عەدنان مەنسور، لێپرسراوی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە پارێزگای دیالە، داوا دەكات رێکكەوتنێکی سیاسی هاوشێوەی رێككەوتنی شنگال لە خانەقین و ناوچەكانی تری جێناكۆك لەو پارێزگایە ئەنجام بدرێت.
ئەو بۆچونەی عەدنان مەسنور، لەڕێی نوسراوێكەوە كە ئاراستەی حكومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كراوە و ناوەڕۆكەكەی بۆ (كەركوك ناو) باس دەكات، هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دانوستانی هەرێم و ناوەند بۆ پرسی جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە عیراق و پێكهێنانی لیژنەی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە.
عەدنان مەسنور بە (كەركوك ناو)ی وت "بەنوسراو پێشنیارم بۆ حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان كردووە کە هاوشێوەی رێکكەوتنی شنگال، لە خانەقین و ناوچەکانی دەوروبەری رێككەوتنێك لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم ئەنجام بدرێت، ئەو رێككەوتنە تەواوی قەزای خانەقین و دەوروبەری لەوانە جەلەولا، مەندەلی، سەعدییە، قەرەتەپە بگرێتەوە".
رێككەوتنی شنگال، لە سەرەتای تشرینی یەكەمی ئەمساڵ لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان ئەنجامدرا، بەپێی رێككەوتنەكە ئیدارەیەكی نوێ بۆ شنگال دادەنرێت و هێزێكی هاوبەشی هەردولا دۆسییەی ئەمنی قەزاكە بەڕێوەدەبەن، لهگهڵ دامهزراندنی دوو ههزار و 500 كارمهندی ئهمنی كه ههزار و 500یان له ئاواره شنگالییهكانی ناو كهمپ و ههزاریان له دانیشتوانی ئێستای شنگال بن.
عەدنان مەنسور وتی "منیش داوامکردووە هێزێکی ناوخۆیی دروستبکرێت لە خەڵکی ناوچەکە، ژمارەیان هەزار کەس بێت، تا ئاسایشی ناوچەكە بپارێزن لەهەر هێرشێكی چەكداریی و گروپە توندڕەوەكان، قایمقامێکیش بۆ خانەقین دەستنیشانبکرێت".
لەبارەی ئەو پێشنیارانەوە، عەدنان مەسنور وتی "ئەوەم وەکو چارەسەرێکی سیاسی لەبری جێبەجێکردنی ماددەی 140 ئامادەكردووە، چونكە پێموایە لەئێستادا تەنیا بەمشێوەیە دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی دەبێتەوە، دواتر قۆناغەكانی تری جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە نێویاندا سەرژمێریی و راپرسی ئەنجام بدرێت".
بەپێی ماددەی 140ی دەستور کە لەسەرەتای ساڵی 2005دا زۆرینەی دەنگدەرانی عیراق بە بەڵێ پەسەندیان کردووە، پێویستە چارەنوسی "ناوچەی جێناکۆک" دوای هەر سێ قۆناغی ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و دواتر راپرسی بڕیاریان لەبارەوە بدرێت، وادەی جێبەجێکردنەکەی تا کۆتایی ساڵی 2007 دیاریکرابوو.
هەرچەندە 13 ساڵ بەسەر تەواوبونی ئەو وادەیەدا تێپەڕی کردووە کە لەدەستوردا بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 دانراوە، بەڵام تائێستا تەنیا بەشێکی کەم لەقۆناغی یەکەمی کە ئاساییکردنەوەیە جێبەجێکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ماددەیە سڕنەکراوە و کاریپێدەکرێت. جێگیرکردنی ئەو بڕگەیە لەدەستوری عێراق، نەیتوانی کۆدەنگی پێکهاتەی ناوچە جێناکۆکەکان بەدەستبهێنێت.
عەدنان مەسنور وتی "لەئێستادا جێبەجێکردنی ماددەی 140 بەم دۆخەی ئێستا و پاش روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر لە سودی کورد نییە، چونکە ناوچەکانی جەلەولا، سەعدییە و مەندەلی لە دەست دەردەچێت، ئەوەش بەهۆی كۆچی خێزانە كوردەكانەوە، ئەگەر دۆخەوە بگەڕێتەوە بۆ پێش 16ی ئۆکتۆبەر، ئەوا لە بەرژەوەندی کورد دەبێت، زیاتر وتی "بەڵام ئێستا بەو دۆخە جێبەجێکردنی 140 لە بەرژەوەندی کورددا نییە، بەڵکو دەبێت بە شکست بۆ کورد و پێویستە دۆخەكە پێشتر ئاساییبكرێتەوە، ئەوەش بە رێككەوتنێكی هاوشێوەی شنگال".
جێبەجێکردنی ماددەی 140 بەم دۆخەی ئێستا و پاش روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر لە سودی کورد نییە
عەدنان مەنسور، رەخنە لە حزبە كوردییەكان دەگرێت لەوەی ئەوكاتەی دەسەڵاتیان لە ناوچەكانی جێناكۆك هەبوو، نەیانتوانی زیاتر سەرقاڵی ململانێی نێو خۆیان بون و "ئەزمونی خراپی حوكمڕانی هەرێمیان بۆ ئەو ناوچانە گواستەوە".
وتیشی "كێشەیەكی تر ئەوەیە كە وەكو هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵ خەڵكی ناوچەكانی جێناكۆكدا دەكرد، بۆ نمونە لە زانكۆ و پەیمانگەكان خوێندكارەكانمان بەشێوەی پێویست وەرنەدەگیران".
لە بارەی تێڕوانینی خۆی بۆ ماددەی 140، عەدنان مەسنور پێیوایە رازیبونی سەركردایەتی كورد بە بونی ماددەیەك لە دەستوری عیراقدا، "هەڵە بوو"، ئەو وتی "نابێت خاکێک لەڕوی مێژوو، رێژەی دانیشتووان، جوگرافیا و کلتور و دابونەریتەوە كوردی بێت و خاكی کوردستان بێت، بەڵام تۆ بێیت بە ماددەیەکی دەستوری گومانی لەسەر دروستبکەیت، بۆیە ئەوە هەڵەیەکی مێژویی سەرکردایەتی کورد بوو، چونکە گومانی دروستکرد لەسەر ناوچەکان، تەنانەت ئەو گومانەیان لای نەتەوە یەكگرتوەکانیش دروستكرد".
"لە سەرەتادا سەرکردایەتی کورد بەجدی کاریان بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 نەكرد و ئەگەر کاریان بكردایە دەبوو لە وادەی خۆیدا جێبەجێبكرایە، یان كە ماددەكە جێبەجێنەكرا لە كۆتایی 2007، دەبوو لە دادگای فیدراڵی عیراق سکاڵایان تۆماربكردایە"، عەدنان مەنسور وایوت.
لە سەرەتادا سەرکردایەتی کورد بەجدی کاریان بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 نەكرد
زیاتر وتی "هەڵەیەكی تر ئەوەبوو، ئەوکات سەرکردایەتی کورد پێشنیارەکەی دیمستۆرای نێردراوی نەتەوەیەگرتوەکانی قبوڵکرد بۆ دواخستنی ماددەی 140و دێژکردنەوەی ماوەی جێبەجێکردنی".
ئەو پێشنیارە هاوكاتە لەگەڵ پێكهێنانی لیژنەیەكی نوێ لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ بەغدا بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140.