.

له‌ نێو مه‌زارگه‌كاندا؛ دیارترینیان سه‌ید ئیبراهیم له‌ به‌غدا و سه‌ید بابا یادگار له‌ ئێرانن، كه‌ زۆربه‌ی كاكه‌ییه‌كان به‌ نیه‌تی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی و به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كانیان سه‌ردانیان ده‌كه‌ن.

kakayii 1
نه‌ینه‌وا، 2019، مه‌زارێكی ئایینی كاكه‌یی له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی فۆتۆ تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

كاكەیی؛ بە ئەهلی حەق و یارسانیش ناسراون، ئایینی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌ به‌ڵام لە دەستورى عیراقدا بەفەرمى نەناسێنراوە.

سامی ره‌فعه‌ت (57 ساڵ)، كاكه‌یی دانیشتوی داقوق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "كاكه‌یی له‌ ده‌ستوری عیراق و له‌ هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك ئایینێكی سه‌ربه‌خۆ دانی پێدانه‌نراوه‌، بۆیه‌ هیچ لایه‌نێكی حكومی به‌رپرسیارێتی دروستكردنی شوێنی تایبه‌ت به‌ ئایینه‌كه‌ ناگرێته‌ئه‌ستۆ".

ئه‌و پێیوایه‌ پێویسته‌ شوێنێك هه‌بێت بۆ په‌رستش و كۆبونه‌وه‌ی ئایینی، تا كه‌سانی شاره‌زا سه‌رپه‌رشتی بكه‌ن و هاوڵاتیانی كاكه‌یی مه‌راسیمه‌ ئایینیه‌كانی تێدا به‌ڕێوه‌ببه‌ن.

"كاكه‌یی، كه‌مینه‌یه‌كی غه‌درلێكراوی پشتگوێخراوه، هه‌ر جاره‌ و ده‌سته‌یه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی سودمان لێوه‌رده‌گرێت و هیچ بۆ ئایینی كاكه‌یش ناكه‌ن" سامی وای وت.

كۆرۆنا به‌ربه‌ست بوو له‌ سه‌ردانیكردنی مه‌زارگه‌ و شوێنه‌ پیرۆزه‌كانمان

بڵاوبونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا، كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یڕه‌وانی ئایینی كاكه‌ییش هه‌بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان په‌رستشی به‌ كۆمه‌ڵیان نییه‌ تا مه‌ترسی كۆرۆنا رێگریی بكات، به‌ڵام وه‌ك جاران نه‌یانتوانی بچنه‌ سه‌ردانی مه‌زارگه‌ به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه‌، به‌ تایبه‌ت گه‌شت به‌ره‌و پیرۆزترین مه‌زارگه‌ له‌ ئیران.

"ئێمه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌توانین خواپه‌رستی بكه‌ین، به‌ڵام كۆرۆنا به‌ربه‌ست بوو له‌ سه‌ردانیكردنی مه‌زارگه‌ و شوێنه‌ پیرۆزه‌كانمان" دایكی ئه‌حمه‌د (41 ساڵ) واده‌ڵێت.

ئه‌و ژنه‌ زیاتر روده‌كاته‌ مه‌زارگه‌ی خان ئه‌حمه‌د (ئیمام ئه‌حمه‌د له‌ كه‌ركوك)، سه‌ید ئیبراهیم له‌ به‌غدا و باوه‌ مه‌حمود له‌ خانه‌قین؛ "چونكه‌ ئه‌و شوێنانه‌ باپیره‌ گه‌وره‌كانی سه‌یده‌كانی كاكه‌یین".

مه‌زارگه‌ی (سه‌ی زێبار) له‌ گوندی زه‌نقری كاكه‌یی خۆرئاوای داقوق له‌ساڵی 2017 و باوه‌ مه‌حمودیش له‌ خانه‌قین له‌ساڵی 2018دا به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌وه‌ زیانی زۆریان به‌ركه‌وت.

جگه‌ له‌ مه‌زارگه‌، هۆڵێكی تایبه‌ت له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌یه‌ بۆ بۆنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌ڵام له‌ زۆر ناوچه‌ی دیكه‌ پرسه‌ی مردوه‌كانیش هه‌ر له‌ ماڵان و ژێر خێوه‌تدا داده‌نرێت.

daquq-1-2
كه‌ركوك، 2018، خێزانێكی كاكه‌یی له‌ گوندی زه‌نقه‌ری قه‌زای داقوق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

به‌پێی یاسای مافی پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كورستان؛ ئایینی كاكه‌یی، وه‌ك یه‌كێك له‌ ئاینزاكان هه‌ژماركراوه‌ و دانی پێدانراوه‌.

ئەمیر مه‌ولود، بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی پێكەوەژیانی ئایینەكان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "كاكەییەكان بەوپەڕی ئازادییەوە مومارەسەی ئایین و بۆنەكانی خۆیان دەكەن، به‌ڵام زۆر ناچینه‌ ناو كاروباری ئایینییانه‌وه‌ و ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌".

هه‌روه‌ها وتی هیچ ئامارێكیان نییه‌ ده‌رباره‌ی مه‌زارگه‌ و شوێنه‌ ئایینییه‌كانی تایبه‌ت به‌ په‌رستشی كاكه‌یی؛ "ئێمە لەسەر بنەمای ئازادی ئایینی كار لەگەڵ ئاینەكان دەكەین".

كاکەییەکان جگه‌ له‌ کەرکوک، له‌ ناوچه‌كانی هەڵەبجە، نه‌ینه‌وا، هه‌ولێر، خانەقین و چه‌ند شوێنێكی تری دیاله‌ نیشتەجێن، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان بە 100 هەزار کەس مه‌زنده‌ده‌كرێت.

به‌بڕوای په‌یڕه‌وانی ئایینی كاكه‌یی "هەموو شوێنەکان دروستکراوی دەستی خوای خولقێنەرە، خودا لەدڵە پاک و سافەکانەوە نزیکە و نزیک دەبێتەوە" هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ زۆر گرنگی به‌ شوێنێكی تایبه‌ت به‌ په‌رستش نه‌ده‌ن، وه‌ك ئه‌كبه‌ر كه‌ریم به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت.

ئه‌كبه‌ر، پیاوێكی 50 ساڵه‌ی كاكه‌یی نیشته‌جێی هه‌ڵه‌بجه‌ و شاره‌زایی ئایینه‌كه‌یه‌تی، ئه‌و ده‌ڵێت فه‌لسه‌فه‌ی ئایینه‌كه‌یان زیاتر رۆحییه‌ نه‌ك كردار؛ "مامەڵەی تەواو لەگەڵ رۆح و نیەتی دڵ دەکرێت تا ڕەنگدانەوەیەکی جوانی لەسەر کۆمەڵگه‌ هەبێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT