هێزه‌كانی شنگال له‌سه‌ر جێگیربونی پۆلیسی فیدراڵی ناكۆكن

كەركوك، حوزەیرانی 2020، هێزێكی پۆلیسی فیدراڵی لة ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ لەناوبردنی مەترسیی گروپە چەكدارییەكان لەنێوان هەردوو پارێزگای كەركوك و سەڵاحەدین فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

حه‌شدی شه‌عبی له‌ شنگال، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ی بۆچونی هێزه‌كانی نزیك له‌ په‌كه‌كه‌، دژی ره‌وانه‌كردنی پۆلیسی فیدراڵی و جێگیركردنیان له‌ قه‌زاكه‌دا نین.

هێزێكی پۆلیسی فیدراڵی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق، كە ژمارەیان لەسەروی دوو هەزار كەسە، 19ی تشرینی دوه‌م له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ ره‌وانه‌ی شنگال كران، ئه‌وه‌ش بۆته‌ جێی ناكۆكی هێزه‌كانی ئێستای نێو قه‌زاكه‌.

حه‌سو ئیبراهیم، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ به‌ناوی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)ـیشه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن –به‌ نزیك له‌ په‌كه‌كه‌ هه‌ژمار ده‌كرێن- به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "شنگال پێویستی به‌ هاتنی هيچ هێزێك نییه،‌ بارودۆخی شنگال ئارامه‌، به‌ڵام به‌ هاتنی هێزێكی پۆلیسی فیدراڵی دۆخه‌كه‌ تێكده‌چێت".

یه‌به‌شه‌ و ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری له‌ دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شنگاله‌وه‌ له‌ قه‌زاكه‌دا جێگیربون.

"هاتنی ئه‌و هێزه‌ له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی به‌غدا و هه‌رێمه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش پلانێكی ترسناكه‌ بۆ شنگال و دژی هاتنی ئه‌و هێزه‌ین".

حه‌سو ئیبراهیم ده‌ڵێت به‌شێك له‌و هێزه‌ به‌ نیازبون بچنه‌ چیای شنگال، "ئێمه‌ش رازی نابین و باره‌گاكانی خۆمان بۆ ئه‌وان چۆڵناكه‌ین، ئه‌گه‌ریش به‌زۆر ده‌رمانبكه‌ن، ئه‌وا به‌رگری ده‌كه‌ین".

هێزه‌كه‌ی پۆلیسی فیدراڵی بەشێكیان لە دەوروبەری قەزاكە و بەشێكی تریان لە سنوری عیراق – سوریا جێگیربون.

snwneshngal-ibrahim-ezidi-1
نه‌ینه‌وا، 2020، بازگه‌یه‌كی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ ناوه‌ندی ناحیه‌ی سنونێ له‌ قه‌زای شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

خال عه‌لی، فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو )ی وت "هاتنى ئه‌و هێزه‌یه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غداوه‌ نییه،‌ ئه‌وان هاتون بۆ سنوری عیراق و سوریا، ئه‌مه‌ش شتێكی زۆر ئاساییه‌، چونكه‌ شنگال سه‌ر به‌عیراقه‌ و حكومه‌تی عیراق هه‌ر كاتێك بیه‌وێت هێز بۆ شارێك یان ناوچه‌یه‌كی خۆی بنێرێت ئاساییه‌".

رێككه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ تشرینی مانگی رابردودا واژۆكراوه‌ بۆ پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی نوێ و رێكخستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زای شنگال، به‌ڵام له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی ئێزیدییه‌كانی شنگال، به‌ تایبه‌ت هێزه‌كانی ناو قه‌زاكه‌وه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌.

ليوا ته‌حسین خه‌فاجی، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ عیراق وتی "ئه‌ركی هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی له‌ شنگال گرتنه‌ده‌ستی دۆسیه‌ی ئه‌منی ناو قه‌زاكه‌ و جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی شنگاله‌".

به‌وته‌ی لیوا ته‌حسین بۆ كه‌ناڵی عیراقییه‌ی نیمچه‌فه‌رمی، له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنه‌دا، ته‌نیا هێزی سه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵی له‌ناو شنگالدا جێگیرده‌بن، "هیچ هێزێكی دیكه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ و ئه‌وانیتر ناچنه‌ ناو قه‌زاكه‌ و ته‌نیا ئاڵای عیراقیش هه‌ڵده‌كرێت".

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، جگه‌ له‌ پۆلیسی فیدراڵی زیاتر له‌ پێنج هێزی چه‌كداری جیاواز له‌ شنگال هه‌ن له‌ نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی، یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)، پۆلیسی ناوخۆیی، سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌ی ئێزیدخان.

فه‌هد حامد، قايمقامی قه‌زای شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "پێشتر له‌ هاتنی ئه‌و هێزه‌ ئاگادارنه‌كراوینه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ جارێ نازانین بۆچی و ئامانج له‌ هاتنیان چییه‌، ته‌نیا هێنده‌ ده‌زانین له‌ سه‌رسنور و به‌شێكیشیان له‌ ناحیه‌ی سنونێ جێگیربون".

لەئێستادا قەزای شنگال دوو قایمقامی هەیە، مەحما خەلیل –سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان- لە پارێزگای دهۆك دادەنیشیت و فەهد حامد، لەناو شنگال جێگیره‌ و خۆی وەكو قایمقامی شنگال دەناسێنێت.

قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای موسڵ و له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، به‌ڵام ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی  فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT