هێزێكی پۆلیسی فیدراڵی لە قەزای شنگال جێگیربون

نه‌ینه‌وا، 2019، بازگه‌یه‌كی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ قه‌زای شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

عەمار عەزیز

هێزێكی پۆلیسی فیدراڵی كە ژمارەیان لەسەروی دوو هەزار كەسە،  گەیشتنە قەزای شنگال، بەڵام رون نییە لە چوارچێوەی رێككەوتنی شنگالدا جوڵەیان پێكراوە یان ئامانجی تریان هەیە.

ئەو هێزە لە درەنگانێكی شەوی پێنجشەممە 19ی تشرنی دووەمەوە گەیشتۆتە شنگال، بەشێكیان لە دەوروبەری قەزاكە و بەشێكی تریان لە سنوری عیراق – سوریا جێگیربون.

حه‌یده‌ر شه‌شۆ، لێپرسراوی هێزی پاراستنی ئێزیدخان به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "ژمارەی هێزەكەی پۆلیسی فیدراڵی زیاترە لە دوو هەزار چەكدار... ئه‌م هێزه‌‌ بۆ دوو مه‌به‌ست هاتووه،‌ یەكەم بۆ وەرگرتنەوەی ئه‌و فه‌رمانگە و بارەگایانەی له‌ژێر ده‌ستی یه‌به‌شه‌دان، دووه‌م بۆ پاراستنی سنوری نێوان عیراق و سوریا لەهەر جوڵەیەكی سەربازیی نەخوازراو".

shngal (1)-2
شنگال، 11ی تشرینی یه‌كه‌می 2020، خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی دژی رێككه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌رباره‌ی ئیداره‌دانی قه‌زاكه‌ فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

"هاتنی ئه‌م هێزه‌‌ وەك ئامادەكارییەكە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال، ئەوەش لە ‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی شنگالدایه‌ و ئێمه‌ هیوادارین یه‌به‌شه‌ و هێزه‌کانی تر به‌بێ هیچ ئاڵۆزیی و گرژییه‌ک ناوچەكە چوڵبکه‌ن... ماڵیان ئاوابێت که ‌هاوکاری خه‌ڵکی شنگالیان کردووه‌ له‌کاتی ته‌نگانەدا‌ و خزمه‌تی ئه‌وان هه‌رگیز له‌یادناکه‌ین، به‌ڵام کاره‌که‌یان ته‌واو بووه، بابچن له‌ ناوچه‌کانی خۆیان خزمه‌ت بکه‌ن"، حەیدەر شەشۆ وایوت.

یه‌كینه‌كانی به‌رخۆدانی شنگال (یه‌به‌شه‌) و ژمارەیەك هێزی تری نزیك لە پەكەكە، لە ساڵی 2015 لە شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری جێگیربون و پێكهێنران، ئەوەش دوای هێرشی داعش بۆ ئەو قەزایە و بە ئامانجگرتنی ئێزیدییەكان، رۆڵیان هەبوو لە كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال لە دەستی داعش.

به‌پێی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنی حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان، قایمقامێكی نوێ بۆ شنگال داده‌نرێت و به‌ پۆسته‌ ئیدارییه‌كانی دیكه‌ی قه‌زاكه‌دا ده‌چنه‌وه‌. لە پاڵئەوەشدا دۆسیه‌ی ئه‌منی شنگال ده‌درێته‌ پۆلیسی ناوخۆیی، ده‌زگای هه‌واڵگری، ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی به‌ هه‌ماهه‌نگی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

هاوكات بەپێی رێككەوتنەكە هیچ رۆڵێك بە هێزەكانی‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) نادرێت، لەگەڵ ئه‌و هێزانەی‌ نزیكن لەوانەوە.

خودێدا چوکی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ، به ‌(که‌رکوک ناو)ی وت "ناوچەكەمان هیچ پێویستی بەو هێزە نییە، چونکه‌ قه‌زای شنگال زۆر ئارامه،‌ به‌ڵام دیاره‌ ئه‌وان دەیانه‌وێت بارودۆخی ناوچه‌که‌ تێکبده‌ن، من دڵنیام به‌هاتنی ئه‌و هێزه‌ ناوچه‌که‌ زۆر ناخۆش ده‌بێت و کێشه‌کان ئاڵۆزتر و گه‌وره‌تر ده‌بن".

من دڵنیام به‌هاتنی ئه‌و هێزه‌ ناوچه‌که‌ زۆر ناخۆش ده‌بێت و کێشه‌کان ئاڵۆزتر و گه‌وره‌تر ده‌بن

لە 14ی تشرنی یەكەم، دژوار فەقیر، فەرماندەی گشتی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، لە وتارێكیدا لە مەراسمێكی هێزەكەی لە چیای شنگال، وتی "رێككەوتنی شنگال بەبێ ئاگاداری ئێمە و خەڵكی شنگال كراوە، با هەموو دونیا باش بزانن، ئێمە وەکو هێزەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، دژی ئەو رێككەوتنەین و مایەی قبوڵكردن نییە... لە هیچ كەسێكیش قبوڵناكەین دەستوەردان لە كاروباری شنگالدا بكات، بەبێ وەرگرتنی راوبۆچونی خەڵكەكەی".

dzhwar
دژوار فەقیر، فەرماندەی گشتی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

هێشتا دیار نییە، هێزەكەی پۆلیسی فیدراڵی چۆتە ناو هیچ بارەگایەكی یەبەشەوە یان نا، هەروەك رون نییە لە چوارچێوەی رێككەوتنی شنگالدایە یان ئامانجی تری هەیە.

حكومەتی عیراق تائێستا هیچ رونكردنەوەیەكی لەسەر جوڵەی ئەو هێزە نەداوە، هەروەها هێزەكانی یەبەشەش بەهەمان شێوە بێدەنگن.

"من باوەڕناكەم، هاتنی ئه‌و هێزه‌ لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەدابێت، چونکه‌ بەپێی رێككەوتنەكە ده‌بێت پۆلیسی فیدراڵی له‌ناو ناوەندی شاربێت و سوپا لەسەر سنور بێت، ئێستا تەنیا پۆلیسی فیدراڵی هاتون و زۆرینەیان چون بۆ سەر سنور، سوپاش نەهاتووە"، خودێدا چوكی وایوت.

لە 15ی تشرینی دووەم، وەفدێكی شنگال كە پێكهاتبون له‌ پیاوانی ئایینی، ئەمنی، كەسایەتی سیاسیی و عەشیرەتەكان، رۆشنبیر و كەسوكاری قوربانیانی دەستی داعش بۆ ماوەی سێ كاتژمێر لە بەغدا لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبونەوە و لە لێدوانیاندا بۆ (كەركوك ناو)، جەختیانكردەوە لەوەی كازمی "بەڵێنیداوە" پێداچونەوە بە دوو خاڵی رێككەوتننامەی شنگالدا بكات، "ئەو خاڵەی تایبەتە بە كردنەدەرەوەی ئەو هێزانەی ئێستا لە قەزاكەن، لەگەڵ دانانی ئیدارەیەكی نوێ".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT