ئیداره‌ی خانه‌قین، رێگه به نیشته‌جێبونی خێزانه ئاواره‌كان له گوند و ناوچه‌كانی دیكه‌ی شاره‌كه‌دا نادات، دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌ت بڕیاریداوه له كه‌مپه‌كانه‌وه ره‌وانه‌ی زێدی خۆیان بكرێنه‌وه.
حكومه‌تی فیدراڵی عیراق، له تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا، پردی ئه‌ڵوه‌نی دوی له خانه‌قین داخست و بڕیاریداوه دوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌واوی ئاواره‌كان؛ كه‌مپی ئه‌ڵوه‌نی یه‌ك، كه دوایین كه‌مپی قه‌زاكه‌یه به یه‌كجاری دابخات.
خانوه‌كه‌م روخاوه و نامه‌وێت بۆ زێدی خۆم بگه‌ڕێمه‌وه
"داواكراوه كه‌مپه‌كه به‌جێبهێڵم، نازانم بۆ كوی بچم به‌م وه‌رزی سه‌رمایه، چونكه خانوه‌كه‌م روخاوه و نامه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه، له گوندێكی خانه‌قین خانویه‌كم به كرێ گرت، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی ئاگاداریكردمه‌وه كه پێویسته ئه‌و خانوه به‌جێبهێڵم و رێگه‌نادرێت نیشته‌جێبم" مه‌حمود عه‌لی وای وت.
مه‌حمود خه‌ڵكی ناحیه‌ی جه‌له‌ولایه و چه‌ند ساڵێكه ئاواره‌كانی كه‌مپی ئهڵوهیهكی یه‌كی خانه‌قین بووه.
ئه‌و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "رێگه‌نادرێت هیچ خێزانێكی ئاواره‌ی كه‌مپه‌كان له ناوچه‌كانی خانه‌قین نیشته‌جێبن، بۆیه ناچارم بگه‌ڕێمه‌وه بۆ جه‌له‌ولا و له‌وێ خانویه‌ك به كرێ بگرم".
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، به‌شێك له خێزانه ئاواره‌كانی خانه‌قین، به‌هۆی وێرانه‌یی شه‌ڕ له ناوچه‌كانیان و روخانی خانوهكانیانهوه، نایانه‌وێت بۆ زێدی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه و ده‌یانه‌وێت له شار و ناوچه‌كانی دیكه‌ی قه‌زاكه‌دا نیشته‌جێبن.
یوسف ئیبراهیم، لێپرسراوی راگەیاندنی قایمقامیەتی خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی رێنمایی و بڕیاری حكومەتی عیراق وەك قایمقامیەت ئاگاداری سەرجەم ئەنجومەنی گوندەكان و گەڕەكهكانم كردۆته‌وه نابێت هیچ ئاوارەیەك كه كەمپەكانی بەجێهێشتووە نیشتەجێی گەڕەك و گوندەكان بن، به‌ڵكو دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان".
حكومه‌تی فیدراڵی عیراق، هه‌ڵمه‌تێكی ده‌ستپێكردوه تا كۆتایی ئه‌مساڵ كه‌مپه‌كانی دابخات، ئه‌وه‌ش له‌رێی گه‌ڕانه‌وه‌ی "خۆویستانه‌ی" ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان و به چه‌ند هاندانێك، له نێویاندا ته‌رخانكردنی بڕی ملیۆنێك و 500 هه‌زار دینار بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵام به‌وته‌ی زۆرێك له ئاواره‌كان؛ گه‌ڕانه‌وه‌یان ئاره‌زومه‌ندانه نییه.
میساق عه‌بدولحه‌مه‌د، یه‌كێكه له ئاواره‌كانی خانه‌قین و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌پێی بڕیاره‌كانی حكومه‌تی عیراقی ئه‌و خێزانانه‌یشی خانوه‌كانیان روخاوه یان زیانیان به‌ركه‌وتووه هه‌ر ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه و خانوو به كرێ بگرن".
به‌وته‌ی ئه‌و هاوڵاتییه، هێشتا ژماره‌یه‌ك خێزان له كه‌مپ ماون؛ به‌وپێیه‌ی به‌شێكیان رێگه‌پێدانی ئه‌منییان نییه به‌هۆی كێشه‌ی عه‌شایه‌رییه‌وه، بۆیه هه‌وڵده‌درێت تا كۆتایی ئه‌مساڵ كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكرێت و بگه‌ڕێنرێنه‌وه.
بڕیاره گرفتی ئه‌و كه‌سانه‌ش چاره‌سه‌ر بكرێت كه به‌هۆی كێشه‌ی عه‌شایه‌رییه‌وه ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه
حكومه‌تی عیراق به هاوكاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له چه‌ندین پارێزگا هه‌وڵی ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌دات به ئامانجی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان به تایبه‌ت ئه‌و خێزانانه‌ی تۆمه‌تبارن به لایه‌نگرێتی داعش یان ئه‌ندامێكیان له نێو داعشدا بووه.
له سه‌رده‌می شه‌ڕی داعش (2014-2017) نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره بون و هێشتا زیاتر له ملیۆنێك كه‌س بۆ زێدی خۆیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
سه‌رباری تێپه‌ڕینی چه‌ند ساڵێك به‌سه‌ر كۆتاییهاتنی شه‌ڕی داعش، به‌ڵام كه‌می خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كانی وه‌ك كاره‌با و ئاو و وێرانكارییه‌ی شه‌ڕ له ناوچه كۆنتڕۆڵكراوهكاندا به به‌ربه‌ستی به‌رده‌م نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان داده‌نرێن.