هێشتا هیچ بڕە نەوتێك بەسەر ئاوارەكانی پارێزگای دهۆكدا دابەشنەكراوە، لەكاتێكدا وەرزی سەرما هاتووە و پارەیان نییە نەوت بكڕن.
غه‌زوان ره‌شۆ، ئاواره‌یه‌کی که‌مپی شاریایه، بە (كەركوك ناو)ی وت كە شەو دێت زوو دەچنە ژێر بەتانییەوە و دەخەون بۆ ئەوەی سەرمایان نەبێت، چونكە هیچ بڕە نەوتێكیان پێنەدراوە.
ساڵانە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق بڕی پێویستی نەوتی بەسەر ئاوارەكاندا دابەشدەكرد بۆ ئەوەی لەژێر خێمەكانیان سەرمایان نەبێت.
غەزوان وتی "پارساڵ ئەمكاتە نەوتمان وەرگرتبوو... پێده‌چێت لای لێپرسراون هێشتا هەر وه‌رزی هاوین بێت، نەك زستان". زیاتر وتی "ئێمە سەرمامانە و لە دۆخێكی خراپ‌دا ژیان گوزەر دەكەین، شەوان ناچارده‌بین هه‌ر زوو بچینه ناو به‌تانییه‌ک تاوه‌کو خۆمان گه‌رم بکه‌ینه‌وه".
غەزوان سێ برا و دوو خوشکی هەیە و زیاتر لە شەش ساڵە لەژێر خێوەتێكی ئاوارەییدا دەژین، كە بەشێكی كون بووە.
ئاوارەكان توانای كڕین نەوتیان نییە، بەرمیلێك 100 بۆ 110 هەزار دینارە.
غەزوان وتی "پاره‌م نییه نەوت بكڕم، دەبێت قەرزبكەم، ئەگەر قەرزیش بكەم چۆن دوایی قەرزەكە بیدەمەوە، چونكە بێكارین". بۆیە داوای له حکومه‌تی عیراق كرد، بەزوترین كات چارەسەرێكیان بۆ بكەن.
پاره‌م نییه نەوت بكڕم، دەبێت قەرزبكەم، ئەگەر قەرزیش بكەم چۆن دوایی قەرزەكە بیدەمەوە، چونكە بێكارین
قاسو سه‌عید، ئاواره‌یه‌کی قه‌زای شنگاله له که‌مپی بێرسیف لە قەزای زاخۆ، وتی "زۆر سه‌رمامان دەبێت، بەتایبەت منداڵەكان... سۆپایەكی كارەباییمیان هەیە، بەڵام كارەبا لە 24 كاتژمێردا تەنیا هەشت بۆ نۆ كاتژمێر هەیە ئەویش لە رۆژدا، نەك شەو".
ئیسماعیل محه‌مه‌د، جێگری پارێزگاری دهۆک بۆ کاروباری ئاواره‌کان به (که‌رکوک ناو)ی وت كە ئەوان بەرپرسیارنین لەو كێشەیە، چونكە ساڵانە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران نەوتی دابەشدەكرد.
بەرپرسیارنین لەو كێشەیە، چونكە ساڵانە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران نەوتی دابەشدەكرد
وتیشی "ئه‌وه‌ی لەسه‌ر شانی ئێمه‌یه هه‌موو داتا و زانیارییەكی دروستمان بە وەزارەت داوە و ئیتر دەبێت ئەوان بە رۆڵی خۆیان هەستن، چونكە دواكەوتووە".
بەڵام ئه‌سکه‌نده‌ر محه‌مه‌د ئه‌مین، لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی کۆچ و کۆچبه‌ران له دهۆک، حەختیكردەوە كە لە هەفتەی داهاتووەوە دەستدەكەن بە دابەشكردنی نەوت بەسەر ئاوارەكاندا ئەگەر كێشەیەك دروستنەبێت.
ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەمساڵ شێوازی دابه‌شکردنی نه‌وتمان گوڕیوه و بەسێ قۆناغ دابەشیدەكەین، قۆناغی یەكەم 100 لیترە و هەفتەی داهاتوو دەستدەكەین بە دابەشكردنی، ئەگەر كێشە دروستنەبێت".
"یه‌که‌مجار له‌و که‌مپانه ده‌ستپێده‌که‌ین که ناوچه‌کانیان زۆر ساردن"، ئەكسەندەر وایوت.